کێشەی چوونە دەرەوه‌ی شەوانەی هەرزەکاران

محمد جووتیار/ رێنماییكاری ده‌روونی و خێزانی

رەنگە زۆر لە دایکان و باوکان بەدەست چوونە دەرەوەی کوڕەکانیان گرفتار بووبن، ره‌نگه‌ هەرای سەرەکی لەنیوان دایکان و باوکان و هەرزەکارەکان چوونە دەرەوەی كوڕه‌ هەرزەکارەکانیان بێت بۆ دەرەوەی ماڵ و نەگەرانەوەیان تا درەنگانی شەو، بەبی پرسوڕا و گویندان بە ئامۆژگاری وئاگاداركردنه‌وه‌كانی باوک و یاخود دایک.

لە بارودۆخێکی وه‌هادا چۆن مامەڵە له‌گه‌ڵ ئەو کەیسە بکریت باشە؟

ئایە بە لێدان، هەڕەشەکردن و دەرکردنی لەماڵ كێشه‌کە چارەسەر دەبێت؟

بێگومان بە هه‌ڕه‌شه‌ لێکردن، لێدان و دەرکردنی هەرزەکار لەماڵ كێشه‌کە نەوه‌ک چارەسەر نابێت بەلکو ئالۆزتر و گەورەتر دەبێت. هەر وەک دەزانین یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هەرزەکار لەو قۆناغەدا ئەوەیە کە هەرزەکار دەیەوێت بوونی خۆی بسەلمێنێت، وەها خۆی دەرخات کە ئەو کەسێکی سەربەخۆ و بەتوانایە، وا هەستدەکات کە گەیشتۆتە قۆناغی لووتکە له‌ توانای هزری (عقل) و هێزی بازووی خۆی، خۆی زۆر پێ بەهێزە، حەزی لە خۆدەرخستن، رووبەروو بوونەوە و شەڕ و ململانێیە، پێی وایە كه‌سێكی ژیرو دانایە، خۆی باشتر دەتوانێ ێگای خۆی هەڵبژێرێت و بەدوای حەز و ئارەزەکانی خۆیدا بروات، بۆیە پێی خۆش نییە ئامۆژگاری بکرێت و پێی بگووترێت رێگاکەت هەڵەیە، یان پێی بگووترێت تۆ هەڵە دەکەیت، نابی وا برۆیت و وا بکەیت، کاتێک کە بەو شێوەش ئامۆژگاری دەکرێت، هەرزەکار هەست بە هه‌ڕه‌شه‌ لێکردن دەکات، بۆیە کاردانەوەیەکی خراپی دەبێت، ئەگەر راستەوخۆش کاردانەوەکەی نەرێنی نەبێت ئەوە لەناخەوە رقی لەو جۆرە ئامۆژگارییە دەبێت و دژایەتی دەکات. بۆیە پێوستە دایک و باوکان شارەزایی پەیدا بکەن لەسەر تایبەتمەندییەکانی قۆناغی هەرزەکاری، بە شێوەیەکی هونەری و رێگایەکی کارامە و زانستی رووبەرووی رەفتار و گرفتەکانی هەرزەکاران ببنەوە، نەوەک بە هه‌ڕه‌شه‌کردن و لێدان و چاو لێ سوورکردنەوە، بە دڵنیاییەوە هه‌ڕه‌شه‌ لێکردن و لێدان و دەرکردنی هەرزەکار بارودۆخەکە ئالۆزتر دەکات، رەنگە جاری یەکەم وەڵامدانەوەی هه‌ڕه‌شه‌کان کەمێک ئاسایی بێت و هەرزەکارەکە وەڵامێکی توند و شەرانی نەبێت، به‌ڵام بەدڵنیاییەوە بۆ جاری دووەم و سێیەم هه‌ڕه‌شه‌ لە هەرزەکار بکرێت، یاخود لێی بدرێت و زەبرێکی بەر بکەوێت، ئەویش بەهەمان شێوە هه‌ڕه‌شه‌ دەکات و زەبر دەوەشینی، لەو حاڵەتەشدا باوک ناچار دەبێت نەرمی بنوێنی، لەبەر حەیا و کەرامەتی خۆی پێنەزانینی دەوروبەرو، بۆیە لێرەوە هەرزەکارەکە زیاتر خۆدەسەپێنی و حساب بۆ باوک و پێگەی باوکایەتی ناکات، سنووری بەهای خێزانی دەبەزێت و باوک و کوورەکە لێک دەبن بە دووژمنی یەکتری؟

