نۆ رێنمایی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵك قسه‌ بكه‌یت

دانا سه‌لام/ به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی رێنمایی

ترس له‌ قسه‌كردن له ‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵك یه‌كێكه‌ له‌ جۆره‌ دیاره‌كانی ترسی كۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌ره‌تا به‌ ترسێكی كه‌م ده‌ست پێده‌كات و به‌چاره‌سه‌رنه‌كردنی ئاستی ترسه‌كه‌ زیاتر و توندتر ده‌بێت، زۆرێك له‌ كه‌سه‌كان ناتوانن به‌رامبه‌ر خه‌ڵك قسه‌ بكه‌ن، ترسیان هه‌یه‌ له‌ خه‌ڵك و ئه‌و قسانه‌ی ده‌یكه‌ن. هۆكاره‌كانیش زۆرن و جۆراوجۆرن، به‌ڵام به‌ پێداگیری و وره‌ به‌رزی تاكه‌كه‌ ده‌توانرێت به‌سه‌ریدا زاڵببیت و ترسه‌كه‌ نه‌هێڵدرێت، ئێمه‌ له‌م بابه‌ته‌دا (9) خاڵ وه‌ك رێنمایی و چاره‌سه‌ری باس ده‌كه‌ین كه‌ هاوكارن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ و زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و ترسه‌.

  1. زانیاری هه‌بوون له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌یت؛ هه‌وڵبده‌ باش له‌ بابه‌ته‌كه‌ تێبگه‌ی كه‌ ده‌ته‌وێ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ی و زانیاری پێویستت ده‌رباره‌ی هه‌بێت. زیاتر گرنگی به‌ بابه‌ته‌كه‌ بده‌، سه‌ره‌تا تاكو لێڕادێیت له‌وانه‌یه‌ هه‌ڵه‌ش بكه‌یت و له‌ بابه‌ته‌كه‌ش ده‌ربچیت، به‌ڵام هه‌وڵبده‌ به‌خێرایی بێیته‌وه‌ سه‌ر باسه‌كه‌ت. كاتێك پرسیارێك له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ لێده‌كه‌ن، راسته‌وخۆ وه‌ڵامه‌ده‌وه‌، كه‌مێك بوه‌سته‌ كه‌مێك بیر له‌ پرسیاره‌كه‌ بكه‌وه‌، ئه‌و كات وه‌ڵام بده‌وه‌.
  2. رێكخستن؛ پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌قسه‌كردن بكه‌ی، ئه‌و زانیارییانه‌ی پێویسته‌ له‌لات هه‌بێت رێكیان بخه‌ به‌ شێوه‌ی نووسراو، ده‌نگی یان وێنه‌یی، ئه‌مه‌ یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌.
  3. هه‌وڵبده‌، هه‌وڵبده‌، هه‌وڵبده‌؛ پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌قسه‌كردن بكه‌ی له‌ پێش خه‌ڵك، هه‌وڵبده‌ له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی لێیان ئاسووده‌یی چه‌ندجارێك بابه‌ته‌كه‌ پێشكه‌ش بكه‌ی، هه‌وڵبده‌ قسه‌كانت تۆمار بكرێـن به‌ ده‌نگ و ره‌نگ، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر پێیاندا بچیته‌وه‌، هه‌روه‌ها داوا له‌ به‌شداربووه‌كانیش بكه‌ پرسیارت لێبكه‌ن.
  4. بڕوات به‌ سه‌ركه‌وتنی خۆت هه‌بێت؛ وا خه‌یاڵ بكه‌ كه‌ تۆ بابه‌ته‌كه‌ت پێشكه‌ش كردووه‌ و تیاید زۆر سه‌ركه‌توو بوویت، ئه‌م بیركردنه‌وه‌ ئه‌رێنییه‌ یارمه‌تیده‌رێكی زۆر باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڕوات به‌خۆت زیاتر ببێت، بتوانیت به‌سه‌ر هه‌سته‌ نه‌رێنییه‌كانتدا زاڵببیت، به‌مه‌ش كۆتایی به‌ ترسه‌كه‌ت ده‌هێنیت.
  5. هه‌ندێ هه‌ناسه‌ی قووڵ هه‌ڵكێشه‌؛ پێش ئه‌وه‌ی بچیته‌ شوێنی قسه‌كردن چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵ هه‌ڵمژه‌، خۆت ئارام بكه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌و كاتانه‌ی قسه‌ش ده‌كه‌ی هه‌ناسه‌دانت ئاسایی بكه‌.
  6. ته‌ركیز له‌ بابه‌ته‌كه‌ت بكه‌وه‌ نه‌وه‌ك ئاماده‌بووان؛ ئه‌وه‌ بزانه‌ كه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی هاتوون بۆ گوێگرتن بۆ وه‌رگرتنی زانیاری نوێ هاتوون، چاویان له‌سه‌ر شێوازی جه‌سته‌ و قسه‌ی تۆ نییه‌، كه‌واته‌ تۆش ئه‌مه‌ له‌ مێشكی خۆت لابده‌، ته‌ركیز له‌سه‌ر زانیارییه‌كان بكه‌، ئه‌و كات ترسه‌كانت كه‌متر ده‌بێته‌وه‌.
  7. ماوه‌ ماوه‌ بێده‌نگ ببه‌؛ هه‌وڵمه‌ده‌ هه‌موو زانیارییه‌كان وه‌ك تۆمارێكی رادیۆیی یان كاسیه‌تێك له‌دوای یه‌كتره‌وه‌ ریز بكه‌ی، هه‌وڵبده‌ ماوه‌ ماوه‌ ده‌رفه‌ت به‌خۆت بده‌ی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی سیسته‌می هه‌ناسه‌دانت رێكبخه‌یته‌وه‌ و هه‌ناسه‌یه‌ك هه‌ڵمژی، هه‌روه‌ها ئه‌م ماوه‌ و كاته‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شداربوو و گوێگره‌كانیش زانیارییه‌كان زیاتر تۆمار بكه‌ن و له‌ زانیارییه‌كان ورد ببنه‌وه‌.
  8. دان به‌سه‌ركه‌وتنی خۆتدا بنێ؛ پاش ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ قسه‌ و وتاره‌كه‌ت ته‌واو بوویت، یه‌كسه‌ر دان به‌وه‌ دابنێ كه‌ تۆ سه‌ركه‌وتووبوویت، ده‌توانیت به‌ گونجاوی قسه‌كان بكه‌ی، هه‌رچه‌نده‌ زۆر نموونه‌یش نه‌بێت، به‌ڵام مه‌كه‌وه‌ ره‌خنه‌ گرتن له‌خۆت و قسه‌كانت، ته‌نیا هه‌ڵه‌كانت له‌به‌رچاو بیت بۆ ئه‌وه‌ی بۆ جاری داهاتوو باشتری بكه‌یت.

