به‌خته‌وه‌رى تاك (1-2)

ئا؛ كارزان شوكر/ رێنماییكاری ده‌روونی

پێشه‌كى

به‌خته‌روه‌رى ئه‌م وشه‌يه‌يه‌ كه‌ هه‌موو مرۆڤايه‌تى به‌ دوايدا وێلَه‌، ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌خته‌وه‌ر بين، به‌خۆشى بژين ده‌بێت به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌، به‌ ئازايانه‌وه‌ و گه‌شبينانانه‌ پێشوازى له‌ ژيان بكه‌ين. چونكه‌ ژيان شايه‌نى ئه‌وه‌يه‌ كه‌وا ئێمه‌ تيا بژين كاتێك كه‌توشى گرفتێك ده‌بين له‌ژيانمان پێويسته‌ روبه‌روى ببينه‌وه‌ و چاره‌سه‌رى بكه‌ين، چونكه‌ ئه‌وكێشانه‌ى كه‌وا تووشى ده‌بيين مرۆڤه‌كان دروست كردووه‌، هه‌رگيز ناتوانين به‌خته‌وه‌رى به‌ده‌ست بهێنين به‌بێ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر گرفته‌كانمان، مرۆڤ هيچ كاتێك له‌يه‌ك ئاست نامێنێته‌وه‌ بارودۆخی جۆراو جۆری به‌سه‌ردادێت. بۆيه ‌هه‌ميشه‌ ئه‌وه‌مان له‌بيربێت خۆشى و ناخۆشى تاسه‌ر نيه‌، ده‌بێت ئه‌وه‌شمان زانيبێت كه‌ به‌خته‌وه‌رى ته‌نيا له‌ ئاسمانى ئازا و ده‌م به‌خه‌نده‌كان به‌دى ئه‌كرێت.

به‌خته‌وه‌رى چيه‌؟

به‌خته‌وه‌رى ئه‌وچه‌مكه‌يه‌ كه‌ هه‌موو مرۆڤه‌كان به‌سه‌رجه‌م بيروبۆچوون و ئايدياكانه‌وه‌ هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانى ده‌ده‌ن، به‌ڵام هه‌ريه‌كه‌ و به‌رِێگاى خۆى و هه‌ريه‌كه‌ و به‌خته‌وه‌رى له‌ شتێكدا ده‌بينێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش مافى سه‌ره‌تايى هه‌موو كه‌سێكه‌ له‌ژياندا.

به‌خته‌وه‌رى راسته‌قينه‌ تێكۆشانى مرۆڤايه‌تييه‌، مرۆڤ كۆمه‌ڵێك له‌و شتانه‌ نييه‌ كه‌ هه‌يه‌تى به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك له‌و شتانه‌شه‌ كه‌ هێشتا نييه‌تی، به‌ڵام ده‌توانێت به‌ده‌ستيان بهێنێت و هه‌يبێت.

به‌خته‌وه‌رى ئه‌و بۆنه ‌خۆشه‌يه‌ كاتێك له‌ده‌وروبه‌رى خۆت په‌رشوبڵاوى ده‌كه‌يته‌وه‌، بێگومان چه‌ند دڵۆپێك به‌رتده‌كه‌وێت.

ئايا دنيا هه‌مووى به‌خته‌وه‌ريیه‌ يان به‌دبه‌ختيیه‌؟

نه‌خێر بێگومان سروشتى ژيان به‌چه‌شنێ هاتووه‌ شته‌كان ناسرێنه‌وه‌ به‌بێ بوونى دژه‌كانيان، بۆنموونه‌ به‌دبه‌ختى نه‌بوايه‌ به‌خته‌وه‌رى نه‌ده‌بوو، ئه‌گه‌ر شه‌و نه‌بوايه‌ رِۆژيش نه‌ده‌بوو، كه‌واته‌ به‌خته‌وه‌رى مرۆڤ سه‌روه‌ت و سامان و پله‌ و پايه ‌و شۆخ و شه‌نگى نييه‌، به‌ڵكو رِازىبوون و قه‌ناعه‌ته‌ به‌و قه‌واره‌ييه‌ى ژيان و هه‌ستكردنيه‌تى به‌به‌خته‌وه‌رى، بێگومان هه‌ندێك كات هه‌يه‌ مرۆڤ به‌خته‌وه‌ره‌ تێيدا و هيچ كه‌س لارى لێ نییه‌. له‌وانه‌ ئه‌وكاته‌ى به‌نده‌يه‌كى له‌خوا ترس له‌به‌ر ده‌ستى په‌روه‌ردگاری  دايه‌ و به‌ندايه‌تى بۆده‌كات، زانا كاتێك داهێنانێكى نوێ ئاشكرا ئه‌كات، قوتابى كاتێك به‌ ئامانجى خۆى ئه‌گات.

