گۆڕانكاری پێداویستییه‌كی‌ ژیانه‌ (1-2)

ن؛ ئه‌ندازیار موهه‌ند

و؛ دانا سه‌لام/ ب. رێكخراوی رێنمایی

به‌ دوو به‌ش هه‌وڵده‌ده‌ین باس له‌ گۆڕانكاری له‌ ژیانی مرۆڤه‌كاندا بكه‌ین، باس له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ خودی گۆڕان پێویستییه‌تی به‌هۆیه‌وه‌ مرۆڤه‌كان ده‌توان باشتر ژیانی خۆیانی پێبگۆڕێت و له‌ قۆناغێك بچێنه‌ قۆناغێكی تر. هه‌موو گۆڕانێك پێویستی به‌ زانیاری هه‌یه‌، كه‌ كه‌لتوور، به‌ها و ئاراسته‌كان ئه‌م زانیارییانه‌ به‌ مرۆڤ ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ره‌فتارێك بنوێنێ به‌ هه‌ر ئاراسته‌یه‌ك بێ، كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت. بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانه‌كان ته‌واو روو بده‌ن، ده‌بێ مرۆڤ سه‌یرێكی كه‌لتووری خۆی بكات، بزانێ كه‌لتووره‌كه‌ی چییه و چۆنه‌‌؟ له‌ كه‌لتووره‌كه‌یدا‌ كۆمه‌ڵێك به‌ها هه‌یه‌، ده‌بێ بزانێ ئه‌و به‌هایانه‌ چۆن دروست ده‌بن، بۆ نموونه‌ به‌های كات له‌ كۆمه‌ڵگای كوردی چۆنه‌؟ دواتر ئه‌و به‌هایانه‌ ئاراسته‌ی تاك دروست ده‌كه‌ن، ئاراسته‌كانیش ڕه‌فتار دروست ده‌كه‌ن، كه‌واته‌ هاوكێشه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ (كه‌لتوور….به‌هاكان….ئاراسته‌….ڕه‌فتاری مرۆڤ). له‌خواره‌وه‌ به‌ كورتی باس له‌م هاوكێشه‌یه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ بریتییه‌ له‌:

كه‌لتوور (Culture): بريتىيه‌ له‌سه‌رجه‌م شته‌ مادی و نامادییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا، شێوازه‌كانی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كتر، شێوازی بیركردنه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژیان…، دواتریش به‌هۆی پڕۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ زانیارییه‌كانی ژینگه‌یه‌ك له‌نێوان نه‌وه‌كان ده‌گوازرێته‌وه‌.

به‌هاكان (Values): بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك بیروباوه‌ڕ تاك ‌له‌ ژیاندا وه‌ك پارسه‌نگ (ته‌رازوو) به‌كاریانده‌هێنێ بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر شته‌كان له‌ڕووی باشی و خراپی، په‌سندی و ناپه‌سندی، گونجاوی و نه‌گونجاوی…).

ئاراسته (Attitude)‌: بريتييه‌ له‌ ئاره‌زوو یان ئاماده‌باشی ژیری و ده‌روونی تاك، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر به‌هایه‌ك له‌ بارودۆخێكی دیاریكراو.

ڕه‌فتاری تاك (behavior): ڕه‌فتار بریتییه‌ له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كردار و چالاكیانه‌ی تاك ئه‌نجامی ده‌دات چ دیار بێ چ نادیار، ڕه‌فتاره‌ دیاره‌كان ده‌توانرێ ببینرێ و هه‌ڵسه‌نگاندییان بۆ بكرێ وه‌ك (جووڵه‌، چالاكی  و كرداره‌كان)، نادیاره‌كانیش ناتوانرێ ببینرێ وه‌ك (بیركردنه‌وه‌ و پڕۆسه‌كانی)، هه‌روه‌ها ڕه‌فتار شتێكی جێگیر و چه‌سپاو نییه‌، به‌ڵكو هه‌میشه‌ له‌ گۆڕاندایه‌.

 

چه‌مكه‌ سه‌ره‌كییه‌كان بۆ ناسینی ڕه‌فتاری مرۆڤ كه‌ داینه‌مۆی گۆڕانه‌كانن

هیچ كاتێك ره‌فتار مرۆڤه‌كان دروست نابن ئه‌گه‌ر پاڵنه‌ر و هانده‌ری نه‌بێت، كه‌ بریتیین له‌:

یه‌كه‌م/ پاڵنه‌ر: بریتییه‌ له‌و پێداویستی و فشاره‌ ده‌ره‌كی و ناوه‌كیانه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر تاك، تاك ده‌یخانه‌ بارودۆخێكی دیاریكراوه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ هۆی دروست بوونی ڕه‌فتارێك بۆ تێركردن یان دوور خستنه‌وه‌ی ئه‌و فشاره‌ی له‌سه‌ریه‌تی.

ئه‌و كات ئه‌گه‌ر تاك توانی پێداویستییه‌كان تێربكات ئه‌وا (هه‌ستی ڕازیبوونی لا دروست ده‌بێت)، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ریش تاك نه‌یتوانی پێداویستییه‌كان تێربكات ئه‌وا (تووشی بێتاقه‌تی و زۆرجاریش داڕمان ده‌بێت).

