کۆمەڵەی کۆمەڵناسان و دەروونناسانی کوردستان

كۆمه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵناسان و ده‌روونناسانی كودستان كۆمه‌ڵه‌یه‌كی پیشه‌ییه‌، به‌ گوێره‌ی یاسا به‌ركاره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی 2004 دامه‌زراوه‌.

ئامانجه‌كان:

هه‌موو كۆمه‌ڵه‌ و سه‌ندیكایه‌كی پیشه‌یی ئامانجه‌كانی دیارییكراون، كه‌ بریتییه‌ له‌ هه‌وڵدان و كاركردن بۆ مافه‌كانی ئه‌و توێژه‌ی كه‌ ئه‌ندامێیه‌تی، كه‌واته‌ ئامانجه‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌شمان برییتیه‌ له‌:

  1. هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆشنبیری ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی تاك له‌ كۆمه‌ڵگادا به‌رز بكرێته‌وه‌، له‌ ڕێگای به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای ئه‌ندامه‌كانمان كه‌ خزمه‌تی كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن.
  2. كاركردن بۆ ئه‌وه‌ی مافی ئه‌ندامه‌كانی ده‌سته‌به‌ر بكات، له‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه‌.
  3. كاركردن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌كانی بتوانن له‌ چوارچێوه‌ی ئامانجه‌كان سوود له‌ تواناكانییان وه‌ربگیرێت.
  4. به‌رزكردنه‌وه‌ی توانا و لێهاتووی توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی له‌ قوتابخانه‌كان، هاوكات توێژه‌رانی وه‌زاره‌تی كار و دا و ته‌ندرووستی و داموده‌ستگه‌كانی دیكه‌.
  5. دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێكی گوونجاو بۆ به‌گه‌ڕخستنی توانای ئه‌و توێژه‌رانه‌ی كه‌ دانه‌مه‌زراون.

سنوری كاره‌كانی:

له‌ زاخۆوه‌ تا خانه‌قین، سنووری كاره‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵناسان و ده‌روونناسانی كوردستانه‌، له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستان ئه‌ندامی هه‌یه‌.

ئه‌و پسپۆڕییانه‌ی ده‌توانن ببنه‌ ئه‌ندام:

  • كۆمه‌ڵناسی
  • ده‌روونناسی
  • كاری كۆمه‌ڵایه‌تی
  • كلینیكه‌ڵ سایكۆلۆژی

تێبینی/ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رچووی هه‌ر یه‌كێك له‌م به‌شانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ببنه‌ ئه‌ندام و ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵه‌یان بۆ ده‌ربكرێت، ده‌بێ پشتگیرییه‌كی زانستیان هه‌بێ.

ئه‌ركی ئه‌ندامان:

-په‌ره‌دان به‌تواناكانیان و خزمه‌تگه‌یاندن به‌هاونیشتیمانیان.

–  بتوانن ‌له‌بواره‌كه‌ی خۆیاندا كاری بێوێنه‌ ئه‌نجامبدن و ، خزمه‌تی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ هاووڵاتیان بكه‌ن.

-به‌هه‌ستكردن به‌لێپسراویه‌تی نشتیمانییه‌وه‌، كاری پیشه‌یی خۆی بكات و خزمه‌تی هاووڵاتیان به‌بێ جیاوازی بكات.

شێوه‌ی ئیداره‌دانی كۆمه‌ڵه‌:

له‌ ڕێگای ئه‌و به‌خشینانه‌ی وه‌ریده‌گرێت كاره‌كانی ڕاده‌په‌رێنێت.

چالاكییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌:

له‌بواری خول و وۆرك شۆپدا:

یه‌كه‌م: نزیكه‌ی 15 خولی جۆراو جۆری بۆ توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی له‌ قوتابخانه‌كان ئه‌نجامداوه‌، كه‌ چه‌ندین مامۆستای پسپۆری كۆمه‌ڵناسی و ده‌روونی وانه‌یان تیایدا گوتووه‌ته‌وه‌، نزیكه‌ی 1800 توێژه‌ری قوتابخانه‌كان تیایدا سوودمه‌ند بوون.

دووه‌م: پێنج خولی جۆراو جۆری بۆ توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی له‌ چاكسازی ژنان و منداڵان و گه‌وران سازداوه‌، كه‌ چه‌ندین پسپۆری جیاجیا وانه‌كانیان تیایدا گوتووه‌ته‌وه‌، نزیكه‌ی 80 توێژه‌ر تیایدا سوودمه‌ند بوونه‌.