پياوچاكێك ده‌ڵێت: (ساڵى جارێك سه‌ردانى دادگا بكه‌ تابزانى ئه‌و ره‌وشته‌ جوانانه‌ت چ نيعمه‌تێكه‌ خواى گه‌وره‌ پێى به‌خشيوى،‌ مانگىَ جارێك سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌ بكه‌ تابزانى ته‌ندروستى چ نيعمه‌تێكى خوايه‌ به‌سه‌رته‌وه‌، حه‌فته‌ى جارێك سه‌ردانى باخچه‌يه‌ك بكه‌ تابزانى ئه‌و سروشته‌ جوانه‌ى  بۆ خزمه‌ت و ئاسوده‌يت دروستكراوه‌ چ نيعمه‌تێكى خواى گه‌وره‌يه‌ پێى به‌خشيوى، هه‌موو رِۆژێ سه‌ردانى كتێبخانه‌ بكه‌ تا هه‌ست بكه‌ى ژيرى چ نيعمه‌تێكى خواى گه‌وره‌يه‌ پێى به‌خشيويت).

هه‌ميشه‌ ئه‌و نيعمه‌تانه‌ى خواى گه‌وره‌ بێنه‌ پێش چاوت و رازى ببه‌ پێى دڵنيابه‌ به‌خته‌وه‌ر ده‌بیت، هه‌ميشه‌ نه‌فس به‌رز، رووخۆش، جوامێر و كه‌يف خۆشبه‌ ته‌نيا بير له‌ رِه‌وشته‌ جوانه‌كان بكه‌وه‌ و قسه‌ شيرين به‌.

به‌خته‌وه‌رى له‌ گوێڕايه‌ڵى خواى په‌روه‌ردگار دايه‌، له‌خۆشه‌ويستى مرۆڤ دايه‌ بۆبراكه‌ى، له‌ هاوكاریكردنى هه‌ژار دايه‌، ‌ له‌راستكردنه‌وه‌ى كه‌وتووێكه‌، فرياكه‌وتنى بريندارێكه‌، به‌خته‌وه‌ری‌ له‌ تێركردردنى برسى و پۆشته‌كردنى ره‌شورووت دايه‌.  هيوا و ئاواتى نابینا، بينينى دنيايه‌، هیوای نابیست، بیستنه‌، هیوای ڵاڵ قسه‌كردنه‌. ئێمه‌ ده‌بيستين و ده‌بينين، هاتوچۆ و قسه‌ش ده‌كه‌ين، ئه‌ى بۆچى رازى نين؟ به‌خته‌وه‌رى  هه‌رگيز بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ نايه‌ت كه‌ سوپاس گوزارنين له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و شتانه‌ى هه‌يانه‌.

چه‌ند رێگايه‌ك بۆبه‌خته‌وه‌رى

یه‌كه‌م/ سه‌يرى پێشه‌وه‌ى خۆت بكه، ئاور‌ بۆ دواوه‌ مه‌ده‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ى رۆيشت ته‌واو: رابردوو ته‌نيا ئه‌زموونه‌ به‌ڵام ژيان له‌ گه‌ڵى دانییه‌، خه‌م خواردن بۆ رابردوو بكوژى ئيراده‌ و له‌ناوبردنى ژيانى ئێستايه‌، دۆسييه‌ى رابردوو لاى ژيره‌كان داخراوه‌، ته‌نيا بۆ كارى پێويست نه‌بێت ناكرێته‌وه بۆی‌، ئه‌وه‌ى نادروستبووه‌ به‌خه‌م و خه‌فه‌ت ئێستات بۆى تازه‌ چاك نابێته‌وه‌‌، ئه‌وه‌شی كه‌باشت كردوه‌ ناگه‌رێته‌وه‌، به‌ڵكو ته‌نيا وه‌ك ئه‌زموون سودى لێوه‌رگریت. هه‌موومان ده‌توانين ئاوڕ له‌ رابردوومان بده‌ينه‌وه‌، له‌كرده‌وه‌كانمان په‌شيمان ببينه‌وه‌، به‌ڵام ناتوانين رابردوومان بگۆڕين، بۆيه‌ واز له‌ لۆمه‌كردنى خۆت بهێنه‌، سه‌يرى پێشه‌وه‌ بكه‌. هه‌نگاو بنێ به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن و هه‌رگيز له‌ رابردوو مه‌ژى.

