چۆنییه‌تی ته‌رك كردنی خووه‌ نه‌رێنییه‌كان

دانا سه‌لام/ رێنماییكار ده‌روونی و به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی رێنمایی

خووه‌ نه‌رێنییه‌كان چیین؟

خووه‌ نه‌رێنییه‌كان ئه‌و خووانه‌ن كه‌ ده‌بێته‌ هۆی هه‌راسانكردنی كه‌سه‌كه‌، زۆرجار كه‌سه‌كه‌ راسته‌وخۆش هه‌ست به‌ خووه‌كانی ناكات به‌ڵام له‌لایه‌ن ده‌وروبه‌رییه‌وه‌ ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ فلانه‌ خووی هه‌یه‌، ئه‌م خووه‌ په‌سندكراو نییه‌. خووه‌كان زۆرن و جۆراوجۆرن، واته‌ هه‌ندێ خوو هه‌یه‌ جووڵه‌ییه‌، هه‌ندێ خوو هه‌یه‌ له‌ شێوه‌ی ده‌نگێكه‌، هه‌ندێ خووش هه‌یه‌ تێكه‌ڵاوێكه‌ له‌ جووڵه‌یی و ده‌نگی واته‌ هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون.  زۆرجار خووه‌كان له‌گه‌ڵ نیشانه‌كانی وه‌سواسی تێكه‌وڵاو ده‌بن، بۆ ئه‌مه‌ پێویسته‌ سه‌ردانی پسپۆڕانی ده‌روونی بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری پێویست وه‌ربگرێت.

 

سه‌رچاوه‌كانی خوو

سه‌رچاوه‌كانی دروستبوونی خووه‌كان له‌ كه‌سه‌كان جۆراوجۆرن، له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر ده‌گۆڕێت، هه‌ندێ له‌سه‌رچاوه‌كان بریتین له‌:

  1. لایه‌نی ده‌روونی تاك؛ دروستبوونی هه‌ندێ له‌ خووه‌كان بۆ نارامی و هه‌بوونی شله‌ژانێكی ده‌روونی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ كه‌سه‌كه‌، بۆ نموونه‌ نینۆك خواردن ، قژ ده‌رهێنان، یان ده‌ستكاری كردنی هه‌ندێ ئه‌ندامی جه‌سته‌ به‌بێ ویستی خۆت، ئه‌مه‌ بۆ لایه‌نی ده‌روونی تاك ده‌گه‌ڕێـته‌وه‌، كه‌ ره‌نگه‌ فشار و كێشه‌یه‌كی هه‌بێت، ره‌نگه‌ ترس و دڵه‌راوكێیه‌كی هه‌بێت.
  2. لایه‌نی ژینگه‌یی؛ زۆرجار له‌ ژینگه‌دا هه‌ندێ گۆڕانكاری رووده‌ده‌ن كه‌ ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی خووێك له‌ كه‌سێك.
  3. لایه‌نی ئه‌ندامی و جه‌سته‌یی؛ هه‌ندێ كه‌س هه‌ن كه‌ نینۆكیان درێژه‌، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ نینۆك بڕ نینۆكه‌كانییان بكه‌ن، به‌ده‌م ده‌یكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ش هه‌ندێجار ره‌هه‌ندێكی ده‌روونیشی له‌گه‌ڵه‌.
  4. لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی؛ هه‌ندێ كه‌س له‌ هه‌ندێ بارودۆخ و ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی رانه‌هاتوون، له‌وانه‌یه‌ حه‌زیان به‌هه‌ندێ زۆر له‌ تێكه‌ڵاوی یان چوونه‌ ناو ئه‌و بارودۆخه‌ نه‌بێ، كاتێك به‌بێ ویستی خۆی ده‌كه‌وێـته‌ ئه‌و بارودۆخه‌ تووشی هه‌ندێ خوو ده‌بێت، یان هه‌ندێ یشانه‌ی بێزای لێ به‌دیار ده‌كه‌وێت.

