په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ

دانا سه‌لام؛ رێنماییكاری ده‌روونی

په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ؛ واته‌ پرۆسه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ له‌دایكبوونه‌وه‌ تا پێگه‌یشتوویی، له‌م ماوه‌یه‌دا ده‌بێ پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی لایه‌نی جه‌سته‌یی، ده‌روونی ، ژیری، هه‌روه‌ها هه‌ست كردن به‌ ئاسایشی ده‌روونی و جه‌سته‌یی بۆ دابین بكرێت. له‌پاڵ ئه‌م پێداویستیانه‌ دایك و باوكان پاداشت و سزا به‌كارده‌هێنن، به‌ئامانجی په‌روه‌رده‌كردن، هه‌ر چه‌نده‌ سزادان شێوازێكی گونجاو و په‌روه‌رده‌یی نییه‌.

چه‌ند ئامرازێك بۆ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ:

یه‌كه‌م/ پێدانی كات و گرنگی پێدان:

ده‌بێ به‌خێوكاران كاتێكی ته‌واو بۆ منداڵه‌كانییان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی گوێیان بۆ بگرن و پێداویستییه‌ ده‌روونیه‌كانیان پڕبكه‌نه‌وه‌، سۆزی خۆیان بۆ به‌رده‌ربخه‌ن، هاوكاریان بكه‌ن له‌ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانیان. پێویسته‌ له‌م كاته‌دا به‌خێوكاران خۆیان له‌هه‌موو جۆره‌ ئامێرێكی ته‌كنه‌لۆژی و سه‌رقاڵكه‌ر دووربخه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ هه‌ست به‌ گرنگی پێدانی ته‌واو بكات.

دووه‌م/  ده‌سته‌به‌ركردنی خواردنی ته‌ندروست:

پێویسته‌ به‌خێوكاران خواردنی ته‌ندروست و گونجاو بۆ منداڵه‌كانییان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، له‌ خواردنی پیس و خراپ دووریان بخه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێ منداڵان له‌ خواردنی خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان و زۆر شیرینی خواردن بپارێزن.

سێیه‌م/ خه‌وی پێویست:

ده‌بێ ئه‌و كاته‌ بۆ منداڵ بڕه‌خسێنرێت كه‌ بتوانێ خه‌وی ته‌واو بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ به‌ته‌واوی گه‌شه‌ بكات، چونكه‌ زۆربه‌ی گه‌شه‌ی منداڵ له‌ كاتی خه‌و دایه‌. ده‌بێ ئاگاداری ئه‌وه‌ش بین كه‌ هه‌ر ته‌مه‌نه‌ و پێویستی به‌ كاتێكی دیاریكراو هه‌یه‌، كه‌ پێوسته‌ بخه‌وێت.

چواره‌م/ دروستكردنی په‌یوه‌ندی:

ده‌بێ منداڵان هانبدرێن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له‌گه‌ڵ منداڵانی تر په‌یوه‌ندی باش دروست بكه‌ن و به‌شداری چالاكییه‌كان بكه‌ن، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئاسووده‌یی و هه‌ستكردن به‌ متمانه‌به‌خۆبوون.

له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا ده‌بێ خێزانه‌كان هاوكاری منداڵه‌كانییان بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كانیان، ژینگه‌ و بارودۆخێكی گونجاو له‌ماڵدا دروست بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌مه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر منداڵ هه‌یه‌. پێویسته‌ خێزانه‌كان له‌ هاواركردن و تۆڵه‌كردن و سزادانی منداڵه‌كاییان دووربكه‌ونه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی منداڵه‌كانییان لاواز نه‌بێ. به‌رده‌وام خێزانه‌كان هه‌وڵی ئاراسته‌كردن و پیشاندانی رێگا باشه‌كان بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانییان په‌یڕه‌وی بكه‌ن.

كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

منداڵانی پۆلی یەکەم بەقوتابخانە مەترسێنن

ئا؛ ئاکۆ محمدامین/ ت: کۆمەڵایەتی زۆرجار هەندێک لە خێزانەکان کە منداڵەکەیان بۆ یەکەمجار دەچێتە قوتابخانە …