شه‌رمنی لای منداڵان

و؛ دانا سه‌لام/ رێنماییكاری ده‌روونی

هه‌ندێك پێیان وایه‌، شه‌رمنی شتێكی ئاساییه‌ و به‌شێكه‌ له‌ پڕۆسه‌ی گه‌شه‌ له‌لای منداڵان. له‌ هه‌ندێ له‌ منداڵدا ئه‌و شه‌رمن نییه‌ ده‌بێته‌ كێشه‌ و كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی متمانه‌به‌خۆبوون و رێزگرتن له‌ خوی. ئه‌گه‌ر شه‌رمنی زیاد له‌ پێویست بوو ئه‌وا ده‌بێته‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م په‌یوه‌ندییه‌كانی منداڵه‌كه‌ و سنورداركردنی په‌یوه‌ندی و چالاكییه‌كانی منداڵه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر.

ئه‌و منداڵانه‌ی شه‌رمنن دووچاری كه‌متوانایی ده‌بن له‌ وه‌رگرتن و به‌خشین له‌گه‌ڵ (ده‌وروبه‌ری، هاوڕێیانی قوتابخانه‌ی و منداڵانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی) هه‌روه‌ها شه‌رمنی ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ هه‌ست به‌كه‌می بكات كاتێك خۆی به‌ منداڵانی تر به‌راورد ده‌كات.

به‌گوێره‌ی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی كراون، شه‌رمنی له‌لای منداڵانی كچ زۆرتره‌ له‌چاو منداڵانی كوڕ، ئه‌مه‌ش زۆرجار بۆ ئه‌و نۆڕم و كه‌لتووره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ منداڵه‌ كچه‌كه‌ی تێدا ده‌ژیت.

شه‌رمنی و ساڵانی ته‌مه‌نی منداڵی

منداڵان له‌ ته‌مه‌نی یه‌ك ساڵی، ساڵ و نیوی و دوو ساڵی حه‌ز به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ پێش كه‌سانی تر قسه‌ بكه‌ن، ده‌یانه‌وێت ئه‌وان له‌لایه‌ن ده‌وروبه‌رییانه‌وه‌ ببنه‌‌ جێگای سه‌رنج، سه‌رنجی ده‌وروبه‌ر رابكێشن، به‌ڵام كاتێك له‌لایه‌ن ده‌وروبه‌رییانه‌وه‌ به‌توڕه‌ییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت یان هیچ جۆره‌ كارانه‌وه‌یه‌كیان بۆ ده‌رنابڕدرێت ئه‌وا هه‌ستی شه‌رمنی لای دروست ده‌كات.

منداڵانی ته‌مه‌ن (3 بۆ5) ساڵان شه‌رمیان له‌ بۆچوون و هه‌ڵسه‌نگاندنی كه‌سانی تر هه‌یه‌، ئه‌وان نایانه‌وێ كه‌سانی تر هه‌ڵسه‌نگاندیان بۆ بكه‌ن، ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ زۆرجار تووشی شه‌رمیان ده‌كات. ئه‌و هه‌ستكردنه‌ی منداڵ كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی وه‌رگرتن و فێربوونی شاره‌زاییه‌كانی ژیان و په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ كه‌سانی تر هه‌یه‌، بۆیه‌ زۆرجار ده‌بینین كه‌ منداڵان تێكه‌ڵاو بوون، یاریكردن، چونه‌ قوتابخانه‌ و سه‌ردانییه‌كان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

هه‌ندێ له‌ منداڵانی ته‌مه‌ن (6 بۆ 9) شه‌رمنی به‌جۆرێكی تردا تیایاندا به‌ده‌رده‌كه‌وێت و جیاوازن له‌كه‌سانی تر، كاتێك له‌ رووی باڵا، درێژی، باریكی، قه‌ڵه‌وی و لاوازییه‌وه‌ به‌ كه‌سانی تر به‌راود بكرێت. هه‌روه‌ها له‌ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریشدا شه‌رمنی به‌جۆرێكی تر خۆی ده‌رده‌خات كه‌ ئه‌و منداڵانه‌ی تازه‌ پێده‌گه‌ن (باڵغ) ده‌بن، به‌هۆی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ فسیۆلۆژیی و هۆڕمۆنییانه‌ی به‌سه‌ریاندا دێت شه‌رم دایانده‌گرێت، بۆیه‌ زۆرجار له‌ قه‌ره‌باڵغی دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌ و حه‌ز به‌ته‌نیای ده‌كه‌ن.

سیفاته‌كانی منداڵانی شه‌رمن

له‌ گرنگترین ئه‌و سیفه‌تانه‌ی منداڵانی شه‌رمن هه‌یانه‌ بریتین له‌:

  1. زۆر هه‌ستیاری.
  2. لاوازی كه‌سایه‌تی.
  3. كه‌می متمانه‌به‌خۆبوون.
  4. حه‌ز كردن له‌ ته‌نیایی و دووره‌په‌ڕێزی.
  5. راڕایی له‌ بڕیاردان.
  6. ترسان له‌ ره‌خنه‌ی كه‌سانی تر.

