چۆن لە خوێندن و تاقیکردنەوەی سەرکەوتوو دەبین (A، B، C)

شوان خالید/ توێژه‌ر
A، رێنمایی تەندروست بۆ کاتی خوێندنی قوتابی

  1. ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ سك خاڵییه‌ بۆ خوێندن گونجاو نییه‌.
  2. خوێندن عیبادەتە ھەوڵبدە تام و چێژ و سوودی لێوه‌بگریت.
  3. پێش ئەوەی دەست بە خوێندنت بکەی بە ئاسوودەیی و نیەتێکی سافه‌وه‌ (بسم اللە و ئایەتی کورسی والناس و الفلق و الاخلاس و توکل علی اللە و لاحول ولاقوە الا باللە و لاعلم لنا الا معلمتنا) بخوێنه‌.
  4. پێش ئەوەی بچیتە سەر خوێندن خۆت ئامادە بکە لە رووی جەستەوە لە برسیتتی تینویەتی و پێویستی سەر ئاوت نەبیت، کەمێک وەرزش بکە، سەر و چاوت تەربکە، کەمیک قسەی خۆش بکە بۆ ئەوەی لەرووی دەروونییەوە ئامادە باشی خۆت وەرگری، ھەمیشە لەناخەوە بڵێ من ئەمڕۆ سەرکەوتوو دەبم لە بەرنامە و لە کارەکانم.
  5. جلێکی جوان و باش و فێنک له‌به‌ربكه‌، كه‌ بۆت ئاسوده‌ بێت، خۆت خاوێن رابگرە، ریش و برچێکی ئاسایی وەک لەکاتی دەوام ھەتبوو ئاوابە یارمەتیدەرە بۆ سەرکەوتنت.
  6. گوێ بە ھیچ شتمەدە و خەمی ھیچ مەخۆ لەم ماوەیە کاری تۆ (خوێندن و تاقیکردنەوە)ـیە، واز لە ھەموو کێشەکانت بێنە وه‌ك (کۆمەڵایەتی، سۆزداری و ھاورێیەتی)، ھەتا خوێندنت تەواو دەکەی بیری لێمەکەوە، بزانە خۆشەویستانت بەسەرکەوتنت خۆشحاڵ دەبن.
  7. ماوه‌ و پشوو بده‌ نێوان خوێندنه‌كانت نه‌وه‌ك هه‌موو به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ بێت، هه‌وڵبده‌ كه‌ به‌گوێره‌ی توانای خۆت پشوو بخه‌یته‌ نێوان بابه‌ته‌كان.
  8. دەست پێکردن بە خوێندنەوە لە ئاسانەوە بۆ قورس، لە لەبەرکردن و پێناسەوە بۆ تێگەیشتن و بیرکردنەوە و ھاوکیشە، ئەوەی کات لێت بەفیرۆ ده‌دات جارێک ئاماژەیێک وەک تێبینیک بۆی دابنێ پاشان لەکاتێکی تر بگەڕێوە سەری ئاسانتر دەبیت.
  9. ھەربەشێک تەواودەکەی پێش ئەوەی ئیسراحەتێک بکەی پێداجوونەوە بەوانە بکە کە گومانت لە تێگەیشتنی ھەیە لە پاشان ئیسراحەتێکی کەم پاشان بڕۆ سەر بابەتێکی نوێ یان بەشێکی تر.
  10. ھەوڵبدە کاتی خوێندنە گرنگەکانت لە بەیانی تا نزیکی نیوەرۆ بێت، یان لە عەسرەوە تا نزیکی ئێوارە بێت.
  11. پێش ڕۆژی تاقیکردنەوەت ھەموو پێداویستیەکانی کاتی تاقیکردنەوەت ئامادەبکە، پێش تاقیکردنەوە بەنیزکەی سەعاتێک ھیچ مەخوێنەوە جگە لە بڕوا بە خۆبوون و ھاندانی خۆت، چەند ئایەتێکی پیرۆزی قورئان، دوعا و قسەی خۆش بۆ خاڵی بوونت لە فشاری خوێندن و تاقیکرنەوە سوودی هه‌یه‌.
  12. بەگەشبینیەوە برۆ بۆ ھۆڵی تاقیکردنەوە، لەسەرخۆ و نەرمونیان بە، بەھیچ شێوەیه‌ک تووڕە مەبە قسەی ناشیاو مه‌كه‌، پشت بەخۆت ببەستە نەک به‌ کەسانی تر، با کەسانی تر و دەوروبەر کاریگەرییان لەسەرت نەبیت، چونکە تەنھا تۆ خاوەنی کەسایەتی خۆتی، بۆیە پەنا بۆکەسی تر مەبە جگە لەخودا.

