تاقيكردنه‌وه‌كانى قوتابخانه‌، نيعمه‌ته‌ نه‌وه‌ك نه‌گبه‌ت

دانا سه‌لام/ رێنماییكاری ده‌روونی

ئێمه‌ هه‌موومان ده‌بێت به‌ تاقيكردنه‌وه‌كانمان زۆر دڵخۆشبين، چونكه‌ به‌شێك له‌ توانا و لێهاتووييه‌كانمان بۆ به‌ده‌ر‌ده‌خات.

تاقیكردنه‌وه‌كانی خولی دووه‌م، وا نزیك ده‌بێته‌وه‌‌، دووباره‌ قوتاببیان ده‌بێ خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن بۆ ئه‌و تاقیكردنه‌وانه‌، ئاماده‌كارییه‌كان ده‌بێ بكرێنه‌ دوو به‌ش، به‌شێك ئێستا كه‌ ده‌بێ به‌باشی كاته‌كانییان رێكبخه‌ن و وانه‌كان دووباره‌ بخوێننه‌وه‌، به‌شێكی تریش بۆ كاتی ناو هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌كانه‌، كه‌ ده‌بێ چی بكن و چی نه‌كه‌ن. ئێمه‌ لێره‌ هه‌ندێ رێنمایی ده‌خه‌ینه‌ روو.

پێویسته‌ قوتابى له‌وه‌ بگات كه‌ ئه‌ركه‌ هه‌ره‌ زۆره‌كه‌ له‌سه‌ر شانى ئه‌وه‌ و پێويسته‌ كه‌ به‌ وريايى و لێزانييه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ تاقيكردنه‌وه‌كان بكات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێويسته‌ هيچ جۆره‌ ترسێكى له‌ تاقيكردنه‌وه‌كان نه‌بێت و به‌ شتێكى زۆر جياواز و تازه‌ى نه‌زانێت، به‌ڵكو ئه‌و به‌درێژايى ژيانى خوێندنى ده‌يان تاقيكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامداوه‌ و ئه‌مه‌ش يه‌كێكيتره‌ له‌ تاقيكردنه‌وه‌كانى. پاشان قوتابى بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به‌ شێوه‌يه‌كى سه‌ركه‌وتوو تاقيكردنه‌وه‌كانى ئه‌نجامبدات پێويسته‌ ره‌چاوى ئه‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌ بكات:

  1. متمانه‌ به‌خۆبوون، متمانه‌به‌خۆبوون، متمانه‌به‌خۆبوون.
  2. هه‌وڵبدات نه‌ زۆر زوو بچێته‌ قوتابخانه‌، نه‌زۆريش دره‌نگ بچێت. كاتێكى وا بچێت ڕاسته‌وخۆ ده‌رگاى هۆڵه‌كان بكرێنه‌وه‌ و بچێته‌ هۆڵه‌كان. نه‌وه‌ك ماوه‌يه‌كى زوو بچێت له‌به‌ر ده‌رگا له‌ چاوه‌ڕوانیدا بێت.
  3. دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ وشه‌ى ناعه‌قڵانى وه‌ك (ده‌رناچم، نازانم، خراپم)، بێژه‌ (ده‌رده‌چم، سه‌ركه‌وتوو ده‌بم، ده‌زانم).
  4. پاراستنى ئارامى و هێمنى هۆڵ، چونكه‌ هه‌ر ژاوه‌ژاوێك كاريگه‌رى خراپى له‌سه‌ر هه‌موو قوتابيه‌كان هه‌يه‌.
  5. پێويسته‌ هه‌موو پرسياره‌كان به‌وردى بخوێنيته‌وه‌.
  6. تێگه‌يشتن له‌ پرسياره‌كان و په‌له‌ نه‌كردن له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌يان.
  7. وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسياره‌ ئاسانه‌كان دواتر گرانه‌كان.
  8. هه‌ر شتێكت نه‌زانى به‌ هێمنى و له‌سه‌ر خۆيى به‌بێ ئه‌وه‌ى هۆله‌كه‌ بشێوێنى ده‌ستت هه‌ڵبڕه‌ و پرسيار له‌ مامۆستاى بابه‌ت بكه‌.
  9. ئه‌گه‌ر دووچارى هه‌ر ترس و دڵه‌ڕاوكێيه‌ك بوويته‌وه‌، بووه‌ هۆى هه‌راسانيت، ئه‌وا هه‌وڵبده‌ خۆت هێوربكه‌یته‌وه‌.
  10. پشت به‌خۆت ببه‌سته‌ نه‌وه‌كو كه‌سانى تر يان په‌نا بردن بۆ كزى كردن.
  11. شێوازى دانيشتنه‌كانت ڕێكبخه‌ و به‌و جۆره‌ى ئاسووده‌يت دانيشه‌.
  12. ماوه‌ ماوه‌ ده‌رفه‌ت به‌ خۆت و به‌ مێشكت بده‌ و يه‌ك دوو هه‌ناسه‌ى قووڵ هه‌ڵكێشه‌ بۆ ئارمبوونه‌وه‌ و خاوبوونه‌وه‌ت.

ئه‌م كارانه‌ له‌ كاتى تاقيكردنه‌وه‌كان ئه‌نجامبده‌، پاش وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسياره‌كان ئه‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌ جێبه‌جێ بكه‌:

  1. كه‌ له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسياره‌كان ته‌واو بوويت، بۆ ماوه‌ی دوو بۆ سێ خوله‌ك كاغه‌زى وه‌ڵامى پرسياره‌كانت هه‌ڵگێڕه‌ و پشوويه‌ك بده‌.
  2. دواتر به‌ ئارامى و له‌سه‌ره‌خۆييه‌وه‌ وه‌ڵام به‌ وه‌ڵام سه‌رجه‌ميان به‌راووردى پرسياره‌كان بكه‌، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ته‌واوى وه‌ڵامه‌كان دڵنيا بيته‌وه‌، دواتر هه‌ر كه‌موكوڕى و هه‌ڵه‌يه‌كت بينى ڕاستى بكه‌ره‌وه‌، كه‌ ته‌واو دڵنيا بوويت له‌ وه‌ڵامى دروستى پرسياره‌كان ئينجا په‌ڕاوى وه‌ڵامه‌كانت بده‌ره‌ ده‌ستى مامۆستاى چاودێرت و خوات له‌گه‌ڵ، بڕۆ له‌ ماڵه‌وه‌ پشوويه‌ك بده‌ و خۆت بۆ تاقيكردنه‌وه‌ى داهاتوو ئاماده‌بكه‌.
كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

چۆن لە خوێندن و تاقیکردنەوەی سەرکەوتوو دەبین (A، B، C)

شوان خالید/ توێژه‌ر A، رێنمایی تەندروست بۆ کاتی خوێندنی قوتابی ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ سك خاڵییه‌ …