ئايا فرمێسك بۆناو چاوه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ ئايا منداڵ بۆناو سكى دايكى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ يان ده‌ته‌وێت ئاوى رووبار بۆدوواوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌؟ بێگومان نه‌خێر بۆيه‌ باشتره‌ خۆتيان پێوه‌ سه‌رقاڵ نه‌كه‌يت، چونكه‌ به‌ خه‌م خواردن بۆ رابردوو ئێستات له‌ گه‌ڵیدا ده‌بێته‌ خه‌م و خه‌فه‌ت، دوور ده‌بیت له‌به‌خته‌وه‌رى.

دووه‌م/ چاكه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر هۆكارى دڵخۆشی و به‌خته‌وه‌ريیه‌: يه‌كه‌م سودمه‌ند بوو له‌ دڵخۆش كردنه‌كه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ هه‌ستاون به‌ دڵخۆشكردنى خه‌ڵكى، ئه‌م كاره‌ش ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى كاريگه‌رى له‌سه‌ر ره‌وشت و ويژدانيان دروست بكات و هێمنى باڵ بكێشێ به‌ سه‌رياندا. بۆيه‌ هه‌ركاتێك خه‌م و ناخۆشى رووى تێكردى هاوكارى يه‌كێك بكه‌ دڵى يه‌كێك خۆشبكه‌، ئه‌وكات تۆش هه‌ست به‌ خۆشى و به‌خته‌وه‌رى ده‌كه‌یت، كارى چاك وه‌ك ميسك وايه ‌سود به‌ هه‌ڵگر و فرۆشيار و كڕياريش ده‌گه‌يێنێت.

سێیه‌م/ خه‌نده‌كردن به‌ رووى كه‌سه‌كاندا خێرێكى گه‌وره‌يه‌، رووگرژيش جه‌نگێكه‌ به‌رامبه‌ر مرۆڤه‌كانى ده‌وروبه‌ر: مشتێك ئاو بۆ سه‌گێك ده‌بێته‌ هۆى چوونه‌ به‌ هه‌شتى كه‌سێك، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى  خاوه‌نى پاداشت جوانه ‌و به‌خشه‌ر ‌و جوانيشى خۆشده‌وێ. ژيان به‌ هاوكاريى و به‌ده‌مه‌وه‌ چوونى يه‌كتره‌وه‌ جوانه و ماييه‌ى به‌خته‌وه‌رى تاكه‌كانه‌، باشترين رێگا بۆ دڵخۆش كردنى خۆت دڵخۆش كردنى كه‌سانى تره‌، ئه‌گه‌ر  له‌ژياندا ئێمه‌ هه‌موومان يارمه‌تى يه‌كتر بده‌ين ئه‌وا پێش ئه‌وه‌ى بچينه‌ به‌هه‌شتى دوا رۆژ، ده‌توانين دنيا بكه‌ينه‌ به‌هه‌شتێكى بچكۆلانه‌ و تيايدا به‌خته‌وه‌ربين.