B، رێنمایی بۆ کاتی چوونە نێو ھۆڵی تاقیکردنەوە

  1. وتنی (بسم اللە الرحمن الرحیم) و چەند دووعایه‌کی تری سەرکەوتن کە کاریگەرییان ھەیە بۆ کاتی تاقیکردنەوەكان، ئەوەش بۆ پشت بەستن بە خوا و باوەڕبوون بە خۆت کە سەردەکەویت.
  2. بزانە ھۆڵی تاقیکردنەوە بۆ گەڕاندنەوە و پێدانی ئەو زانیاریانەیە کە تۆ فێری بووی لەوەی کە خوێندوتە و لەبیرت ماوە، دەتوانی بسەلمێنی کەتۆ شایستەی سەرکەوتنی، کەواته‌ بۆچی بترسی لە ھۆڵی تاقیکردنەوە.
  3. نوسینی ناوی خۆت و زانیارییه‌كانت لەدەفتەری تاقیکردنەونە بە رێکوپێکی.
  4. کاتی خۆت دابەش بکە بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كان.
  5. ھەرگیز بیر لە غەش و قوپیە مەکەوە، تۆ به‌توانای ده‌توانی سه‌ركه‌وتوو ببیت.
  6. تیبینی و رێنماییه‌كانی بابەتی تاقیکردنەوەکەت لەسەرەتاوە بخوێنەوە.
  7. خوێندنەوەی ھەموو پرسیارەکان بە تەماشاکردنێکی خێرا، وه‌ڵامی بەکورتی لای خۆت بنووسە.
  8. لە پرسیارە ئاسانەکەوە دەست بە وه‌ڵامدانەوە بکە، نیشانەیه‌ک لای ئەو پرسیارە بەجێ بھێڵە کە جارێ نایزانی تا کاتت بەفیڕۆ نەدات.
  9. واز لە پرسیارە قورسەکان بێنەوە کاتی خۆت پێوە بەفیرۆ مەدە، تا پرسیارەکانی تر لە بیرنەچێت، لەو پرسیارانەوە دەست پێبکە کەباش دەیزانی بۆ ئەو پرسیارانەی کە کەمتر دەیزانی.
  10. پێش پێدانەوەی دەفتەری تاقیکردنەوە، پێدا چوونەوەی تەواو بە پرسیار و وه‌ڵامەکانت بکەوە، بزانە ھیچت لەبیرنەکردووه‌.
  11. هه‌وڵبده‌ زۆر گۆڕانكاری به‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كان مه‌كه‌، به‌ دروستی بیربكه‌وه‌ ئینجا بنووسه‌،
  12. کە تاقیکردنەوەت ئەنجامدا و دەرچووی لە ھۆڵ سەیری کتێب و پرسیارەکان مه‌كه‌، گوێ قسەی ھاورێکانت مەگره‌، بیر لەتاقیکردنەوەی رۆژی داهاتووت بكه‌وه‌، واز لەوە بێنە کە لە تاقیکردنەوەی رابردووت چەند نمرە ده‌هێنیت.

C ، توانای چالاکی و کاتی خوێندن

  1. ئه‌و كاتانه‌ ده‌ست به ‌خوێندن بكه‌ كه‌ ده‌زانی وزه‌ و توانایه‌كی باشت هه‌یه‌ بۆ خوێندن، یاسای لەسەرەتاوە بۆ کۆتایی، لە ئاسانەوە بۆ قورس، بەش دوای بەش به‌كاربهێنه‌.
  2. ئه‌و كاتانه‌ی به‌ کە زەوقی و حه‌زی خوێندنت بەرزە بە فیرۆمەدە، باش بخوێنە بەتایبەتی ئەو بابەتانەی کە وشکن و تەرکیزی دەوێت، کاتەکانی کەمتوانایی و بێ تاقەتی بۆ کار و شتی تری لاوەکی بەکار بێنە.
  3. مێشك لە شەودا فێربوون كه‌متر ئاماده‌یه‌، ھەوڵبدە شەو بۆ ئیسراحەت و پشودان بەکار بێنیت، یان تەنھا پێدا چوونەوە و چاو پێدا خشانێک به‌ بابه‌ته‌كان بكه‌، بۆئه‌وه‌ی بەیانی تێرخەو بیت و ئامادە بیت بۆ خوێندنی باشتر.
  4. لەو کاتەی هیلاك بووی و مێشکت ماندووە، لەش پێویستی بە ئیسراحەت ھەیە، بۆ ئەوەی بابەتێک لەگەڵ بابەتێکی تر تێکەڵ نەکەی.
  5. کات زۆر گرنگە و دابەشی بکه‌، بە ھیچ جۆرێک بە فیڕۆی مەدە، پێویستە قوتابی بەتایبەتی پۆلی  ١٢،  ڕۆژانە نزیکەی (٦ تا ٩) کاتژمێر بە دروستی بخوێنێت.
  6. لەکاتی ماندوو بوون ئیسراحەت و خاوبوونەوە زۆر پێویستە بۆ لەش، بۆ ئەوەی مێشکیش بابەتەکان تێکەڵ نەکات دەبێت ناوبڕ ھەبێت، ئەگەر مێشکت توانای وەرگرتنی نەبێت پێویستە خۆت بە شتێکی زۆر جیاواز لەخوێندن خەریک بکەی، جەوێک بگۆری یان سەردانی ھاورێیه‌ک یان جێگایه‌ک بکەی، تا دەگەڕێیتەوە باری ئاسایی خۆت.
  7. خۆت ھاندە و سەرکەوتنت پێویستی بە باوەڕ و متمانەی تەواوی خۆت ھەیە، زیرەکی و راستگۆیی تۆ بۆ ئەوەی بسەلمێنی پێویستی بە تاقیکردنەوە ھەیە.
  8. خوێندنت عیبادەتە، خودا لەگەڵ نیەت و نیازی تۆیە، جا بیری باش بکە و سەرکەوتن به‌ده‌ست ده‌هێنیت.
كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

چارەسەری دڵەڕاوكێی تاقیكردنەوەكان لای خوێندكار

زانا جبار/ ده‌روونناس دڵەڕاوكێی تاقیكردنەوەكان بە یەكێك لەجۆرەكانی دڵەڕاوكێ دادەنرێت كە زۆرجار خوێندكار تووشی كێشەو …