هۆكاره‌كانی شه‌رمنی:

  1. په‌روه‌رده‌ی هه‌ڵه‌ له‌لایه‌ن خێزانه‌كانه‌وه‌؛ هه‌ندێ له‌ خێزانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی منداڵه‌كانیان په‌روه‌رده‌ ناكه‌ن، به‌رده‌وام له‌ ترسی چاوپیسی و كه‌سانی چاوی كه‌سانی تر منداڵه‌كانییان له‌ قه‌ره‌باڵغی دوور ده‌خه‌نه‌وه‌.
  2. هه‌ژاری خێزانی منداڵه‌كان؛ هه‌ندێ له‌ خێزانه‌كان له‌ رووی داراییه‌وه‌ هه‌ژارن ناتوانن جلوبه‌رگی نوێ و سه‌رده‌می بۆ منداڵه‌كانییان دابین بكه‌ن، ئه‌مه‌ش لای منداڵه‌كان شه‌رمێك دروست ده‌كات و تێكه‌ڵاوی كه‌سانی تر نابن.
  3. كه‌مئه‌ندامی جه‌سته‌یی؛ هه‌ندێك له‌ منداڵه‌كان كێشه‌یه‌كی جه‌ستییان هه‌یه‌ یان كێشه‌یان له‌ قسه‌كردن و ده‌ربڕیندا هه‌یه‌ یان زۆر قه‌ڵه‌ون یان زۆر لاوازن، جۆره‌ شه‌رمێك ‌لایان دروست ده‌بێت و تێكه‌ڵاوی منداڵان نابن.
  4. دواكه‌وتن و ده‌رنه‌چوون له‌ خوێندن؛ زۆجار كێشه‌كانی بواری خوێندنیش ده‌بن به‌ به‌شێك له‌هۆكاری شه‌رمنی بۆ منداڵان.
  5. گاڵته‌ پێكردن و به‌كه‌م سه‌یركردن؛ ئه‌و كاتانه‌ی گاڵته‌ به‌منداڵ ده‌كرێت له‌لایه‌ن ده‌وروبه‌رییه‌وه‌ ئه‌وا ده‌بێته‌ هۆی شه‌رمنی منداڵه‌كه‌.

چاره‌سه‌ری شه‌رمنی

  1. ره‌خساندنی كه‌شێكی ئارام و بێكێشه‌ بۆ منداڵان له‌ناو ماڵدا، به‌راودنه‌كردنی به‌كه‌سانی تر، نه‌خستنه‌ ناو بارودۆخی جه‌نجاڵ، وا نه‌كردن كه‌ منداڵ هه‌ست به‌ دڵه‌ڕاوكێ و ترس بكات.
  2. خێزانه‌كان گرنگی زیاتر به‌ منداڵه‌كانییان بده‌ن و له‌گه‌ڵ خۆیان بیانبه‌ن بۆ شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغ و سه‌ردانه‌كان، هه‌روه‌ها وا بكه‌ن كه‌ منداڵه‌كان بتوانن له‌ پێش كه‌سانی تر قسه‌ بكه‌ن و بۆچوونی خۆیان ده‌رببڕن.
  3. ره‌خساندنی كه‌شێك كه‌ منداڵه‌ هه‌ست به‌خۆشه‌ویستی خۆی بكات له‌لایه‌ن ده‌وروبه‌رییه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی به‌خۆی زیاد ببێت و بتوانێ به‌شداری كاره‌كان بكات.
  4. ئه‌و كاتانه‌ی منداڵ ده‌یه‌وێت قسه‌ بكات و به‌شداری گفتوگۆكانی خێزان بكات ئه‌وا گوێی بۆ بگیرێت، رێز له‌ بۆچوونه‌كانی بگیرێت، له‌سه‌ر قسه‌كردن هانی بدرێت.
  5. هانی منداڵ بدرێت بۆ به‌شداریكردن له‌ یاری و چالاكییه‌كانی گه‌ڕه‌ك و قوتابخانه‌، هه‌روه‌ها یارمه‌تی بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی هاوڕێیه‌تی نوێ ببه‌ستێت.
  6. په‌ره‌ به‌ توانا و حه‌زه‌كانی منداڵ بدرێت، یارمه‌تی بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێ چالاكی و حه‌زه‌كانی تاقیبكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها فێره‌ هه‌ندێ وه‌رزش و جۆری هونه‌ری بكرێت.

سه‌رچاوه‌ گۆڤاری (النفس المطمئنة)

نووسینی؛ د. محمد محمود العطار مامۆستای زانكۆی ئه‌لباحه‌.

كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

کاریگەری ڤیتامین (N) لە پەروەردەی منداڵ

ئامادەکردن؛ احمد صابر پرۆفیسۆر رۆزمۆند، پرۆفیسۆر لە بواری دەروونناسی خێزان لە زانکۆی (parger) لە دیمانەیەکدا …