چواره‌م/ به‌مجۆره‌ ژيان وه‌رگره‌ كه‌ هه‌يه‌: خواى گه‌وره‌ ويستى وابووه‌ بۆئه‌م ژيانه‌ كه‌ زانكۆيه‌ك بێ بۆ دوو دژ يان دوو جۆر يان دوو كۆمه‌ڵه‌ يان دوو بۆچوون ئه‌ويش يان چاكه‌ يان خراپه‌، ياخود خه‌م و خۆشى و خێر و شه‌ر، بۆيه‌ پێويسته‌ بزانين چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ژيانه‌دا ده‌كه‌ين. له‌ واقيعه‌كه‌يدا بژى مه‌چۆره‌ جيهانى خه‌ياڵ و فڕين به‌ دنياى خه‌ونى نمونه‌يدا ژيان به‌و جۆره‌ وه‌رگره‌ كه‌ هه‌يه‌، خۆت رابێنه‌ له‌گه‌ڵ به‌رز و نزمى، گه‌رما و سه‌رما، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا به‌ نموونه‌يى مامه‌ڵه‌ مه‌كه‌ ئه‌وان وه‌ك خۆيان ببينه‌، چونكه‌ نابنه‌ تۆ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ببنه‌ تۆ يه‌كێكتان زيادن چونكه‌ هيچ كام له‌ مرۆڤه‌كان له‌م دنيايه‌ ته‌نانه‌ت دووانيه‌كانيش له‌هه‌موو شت له‌يه‌كتر ناچن، ژيان به‌ جياوازيه‌كانيه‌وه‌ جوانه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موان وه‌ك يه‌ك بيربكه‌ينه‌وه‌ كه‌واته‌ بير ناكه‌ينه‌وه‌، له‌ به‌ڵگه‌ و نيشانه‌كانى گه‌وره‌يى خواش جياوازى ره‌نگ و زمان و بيركردنه‌وه‌مانه‌.

پێنجه‌م/ سوود له‌ ده‌وروبه‌رت وه‌رگره‌: سه‌يرى راست و چه‌پى خۆت بكه‌ ئايا ده‌بينين كه‌سێك بێكيشه‌ بێت؟ له‌ هه‌موو ماڵێكدا كێشه‌ هه‌يه‌، به‌ڵام له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكى تر كێشه‌ و گرفته‌كان ده‌گۆڕێت. چه‌ند كه‌سى بێكێشه‌ت بينيوه‌، چه‌ند ئارامگرت بينيوه‌ تۆ ته‌نيا كه‌س نيت كه‌ تاقى ده‌كرێيته‌وه‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان، له‌وانه‌يه‌ موسيبه‌ته‌كه‌ى تۆ زۆر بچوك بێت له‌چاو كه‌سێكى تر، چه‌ند نه‌خۆش هه‌يه‌ له‌سه‌ر جێگه‌ ساڵانێكه‌ ئه‌م ديو ئه‌م ديو ده‌كرىێت، ده‌ناڵێنێتَ له‌تاو ئازار، چه‌ند زيندانى هه‌ن ساڵانێكه‌ خۆريان به‌ چاوى سه‌ر نه‌ديوه‌. ده‌بێت له‌مانه‌وه‌ ببیت، به‌ يه‌قينه‌وه‌ بزانى كه‌ ئه‌م دنيايه‌ به‌ هه‌شت نييه‌، گه‌نجێتى و پيريه‌تى، ناخۆشى، ده‌وڵه‌مه‌ندى و هه‌ژارى، كێشه‌كان، شه‌و و رۆژ، به‌رزى و نزمى تێدايه‌. پێويسته‌ هه‌ركات تووشى موسيبه‌تێك بووى به‌راوردى بكه‌ى له‌ گه‌َڵ موسيبه‌تى كه‌سانى تر،تاكو بۆت ده‌ربكه‌وێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وان چه‌ند سه‌لامه‌تى و پاشان سوپاسگوزار به‌، ‌ناكرێت به‌بوونى كێشه‌يه‌ك ئيتر ده‌ست له‌ هه‌موو جوانيه‌كانى ژيان هه‌ڵگرين، چونكه‌ به‌خته‌وه‌رى مانای نه‌بوونى كێشه‌ نييه‌، به‌ڵكو به‌خته‌وه‌ر ئه‌و كه‌سه‌يه‌ كه‌ تووشى كێشه‌يه‌ك بوو نه‌ڕوخێت و زوو له‌ بيرى دانانى پلانى چاره‌سه‌رى ئه‌و گرفته‌ دابێت.

كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

خۆکوشتن بژاردە نیە

ئەحمەد سلمان عثمان / ڕێنماییکاری دەروونی خۆکوشتن:ھەموو ئەوحالەتانە دەگرێتەوە کە مرۆڤ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی …