تەڵەی مشک و چیرۆكێكی په‌ند ئامێز

و؛ ئاکۆ محمدامین

مشک لە درزی دیوارەکەوە سەرێکی دەرهێنا تاکو بزانێت ئەم هەموو دەنگ و هەرایە بۆچیە، پیاوی خاوەن کێڵگە کە تازە لەشار گەڕابویەوە، لەگەڵ خۆیدا کارتۆنێکی هێنابوو، ژنەکەی بەخۆشحاڵیەوە خەریکی کردنەوەی کارتۆنەکە بوو، مشک لێوەکانی لێسایەوەو بەخۆی وت (خۆزگه‌ خواردنێکی باش دەبوو). بەڵام هەرکە کارتۆنەکەیان کردەوە، لەترسا هەموگیانی کەوتە لەرزین؛ چونکە خاوەنی کێڵگەکە تەڵە مشکێکی کڕی بوو. مشک بەخێرایی گەڕایەوە بۆ کێڵگەکە تاکو ئەم هەواڵە تازەیە بە ئاژەڵەکان بدات. ئەو کەدەگەشت بەهەریەکێکیان دەی وت (لەکێڵگەکەدا تەڵە مشکێکیان هێناوە، خاوەن کێڵگەکە تەڵە مشکێکی کڕیوه‌).

مریشک بەبیستنی ئەم هەواڵە باڵەکانی ڕاتەکاندو وتی (بەڕێز مشک، بەداخەوەم بۆت، لەمەوبەدوا دەبێت زۆر ئاگاداری خۆت بیت، بەهەرحاڵ من کارم بەتەڵەی مشک نیە، تەڵە مشکیش هیچ پەیوەندیەکی بەمنەوە نیە)

مەڕ کاتێک هەواڵی تەڵەمشکەکەی بیست، بەدەنگێکی بەرز هاواری کردو وتی (بەڕێز مشک من تەنها دەتوانم بۆت بپاڕێمەوە کەنەبی بەتەڵەوە، چونکە خۆت باش دەزانیت کە تەڵەمشک پەیوەندی بەمنەوە نیە. دڵنیابە کە نزای من پشت و پەنای تۆدەبێت). مشک کەچاوەڕێی هاوخەمی ئاژەڵانی کێڵگەکە بوو، ڕۆشت بەدوای مانگادا، بەڵام مانگاش بەبیستنی هەواڵەکە سەرێکی ڕاوەشاندو وتی (من کە تائێستا نەم بینیوە کەمانگایەک ببێت بەتەڵەی مشکەوە)، مانگا ئەمەی وت و لەژێر لێوەوە بزەیەکی کردو دوبارە سەرقاڵ بویەوە بە لەوەڕکردن.  له‌ئەنجامدا مشک بە نائومێدی لەهەموو شوێنێک، گەڕایەوە بۆکونەکەی خۆیی و لە بیری ئەوەدابو کە ئەگەر ڕۆژێک ببێت بەتەڵە مشکەوە چی دەبێت؟ لەنیوەی هەمان شەودا، دەنگی بەریەککەوتنی شتێک لەماڵەکەدا دەنگی دایەوە. ژنی خاوەن کێڵگەکە دەست بەجێ هەستایە سەرپێ و بەرەو کۆگاکە ڕۆشت تاوەکو مشکەکە ببینێت کەبووە بەتەڵەکەوە، ئەو لەتاریکیدا ئاگادار نەبوو کەئەوەی بە تەڵەمشکەکەوە هەوڵ وتەقالای دەکرد، مشک نەبوو، بەڵکو مارێکی ترسناک بوو، کە کلکی بەتەڵەکەوە گیری ببوو. هەرکە ژنەکە لە تەڵە مشکەکە نزیک بویەوە، مار پێی گەست و دەنگی قیژە و هاوار بەرز بویەوە، خاوەن کێڵگەکە بەبیستنی دەنگی قیژە لەخەو ڕاپەڕی و بەرەو دەنگەکە ڕۆشت، کاتێک ژنەکەی بەم حاڵەوە بینی خێرا گەیاندیە نەخۆشخانە. لەپاش چەند ڕۆژێک، حاڵی ئەو باشتربوو. بەڵام ئەوڕۆژەی کە گەڕایەوە بۆماڵەوە، هێشتا تای هەبوو. ژنی دراوسێ کە بۆ بەسەرکردنەوەی نەخۆش هاتبوو، وتی (بۆ بە هێزبونی نەخۆش و نەهێشتنی تای ئەو هیچ خۆراکێک وەکو شۆربای مریشک نیە). پیاوی خاون کێڵگە کە ژنەکەی زۆر خۆشدەویست خێرا ڕۆیشت بەدوای مریشکدا، دوای سەعاتێک بۆنی خۆشی شۆربای مریشک لەماڵەکەدا بڵاوبویەوە. بەڵام هەرچی ئارامیان گرت تای نەخۆشەکە بنەبڕ نەبوو. خزمەکانی شەو و ڕۆژ هاتوچۆی ماڵی ئەوانیان دەکرد تاکو پرس و هۆکاری سەلامەتی ئەوبن. لەبەرئەوە پیاوی خاوەن کێڵگەکە ناچاربوو کە مەڕەکەش بکاتە قوربانی تاوەکو بەگۆشتەکەی خواردن بۆ میوانە خۆشەویستەکانی لێبنێت. ڕۆژگار تێدەپەڕی و حاڵی ژنی خاوەن کێڵگەکە هەموو ڕۆژێک خراپتر دەبوو، تا ئەوەی کە ڕۆژێک سەرلەبەیانی، لەکاتێکدا کە لەتاو ئازار دەتلایەوە، کۆچی دوایی کرد و هەواڵی مردنەکەی بەخێرایی بە گوندەکەدا بڵاوبویەوە. خەڵکانێکی زۆر لەمەراسیمی بەخاک سپاردنیدا بەشداریان کرد. بۆیە پیاوی خاوەن کێڵگە ناچاربوو کە واز لەمانگاکەش بهێنێت و خواردنێکی تێروتەسەل بۆ میوانانی دورو نزیک ئامادە بکات.

ئێستا، مشک بەتەنهایی لەکێڵگەکەدا دەسوڕێتەوەو بیرلە ئاژەڵە بەستە زمانەکان دەکاتەوە کەهیچ کارێکیان بەتەڵەمشک نەبوو!.

سه‌رچاوه‌ سایتی به‌تتووته‌ی فارسی.

كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

چۆنییه‌تی ته‌رك كردنی خووه‌ نه‌رێنییه‌كان

دانا سه‌لام/ رێنماییكار ده‌روونی و به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی رێنمایی خووه‌ نه‌رێنییه‌كان چیین؟ خووه‌ نه‌رێنییه‌كان ئه‌و خووانه‌ن …