سێیه‌م: دوو خولی بۆ توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی دانه‌مه‌زراو كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ تیایدا چه‌ندین وانه‌ی جیاجیا له‌سه‌ر كاری توێژه‌ری گووتراوه‌ته‌وه‌.

له‌بواری چاپه‌مه‌نیدا:

كۆمه‌ڵه‌كه‌مان به‌پێی به‌رنامه‌ی ساڵانه‌ی خۆی چه‌ندین كتێب و نامیلكه‌ی جیاجیایی كۆمه‌ڵناسی و ده‌روونی چاپ ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌ دوو ئامانج:

یه‌كه‌م: چاپكردنی ئه‌و كتێبانه‌ی له‌بواره‌كانی كۆمه‌ڵناسی و ده‌روونی پێویستن ، ئه‌مه‌ش به‌گه‌ڕخستنی تواناكانی مامۆستایان و توێژه‌ران و هاوكات سوودمه‌ندبوونی خوێنه‌ران و توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونییه‌.

دووه‌م: ئه‌م هه‌نگاوه‌ هه‌م چالاكییه‌كی باشه‌، هاوكات به‌شێك له‌پاره‌ی چاپ بۆ كۆمه‌ڵه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

بڵاوكراوهكانی كۆمه‌ڵه‌:

1.بنه‌ڕه‌ته‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، د.حه‌مید عه‌زیز، 2009.

  1. ده‌ پرسیار له‌ ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵناسیه‌وه‌‌، جوئێل شارۆن، و: هه‌ورامان فریق، 2009.
  2. ڕه‌خنه‌ی هزری كۆمه‌ڵایه‌تی هاوچه‌رخ، د.معن خلیل، و: شه‌هلا وه‌لی جبار، 2009.
  3. سياسه‌ت، كۆمه‌ڵناسی و تیۆری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌نتۆنی گیدنز، و: دانا شوانی، 2012.
  4. ڕۆڵی توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی له‌ قوتابخانه‌كاندا، كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر، 2013.
  5. ڕێبه‌ری كاری توێژه‌ری ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ قوتابخانه‌كاندا، كۆمه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵناسان و ده‌روونناسانی كوردستان –وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، 2015.
  6. په‌روه‌رده‌ له‌تێهزرینی كۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسییه‌وه‌، كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر،2015.
  7. كولتوور و سیاسه‌ت- ڕه‌هه‌نده‌گانی گۆڕانی كولتووری له‌ سیسته‌می سیاسیدا، جه‌بار قادر ئه‌حمه‌د، 2015.
  8. تیۆری هاوچه‌رخ له‌كۆمه‌ڵناسیدا، د.تاهیر حه‌سۆ زێباری، 2017.

10.بنچینییه‌كانی ئه‌نترۆپۆلۆژیای گشتی، د.محمد شوانی، 2017

  1. بیبلیۆگرافیای توێژینه‌وه‌ كۆمه‌ڵناسییه‌كان- (ماسته‌ر ودكتۆرا)، ئا: د.عزالدین عبدالسمد رسول، 2018.
  2. كه‌سێتی و خۆشه‌ویستی و خود، سامان سیوه‌یلی،2018.
  3. ده‌ ژماره‌ له‌ گۆڤاری كۆمه‌ڵناسی.

چالاكییه‌كانی دیكه‌:

  • به‌هه‌وڵ و كۆششی كۆمه‌ڵه‌ یه‌كه‌ی توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی له‌ په‌روه‌رده‌ی گشتی هه‌ولێر دامه‌زراوه‌، كه‌ كۆمه‌ڵه‌ هاوكارێكی سه‌ره‌كی دامه‌زراندن و ڕێكخستنی كاروباره‌كانی بووه‌، كه‌ ئه‌م یه‌كه‌یه‌ پاڵپشتییه‌كی مه‌عنه‌وی به‌هێزی توێژه‌رانه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و داوزاكارییه‌كانیان.
  • سازدانی كۆڕ و سیمنار له‌ناو قوتابخانه‌كاندا، به‌مه‌به‌ستی زیاتر به‌ره‌وپێشبردنی تواناكانیتوێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی له‌ناو قوتابخانه‌كاندا، ئه‌مه‌ش به‌هاوكاری ئه‌و مامۆستا و پسپۆرانه‌ی بواری كۆمه‌ڵناسی و ده‌روونی و فه‌لسه‌فه‌ ئه‌نجامدراون.
  • به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵمه‌تی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شودانی كچانی پێشوه‌خته‌، 64 توێژه‌ری قوتابخانه‌كان به‌شداربوون، ئه‌مه‌ش به‌ مه‌به‌ستی كه‌مردنه‌وه‌ی به‌شوودانی كچانی خوار ته‌مه‌ن هه‌ژده‌ ساڵ بوو، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ به‌شێك له‌قوتابخانه‌كان له‌ ئێستادا به‌ڕوونی ده‌بیندرێت، یه‌كێكه‌ له‌كێشه‌ زه‌قه‌كانی ناوه‌نده‌كانی خوێندن و تائێستا ئه‌م دیارده‌یه‌ بوونی ماوه‌. ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ له‌ 10/4/2017 تا ماوه‌ی یه‌ك مانگ به‌رده‌وام بووه‌.
  • هه‌ڵمه‌تی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شوودان له‌ناوه‌نده‌كانی خوێندندا، ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ به‌هاوبه‌شی ب. تووندوتیژى دژى ژنان، سەنتەرى ڕاوێژکارى خێزان ئه‌نجامدرابوو، له‌ 1/9 تا 10/9 به‌رده‌وامبوو.
  • دارشتن و نووسینی په‌یمانی ڕه‌وشتی بۆ ڕێنمایكارانی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ لایه‌ن ستافی كۆمه‌ڵه‌ به‌هاوكاری چه‌ند مامۆستایه‌كی زانكۆ، وابڕیاره‌ ئه‌م په‌یمانه‌ به‌هاوكاری چه‌ند ڕێكخراوێكی ناحكوومی دیكه‌ گفتوگۆی بكرێت و دواتر ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت. ئاماده‌كردنی پرۆژه‌ی ڕاوێژكاری ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی،  ئامانج لێی  كردنه‌وه‌ی نۆرینگەیه‌، ئه‌م نۆرینگه‌یه‌  بریتیە لە ئۆفیسێکی سەربەخۆ کە توێژەرێکی کۆمەڵایەتی یان ده‌روونی  بەڕێوەی دەبات بۆ مەبەستی هاوکاریکردنی خەڵکی لە ڕێنماییكردن و چارەسەرکردنی گرفتە (کۆمەڵایەتی – ده‌روونیی- خێزانی-په‌روه‌رده‌یی)ـییه‌كان. ئه‌م هه‌نگاوه‌ ئاماده‌سازیی بۆكراوه‌ و له‌ئاینده‌دا له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كات، بۆ خستنه‌ڕووی ورده‌كاری پرۆژه‌وكه‌ و پێشكه‌شكردنی به‌ په‌رله‌مانی كوردستان.
  • له‌ ئاینده‌دا كار بۆدرووستكردنی وێبسایتێكی تایبه‌ت به‌خۆی ده‌دات، كه‌ تیایدا زانیاریی باش له‌سه‌ر كۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی و ڕێنمایی كار و ئه‌نترۆپۆلۆژیا ده‌خاته‌ ڕوو.
  • له‌ ساڵی 2014ـدا كۆمه‌ڵه‌ هه‌ستا به‌ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی، تایبه‌ت به‌كێشه‌كانی توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی له‌ قوتابخانه‌كاندا، دواجار چه‌ندین ده‌رئه‌نجامی خسته‌ڕوو و له‌گه‌ڵ پێشنیاز و ڕاسپارده‌كان، پێشكه‌شی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد، كه‌ ئه‌م توێژینه‌وه‌ بووه‌ هۆكاری چه‌ندین بڕیاری وه‌زیری په‌روه‌رده‌ بۆ پشتگیریكردنی كاری توێژه‌ران له‌ قوتابخانه‌كاندا.
  • له‌ماوه‌ی ئه‌و 11 مانگه‌دا، هه‌وڵه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ بۆ دامه‌زراندنی توێژه‌ران له‌ داموده‌ستگه‌كانی ناحكوومی به‌رده‌وام بووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگای په‌ره‌دان به‌توانا و لێهاتووه‌كانیان و به‌گه‌رخستنی تواناكانیان به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندرووست، له‌ڕێگه‌ی ڕێكخراوه‌ ناحكوومییه‌ بیانییه‌كانه‌وه‌ زیاتر له‌ 165 توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی  به‌ شێوه‌ی گرێبه‌ستی كاتی كاریان ده‌ست كه‌وتووه‌،  ئه‌م هه‌نگاوه‌ش به‌هه‌ماهه‌نگی ئێمه‌ بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێكخراوانه‌.