زۆربەی کات باوکەکان لەو بارودۆخەدا تەسلیم دەبن، ئەوکات دەرگا واڵا دەبێت لەبەرەدەم هەرزەکار، شەرم لە باوک ناکات و هەرچیەکی بیەویت ئەوە دەکات.

چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئەو هەرزەکارە بکرێت کە رێز لە قسە و بۆچوونی باوکی دەگریت؟ تا ئێستا نەگەیشتۆتە قۆناغی حساب بۆ نەکردن و شەڕ و ئاڵوزی نێوان دایک باوک و هەرزەکار؟

باشترین شت ئەوەیە کە باوک و دایک خۆشەویستی متمانە ببەخشن بە هەرزەکارەکان، دایکان له‌گه‌ڵ کچە هەرزەکارەکان ببن بە هاوڕێ و بە هەمان شێوە باوکانیش ببنە هاوڕێ و خۆشەویستی کیژە هەرزەکارەکان، کاتێك باوک دەبێتە هاوڕێی کیژە هەرزەکارەکەی و پەیوەندی نیوانیان بەهێز دەبێت، کیژەکە هەست بە متمانە و پاڵپشتیەکی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانیەکی زۆر دەکات، ئەو خۆشەویستیە و رێزەی نێوانیان دەبێتە شوورە و قەڵایەکی بەهێزی مەعنەوی بۆ کیژەکە، دەبێتە مایەی باوەڕبوون بەخۆ و هەستکردن بە هێز و کەسایەتییەکی سەرکەوتوو، بۆیە ئەو کیژانەی کە لە ماڵەوە خۆشەویستن و دایک و باوکی خۆشەوستیان پێدەبەخشن لە دەرەوی ماڵ بە شێوازیکی به‌هێز و خاوەن کەسایەتیەکی بەرز دەردەکەون، خاوەن توانای روبەروبونەوەی كێشه ‌و گرفتەکانی خۆیان دەبێت، رەنگە زۆر گرفت و كێشه‌ بێته‌ سەر رێگایان بە کارامەیی و بەهزی خۆیان روبەرویان ببێتەوە و چارەسەریان بکەن، نەهێلن ماڵەوەش پێی بزانن، به‌ڵام كاتێك باوک لە ماڵەوە نەبێت بەهاوڕێی کیژەکەی خۆشەویستی پێنەبەخشێت و پتشگوێی بخات، رۆژانە لێی نزیک نەبێتەوە و كاتێك دەڕوات بۆ دەرەوی ماڵ و یاخود بۆ قوتابخانە خودا حافیزی لێنەکات. كاتێك کە لە قوتابخانەش دەگەڕێتەوە هەستەکانی کچەکەی نەخوێنێتەوە و لەحاڵی نەپرسیت، ئەو کیژە کەسایەتیەکی لاوازی بۆ دروست دەبێت، لەدەرەوەی ماڵ دەگەرێت بەدوای هاورێیەک یا كه‌سێك، یاخود کورێک کە گرنگی پێبدات و قسەی خۆشی بۆبکات، پێی بڵێت خۆشمدەوێی. بەمشیوە رەنگە تووشی لادان ببێت. بکەوێتە تەڵەی خه‌ڵكانێکی تر.

