دوو پێنووسی دار

و؛ ئاكۆ محمدامین/ توێژه‌ر

لە دوو پیاوەوە  دوو  یادەوەری جیاوازم  لەبارەی  ونکردنی  پێنووسی دارەکانیانەوە بیست.

پیاوی یەکەم دەیوت :(پۆلی  چواری سەرەتایی بووم، لە قوتابخانە  پێنووسه‌ دارەکەم  ونکرد، کاتێک  بەدایکمم گوت بەخراپی  لێیدام و پێی وتم تۆ کەسێکی  بێ ئاگای، هەست بەبەرپرسیارێتی ناکەی. ئەوەندە  تەمێکردنەکەی دایکم بۆمن قورس بوو کەوا بڕیارمدا  ئیتر هیچ کاتێک  بەدەستی خاڵی  نەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە و  پێنووسی  هاوڕێکانم  بدزم، ڕۆژی دواتر  پلانەکەم جێبەجێ کرد. ڕۆژانە یەک  دوو پێنووسم دەدزی  بەجۆرێک کە لەکۆتایی ساڵدا  پێنووسم لە هەموو هاوڕێکانم دزی بوو، لەسەرەتادا  زۆر بە ترسەوە  ئەم کارەم دەکرد، بەڵام  وردە وردە  توانیم زاڵببم بەسەر ترسەکەمدا، سودم لە پلانی زیاتر  وەرگرت  تا ئەو جێیەی  کە پێنووسەکانم لە هاوێکانم دەدزی، پاشانیش پێم دەفرۆشتنەوە. لەدوای  ماوەیەک  ئەم کارەم  لائاسایی بویەوە، بڕیارمدا  کاری  گەورەتر ئەنجامبدەم، کاری دزیم  لە هەموو قوتابخانەکە و ژووری به‌ڕێوه‌به‌ریش  كرد. بەکورتی  ئەو ساڵە بۆ من  ڕاهێنانی شارەزایی دزیکردن بوو  تا ئەوەی  کە ئێستا بووم  بە دزێکی شارەزا و لێهاتوو).

پیاوی دووەم  دەیوت: (لە پۆلی دووی  سەرەتایی بووم. ڕۆژێک لە قوتابخانە هاتمەوە و  بە دایکمم گوت  پێنووسی دارەکەم  ونکردووە.

دایکم گوتی: باش، ئەی بەبێ پێنووس چیت کرد؟

گوتم: پێنووسێکم لە هاوڕێکەم وەرگرت.

دایکم گوتی: چاکە،  پاشان  پرسیاری کرد  کە ئایا  هاوڕێکەم  هیچی لێم نەویست؟ خواردنێک  یان  شتێک؟

گوتم: نەخێر، هیچی  لێ داوا نەکردم.

دایکم گوتی: کەواتە ئەو  بەم کارەی  هەوڵیداوە  چاکە  بەرامبەر کەسانی تر بکات،  ببینە  چەند  زیرەکە. کەواتە بۆچی تۆش چاکە  بەرامبەر کەسانی تر  ناکەیت؟

گوتم: چۆن؟ چاکە بکەم؟

دایکم گوتی: دوو  پێنووس دەکڕین، یەکێکیان بۆخۆت و  ئەوی تریشیان بۆ کەسێک کە لەوانەیە  پێنووسەکەی لێ ون ببێت. ئەو پێنووسە  دەدەین  بەو کەسەی کە ونی  دەکات و پاشان لەکۆتایی وانەکان  لێی وەر دەگرینەوە.

زۆر دڵخۆش بووم، وە دوای  بەجێهێنانی پێشنیازەکەی دایکم  هەستم بە ڕەزامەند بونێکی باش دەکرد، بەو ڕادەیەی کە پێنووسی  زیادەم  دەخستە ناو جامتاکەمەوە تاوەکو  یارمەتی  کەسانی زیاتر بدەم. بەم کارە هەم  ئاستی وانەکانم  لەچاو پێشووتردا باش بوون  وەهەمیش  حەزم بۆ قوتابخانە زیاتر بوو. بووم بەیەکەمی پۆلەکەم  بەشێوەیەک  کە هەموویان  منیان وەک  خاوەنی پێنووسە زیادەکان دەناسی، هەمیشە  داوای  هاوکاریان لەمن دەکرد. ئێستاش گەورە بووم و  لەپێگەیەکی زانستی باشدام و  خێزانم پێکهێناوە، خاوەنی گەورەترین  کۆمەڵگەی  خێرخوازی  شارەکەی خۆمم.

سه‌رچاوه‌؛ سایتی میگنای فارسی.

كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

حاجييان باڵوێزانى ئاشتين

دانا سه‌لام كه‌ريم/ رێنماییكاری ده‌روونی (خوێندنه‌وه‌يه‌كى ده‌روونناسانه‌ بۆ كه‌سايه‌تى حاجى) ده‌بێت له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى حاجييان له‌ …