به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتی و چاره‌سه‌ری؛ ئه‌گه‌ر زانیت ئاستی ترسه‌كه‌ت زۆره‌، بۆته‌ هۆی بێزاركردنت و له‌كاره‌كانت دووری خستویته‌وه‌، ئه‌وا پێویسته‌ سه‌ردانی پسپۆڕانی ده‌روونی بكه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی چاره‌سه‌ری و رێنماییت بۆ دابنێن.ئه‌م چاره‌سه‌رییه‌ له‌لای كه‌سانی پسپۆڕ و شوێنه‌ پسپۆڕییه‌كان ده‌بێت وه‌ك سه‌نته‌ر و رێكخراوه‌ پسپۆڕییه‌ ده‌روونییه‌كان یان پزیشكی ده‌روونی، له‌م شوێنانه‌ هاوكاری باش ده‌كرێت بۆ دانانی به‌رنامه‌كانی چۆنییه‌تی زاڵبوون به‌سه‌ر ترسه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنی.

كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

خودكارایی له‌ منداڵان و گه‌نجاندا (Self-Efficacy)

و؛ باخان بةختیار محمدامین به‌كالۆریۆس له‌ ده‌روونناسى/ ڕێنمایی. خوێندكاری ماسته‌ر له‌ به‌شی ده‌روونناسى/ ڕینمایی په‌روه‌رده‌یی …