بەهەمان شێوە كوڕه‌ هەرزەکارەکانیش پێوستیان بە پاڵپشتی خێزانی و خۆشەویستی دایک و باوکیانە، حەز دەکەن دایک و باوک گرنگیان پێبدەن و حساب بۆ توانا و هێزی جەستەیی و ژیریان بکەن، حەز دەکەن راو بۆچوونەکانیان بەهەند وەربگیری و حساب بۆ راکانیان بکریت. لە زۆر شتدا پرسیان پێبکریت، چونکە ئەوان خۆیان هەست بە بەرپرسیارێتی خێزانی دەکەن، پێیان وایە قۆناغی منداڵیان تێپەراندوە و بوون بە پیاو، پێیانوایە دەتوانن زۆر کاری گەورە و مەزن ئەنجامبدەن، پێیانوایە توانای بەرپرسیارێتی و بەڕێوەبردنی بەشێک لە خێزانیان لە ئەستۆیە و دەتوانن ئەنجامیبدەن، بۆیە وا چاوەروان دەکەن باوک ئەو رۆڵەیان پێبدەن، كاتێك هەرزەکار هەستی کرد باوک هەر بەچاوی منداڵی سەیری دەکات، ئەویش بۆ سەلماندنی تواناکانی خۆی و سه‌لماندنی کەسایەتی خۆی هەندی کار و رەفتار دەنوێنێت لە دەرەوەی سنووری کەسایەتی خۆیەتی، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت ئەویش خاوەن توانا و هێز و دەسەڵاتە.

پێوستە باوکان پەیوەندیەکی زۆر به‌هێزی خۆشەویستی و هاوڕێیەتی له‌گه‌ڵ كوڕه‌ هەرزەکارەکانیان ببەستن، ئاگاداری هەستی ناسکی هەرزەکارەکان بن، پێویستە لە زۆر شتدا پرس و راویژ بە كوڕه‌ هەرزەکارەکەیان بکەن، رۆڵیان پێبدەن، کارێک و یان بەرپرساریەتیان بخەنە ژیر دەست، بۆ ئەوەی هەست بە نامۆبوون نەکەن لەماڵ و لەناو خێزاندا، وا هەست نەکەن کە فەرامۆش کراون و هیچ بەهاو رۆڵێکیان نییە لەناو خێزاندا، كاتێك هەرزەکار ئەو هەستەی بۆ دروست دەبێت، بێزار دەبێت لەناو ئەو خێزانەدا، سەری خۆی هەڵدەگرێت و خێزان بەجێدەهێڵێت و دەرواتە دەرەوە و ناو کۆڵان و بازارەکان، لەو شوێنانە هاوڕێکانی خۆی دەدۆزیتەوە، پێکەوە له‌گه‌ڵ هاوڕێکان بۆ ئەو جێگا و شوێنە دەڕۆن کە دڵیان پێی خۆشدەبێت و جەوێکی خۆش بۆخۆیان دروست دەکەن، رەنگە ئەو جەوەی کە هەرزەکار دروستی دەکات لە کافتریا و ئەو جێگا و شوێنانەی ئەوان بۆی دەچن (١٨٠پلە) پێچەوانەی حەز و خواستی باوکان بێت، به‌ڵام بۆ هەرزەکارەکان جەوێکی خۆشە و دورکەوتنەوەیە لە کەش و باردۆخی خێزانەکەی کە حساب بۆ خواست و ئاست و قۆناغی هەرزەکاریەکەیان نەکراوە و بێبەشبوون لە سۆز و خۆشەویستی دایک و باوکیان. پیان وایە خێزان بۆ ئەوان جێگایەک بووە تەنها فەرمانی و نەکردن و قەدەغەکانیان بەسەردا سەپاندون، لەناو خێزانەکەیان رێگری له‌ حەزە سەردەمیەکانیان لێکراوە.

 

چارەسەر

چۆنییەتی کۆنتڕۆڵکردنی هەرزەکار و رێگرتن لە چوونە دەرەوەیان بەبێ پرسی دایک و باوک لەشەوان،

چۆنیه‌تی به‌هێزكردن پەیوەندی نیوان باوکان و هەرزەکاران؟

نزیکبوونەوە و دروستکردنی پەیوەندی نیوان باوان و هەرزەکاران چۆن ده‌بێت؟

هەموو باوکێک دەڵێت (حەز دەکەم كوڕه‌کەم لە خۆم پیاوتر بێت، لەخۆم باشتر بێت، لەخۆم بەناوبانگ تر و پایەدارتر بێت).

زۆر لە باوکان ده‌ڵێن شەو رۆژ ئامۆژگاری كوڕه‌کەم دەکەم، رێگای راستی نیشاندەدەم کەچی ئەو پێچەوانەی خواست و حەزی من دەکات، من چیم پێناخۆشە، كوڕه‌کەم ئەوە دەکات، هەرچییەکم پێخۆشە بیکات ئەو لێی دوور دەکەویتەوە، نازانم چی بکەم لە دەستی؟

زۆر لە باوکان نازانن چۆن له‌گه‌ڵ ئەو بارودۆخەدا هەڵبکەن، لە داخی كوڕه‌کانیان خەریکە خۆیان ماڵ بەجی دەهێڵن، زۆر رێگای توند و نەشیاو له‌گه‌ڵ كوڕه‌کانیان بەکاردەهینن، کەچی ناتوانن كوڕه‌کانیان بهێننە سەر ئەو رێگایەی خۆیان دەیانەوێت، بەڵکو پەیوەندی نێوانیان زۆر بێهێزتر دەبێت و زیاتر لە یەکتری بێزار دەبن، لەیەکتری دوور دەکەونەوە، تادەگاتە ئەو رادەیەیی حەز بەچارەی یەکتری ناکەن و حەز ناکەن یەکتری ببینن.

باوکی ئازیز، ئه‌گەر دەتەوێت كوڕه‌کەت بگۆری پێویسته‌ سەرەتا بەخۆداچوونەوەیەکی تەواو بە شێوازی مامه‌ڵه‌کردن له‌گەڵ هەرزەکارەکەت بکەن، پێویستە خۆت فێری هونەری مامه‌ڵه‌کردن بکەی له‌گه‌ڵ هەرزەکار، بەشداری ئەو خول و سمینارو دیبەتانە بکەی کە سەبارەت بە هەرزەکار دەبەسترێن، پێویسته‌ چەندین بابەتی سەردەمی و کتیب و گۆفار بخوینیتەوە کە دەروونناسی هەرزکاریان تیدا باس کراوە، پێویسته‌ خۆت شارەزای قۆناغەکانی گەشەی هەرزەکاری بکەی، پێویسته‌ بزانی لە قۆناغەکانی هەرزەکاری چەندین گۆرانکاری لە بواری گەشەی دەروونی و بایلۆژی و کۆمەڵایه‌تی لەهەرزەکاردا رودەدات، هەروەها ئەوەش قبووڵ بکەی کە هەرزەکار گەورە بووەوە، نابێت وەک منداڵەکەی جاران مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بکەی، بە هه‌ڕه‌شه‌ و لێدان شتەکانی لێ قەدەغە بکەی.

هەروەها پێویسته‌ دان بە گۆڕانکاری سەردەم و بارودۆخەکان بنێی، بزانی کە ئیستا لە سەردەمی جیهانگیری (عەولەمە)ـدا دەژین، لە سەردەمی ئەمرۆ رۆڵی پەروەردەی خێزانی کاڵ بۆتەوە، منداڵ ئەوەندەی کوری ژینگەی دەرەوەیە ئەوەندە کوڕی خێزانەکەی نییە، ئەوەندەی کاریگەر دەبێت بە لاسایکردنەوەی کەلتوورەکانی بێگانە لە رێگای سۆشیال میدیاوە ئەوەندە پابەندی کەلتور و بەها کۆمەڵایه‌تی و ئاینیەکانی ناو کۆمەڵگەی خۆی نابێت.