 

چاره‌سه‌رییه‌كانی خووه‌ نه‌رێنییه‌كان:

  1. ده‌ستنیشانكردنی هۆكاری سه‌ره‌كی خووه‌كه‌؛ له‌ پێشدا ده‌بێ بزانرێت كامه‌ له‌م هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ یان هۆكاری تر بۆته‌وه‌ هۆی دروستبوونی ئه‌م خووه‌، ئه‌و كاته‌ به‌گوێره‌ی هۆكاره‌كه‌ پلانی چاره‌سه‌ری داده‌نرێت.
  2. زانینی ئاستی خووه‌كه‌؛ ئایا خووه‌كه‌ زۆر زۆره‌، ئایا بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سه‌كه‌ له‌ ژیانی ئاسایی دووربكه‌وێـته‌وه‌، ئایا خووه‌كه‌ وای كردووه‌ كه‌ نه‌توانێ كار و به‌رنامه‌كانی جێبه‌جێ بكات؟ پاش دیاری كردنی ئاسته‌كه‌ش ده‌توانرێـت باشتر پلانی چاره‌سه‌ری دابنرێت.
  3. زانینی مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و خووه‌؛ هه‌ندێ خوو هه‌ن له‌لایه‌نی ته‌ندروستییه‌وه‌ زیانی زۆری هه‌یه‌ بۆ كه‌سه‌كه‌، ده‌بێت ئه‌و زیانانه‌ بۆ كه‌سه‌كه‌ روون بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ هه‌نگاوێك بۆ وشیاركردنه‌وه‌ی كه‌سه‌كه‌، بۆ نموونه‌ نینۆك خواردن، قژ ده‌رهێنان، ئه‌مانه‌ زیانی جه‌سته‌یی و ته‌ندروستی زۆریان هه‌یه‌، پێویسته‌ كه‌سه‌كه‌ بیزانێت.
  4. دانانی ره‌فتارێكی جێگره‌وه‌ بۆ خووه‌كه‌؛ بۆ نموونه‌ كه‌سه‌كه‌ نینۆكی ده‌خوات، هه‌ندێجار له‌ ئه‌نجامی كێشه‌كانی ده‌مه‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌روونناسی فرۆید زۆر جه‌ختی له‌سه‌ر كردۆته‌وه‌، ده‌كرێت بێنشت بخوات. یان قژی ده‌رده‌هێنێ، پێویسته‌ كڵاوێك یان قژێكی ده‌ستكرد له‌سه‌ر بكات و خۆی پێوه‌ خه‌ریك بكات له‌و كاتانه‌ی كه‌ خووه‌كه‌ی هه‌یه‌.
  5. كه‌مكردنه‌وه‌ی كاته‌ به‌تاڵه‌كان؛ به‌شێك له‌و خووانه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌بوونی كاتی ده‌ست به‌تاڵی زیاتر به‌دیار ده‌كه‌ون، بۆیه‌ پێویسته‌ تاكه‌ كاته‌ به‌تاڵه‌كانی ژیانی خۆی به‌ هه‌ندێ چالاكی و كاره‌وه‌ پڕ بكاته‌وه‌، خۆیانی پێوه‌ خه‌ریك بكات.
  6. سه‌ردانی كردنی پسپۆڕانی ده‌روونی؛ زۆرجار هه‌یه‌ كه‌سه‌كان خۆیان ناتوانن به‌سه‌ر ئه‌م خووانه‌دا زاڵبن، بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌ردانی سه‌نته‌ر و رێكخراوه‌ پسپۆڕییه‌كانی بوار ده‌روونی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ هاوكارییان بكرێت و دانیشتنی رێنمایی و چاره‌سه‌رییان بۆ بكرێت، یان جاری واهه‌یه‌ گرفته‌ ده‌روونییه‌كانی به‌رزن پێویستی به‌ ده‌رمان هه‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن دكتۆری ده‌روونییه‌وه‌.
كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

ناساندنی رێكخراوی رێنمایی

یه‌كێكه‌ له‌و رێكخراوانه‌ی له‌ فه‌رمانگه‌ی رێكخراوه‌ ناحكوومیه‌كان مۆڵه‌تی كاركردنی وه‌گرتووه‌، ڕێكخراوێكى ناحكوومى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی قازانج نه‌ويسته‌، …