کەواتە باوکی ئازیز، پێویسته‌ قبوڵ بارودۆخ و گۆڕانکارییەکان بکەی، پێویسته‌ تۆش شێوازی پەروەردەت بگۆری، كاتێك کە جاران و لەو سەردەمەی کە تۆ هەرزەکار بوویت، باوک بە هه‌ڕه‌شه‌ و ترساندن تۆیان پابەندی پرانسیپە كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینیەکان دەکرد، تۆش پابەند دەبووی و گویرایەڵی راو بۆچوون و ئامۆژگاری باوکت دەکرد، ئیستا بەو جۆرە نییە، لەئیستادا ئەوەندەی هێزی خۆشەوستی کاریگەری هەیە، ئەوەندە لێدان و هه‌ڕه‌شه‌کردن و تەمبی کردن هێز و کاریگەریان نییە، بەڵکو بارودۆخە خێزانیەکە خراپتر دەکەن، بۆیە پێویسته‌ لە سەردەمی ئیستا بژی و سەردەمیانە بیر بکەیتەوە و شێوازی مامه‌ڵه ‌و پەروەردەت بگۆری، ئەو گۆرانەش زۆر ئاسانە، تەنها بەهەڵە زانین و داننان بەو خراپی و نادروستی بەکارهینان و ناچاركردن لە شێوازی پەروەردەی کۆندا  تۆ رزگار دەکات لەو ململانیەی کە له‌گه‌ڵ جگەر گۆشەکەت هەتە، رزگارت دەبێت لە كێشه‌ و ناکۆکی له‌گه‌ڵ كوڕه‌ یا کچە هەرزەکارەکەت.

لە پەروەردەی کۆندا منداڵ تا چەند ساڵی یەکەم لەباوەش دەکراو و ماچ دەکراو نازی پێده‌درا، دواتر کە گەورە دەبوو دەکەوتە بەر هێرش، لێدان، دابران و بێبەش کردن، زۆربەی گەورەکان لە بیرمان نایەت رۆژیک لەرۆژان لە گەورەیدا باوکمان لە باوەشی کردبین و دەستێکی بەسەرماندا هێنا بێت، ماچێکی کردبین، گوایە باوک سام و هەیبەتی هەبوو، کەم باوک هەبوو وەک هاوڕێیەکی خۆشەویست له‌گه‌ڵ هەرزەکارەکە ببێت بە هاوڕێ و یەکتریان خۆشویستبێت، هەموو قسە و باسیکیان له‌گه‌ڵ یەکتری کردبێت، باوک و کوڕ سنوورێکی دووریان لەنیواندا هەبوو، زۆر لە باوکانی ئیستاش هەر بەو سەردەمە مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ منداڵەکانیان دەکەن، هەروەک سەردەمی کۆن پەروەردەی خێزانی پیادە دەکەن، به‌ڵام گەنجی ئەمرۆ گەنجی سەردەمی کۆن نییە، کاریگەری سۆشیال میدیا و پەروەردەی هاوچەرخی لەسەرە، پێویستیەکانی هەرزەکار لەو سەردەمەدا زۆتر و جیاوازترن، بیرکردنەوەی هەرزەکاری ئەو سەردەمە جیاوازە له‌گه‌ڵ بیرکردنەوەی هەرزەکاری سەردەمی کۆن، بۆیە بەربەرەکانی و ململانی نێوان باکان و نەوەکان زۆرتر روو دەدات، زۆرینەی خێزانەکان ئەو ململانی و کێشانەیان هەیە لە نێوان هەرزوەکار و دایکان و باوکاندا.

باوکی ئازیز، ئه‌گەر دەتەوێت كوڕه‌کەت بەگوێت بکات شەو نەڕواتە دەرەوە لەماڵ بەبێ ئیزن و حەزی تۆ، ئه‌وا رەچاوی ئەو چەند خاڵە بکە و جێبەجێیان بکە، دڵنیایی ئەوە ده‌ده‌ین کە كوڕه‌کەت بە گوێت دەکات، بەبێ ئیزن و رای تۆ ناچێتە دەرەوەی ماڵ:

  1. وا باشترە له‌گه‌ڵ كوڕه‌کەت ببێت بەهاوڕێ، خۆت لە پێگەی باوکایەتی دابەزێنه‌ بۆ ئاستی کوڕێکی هەرزه‌کار، شەوانە له‌گه‌ڵ كوڕه‌کەت دابنیشە پیکەوە هەندی یاری وەک (شترەنج، دۆمینە، ….) ئەنجامبدەن. تاکو كوڕه‌کە لە ماڵەوە هەست بەتەنیایی و وەرزی نەکات، لە جیاتی ئەوەی كوڕه‌کە لەتەنیایى وەرزیدا پەنا بۆ هاوڕێکانی ببات، با له‌گه‌ڵ تۆی باوک کاتەکانی بەخۆشی بەسەر ببات.
  2. ئەو رۆژانەی دەڕۆیت بە سەفەر یاخود بۆ گەشتێک سەیارەکەت بدە بە کورکەت، با كوڕه‌کەت شوفێری بکات. (ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تی هه‌یه‌) بەمشیوەیە كوڕه‌کەت هەست بە بوونی خۆی ده‌كات، هەست بە گرنگی پێدان دەکات، هەستدەکات ئەو خاوەن پێگەیە لە ماڵ و فەرامۆش ناکراوە. ئەو هەستە خۆشەویستی نێوان باوک و كوڕه‌کە به‌هێز دەکات، رێز لە پێگەی باوکی دەگرێت، لە قسەی باوک دەرناچێت.
  3. هەمیشە لە کارەکانت راویژ بە كوڕه‌کەت بکە، راو بۆچوونەکانی بە هه‌ند وەربگرە، كاتێك تۆ راویژ بە كوڕه‌کەت دەکەیت ئەو زیاتر دڵسۆزیت بۆ دەنوێنێت، زیاتر متمانەی بۆ دروست دەبێت، خۆشەویستی لە نیوانتان دروست دەێت، هەرگیز لە قسەت دەرناچێت.
  4. با كوڕه‌کەت ژووری تایبەت بەخۆی هەبێت، پێویسته‌ییەکانی بۆ دابین بکە، بەمشیوەیە كوڕه‌کەت هەست بە نرخ و بایەخ و پێگەی خۆی دەکات، به‌ڵام هەوڵبدە زۆرترین کات لە ماڵەوە لێی نزیک بێت، با له‌گه‌ڵ خۆت بێت، كاتێك شەوانە بۆ هەر شوێنێک دەچیت،كوڕه‌کەت له‌گه‌ڵ خۆت ببە، با كوڕه‌کەت وەک راویژکارێک له‌گه‌ڵت بێت بۆ ئەوەی هەست بە بوون و پیگەی خۆی بکات، كاتێکیش لە ماڵەوەیت زۆرترین کاتت تەرخان بکە بۆ دانیشتن و یاریکردن و قسەی خۆشکردن له‌گه‌ڵ كوڕه‌کەت، بۆ ئەوەی هەست بە تەنیایی نەکات، حەزی چوونە دەرەوەی نەبێت، یان لە ئیوارەوە نەچیتە ژوورەکەی خۆی تا بەیانی خەریکی فەیسبۆک و تۆرەکانی تر بێت.
  5. باوکی بەرێز هەر كاتێک گەرایەوە بۆ ماڵ بە جوانترین شێوە سڵاو لە كوڕه‌کەت بکە، لە باوەشی بگرە، ماچی بکە، بۆ ئەوەی كوڕه‌کەت هەست بە گرنگی پێدان سۆزی باوکایەتی بکات، دواتر دەتوانی هانی بدەیت بۆ کاری باش و خوێندن و دروستکردنی داهاتووی باشتر.
كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

چۆنیەتی رازیکردنی منداڵ بۆ ئەوەی خواردن یان میوە بخوات

ته‌نیا به‌دره‌دین/ ده‌رونناس بەشی زۆری دایکان گلەیی ئەوە دەکەن منداڵەکانیان خوادن یان میوە ناخوات. لەگەل …