دووه‌م/ هانده‌ره‌كان (الحوافز): بریتییه‌ له‌و توانا ناوه‌كییه‌ی كه ‌له‌ و‌زه‌ی ناوه‌كی دورست ده‌بێت و پاڵ به‌ تاكه‌وه‌ ده‌نێت بۆ كاركردنی زیاتر، له‌ پێناو ده‌ستكه‌وته‌كان به‌مه‌به‌ستی زیاتر تێربوون.

هاوكێشه‌ی به‌ده‌ستهێنان لای تاك= حه‌زوئاره‌زوو + زانیاری + توانا.

بۆ ئه‌وه‌ی تاك بتوانێ گه‌شه‌ به‌خۆی بدات، پێویسته‌ له‌ هه‌ندێ چه‌مك به‌باشی تێبگات، له‌وانه‌:

پڕۆسه‌ی گۆڕان چییه‌: بریتییه‌ له‌ هه‌ر چالاكییه‌ك كه‌ ببێته‌ هۆی دروستكردن بارودۆخێكی جیاواز له‌ بارودۆخه‌كه‌ی پێشخۆی.

پڕۆسه‌ی گه‌شه‌پێدان: بریتییه‌ له‌ چالاكییه‌ پلان بۆ دانراوه‌كانی مه‌به‌ستدار، به‌ ئامانجی باشتر كردنی بارودۆخێك.

تواناكان: بریتیین له‌ توانا ژیری و ماموسولكه‌یی مرۆڤ كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی كار هزری و جه‌سته‌ییه‌كان به‌كاریده‌هێنێت.

گۆڕان: بریتییه‌ له‌ گواستنه‌وه له‌ بارودۆخێكه‌وه‌ بۆ بارودۆخێكی تر  وه‌ك له‌ له‌ (أ) بۆ (ب) به‌هۆی ئامرازێكه‌وه‌ ئامانجیش له‌ گۆڕانكاری سه‌ركه‌وتنه‌، ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ش پێویستی به‌ (به‌ده‌ستهێنانی زانیاری، به‌توانایی، حه‌ز و ئاره‌زوو) هه‌یه‌.

یه‌كه‌م/ به‌ده‌ستهێنانی زانيارى: بۆ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك تاك پێویستی به‌ زانیاری هه‌یه‌،  ئه‌م زانیارییانه‌ش له‌ (خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی په‌رتووك و چیرۆك، ئاماده‌بوون له‌ كۆر و كۆبوونه‌وه‌كان ڕاوێژكردن به‌كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زاوه…) به‌ده‌ستدێت.

دووه‌م/ هه‌بوونی توانا: سه‌رچاوه‌كانی توانای تاك برییتیه‌ له‌ توانا ژیرییه‌كانی مێشك، توانا ماسولكه‌ییه‌كانی جه‌سته‌ و توانا و وزه‌ ده‌روونییه‌ شاراوه‌كانی ده‌روون. هه‌ر كاتێك تاك به‌ شێوه‌یه‌كی دروست ئه‌و توانایانه‌ی خۆی ده‌ستنیشان كرد، ئه‌وا ده‌توانێ به‌باشی به‌كاریانبهێنت بۆ گۆڕانكارییه‌كان.

سێیه‌م/ حه‌ز و ویست: بابه‌تێكی ناوه‌كییه‌، گرێدراوی هانده‌ری باوردۆخه‌ نوێیه‌كه‌یه‌، هه‌روه‌ها چۆنیش له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ خۆی ده‌گونجێنێت.

كه‌واته‌: گۆڕنكاری نایه‌ته‌دی تا له‌ناوه‌وه‌ تاك خۆی نه‌گۆڕێ، ئه‌گه‌رچیش خاوه‌نی هێز و شاره‌زایی و هاوكارییه‌كی باشیش بێ، وه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ (إن الله لا يغير ما بقوم حتى يغيروا ما بأنفسهم. صدق الله العظيم).

هه‌نگاوه‌كانی پڕۆسه‌ی گۆڕانكاری

  1. دانانی ئامانج له‌ ژیان.
  2. دیاریكردنی بواره‌كانی گۆڕانكاری و دانانی ئه‌وله‌ویات.
  3. بڕوات به‌ تواناكانت هه‌بێت هه‌روه‌ها پشت به‌خوا ببه‌سته‌ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی گۆڕانكاری.
  4. قۆناغه‌كانی سه‌ركه‌وتن و خاڵی چاودێریكردن دیاری بكه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئارامگربه‌.
  5. كێشه‌كانی بارودۆخی ئێستات دیاری بكه‌، كه‌ زیانییان بۆت هه‌یه‌.
  6. ئه‌و بارودۆخه‌ی ده‌ته‌وێ بیگۆڕی له‌به‌رچاوت به‌گه‌وره‌یی دایبنێ.
  7. خێرا ده‌ستپێبكه‌.
  8. چاره‌سه‌ر بۆ ئاسته‌نگه‌كان دابنێ.
  9. سووربه‌ له‌سه‌ر دانانی جێگره‌وه‌ی به‌سوود بۆ ڕه‌فتاره‌كانی پێشترت.
  10. هانی دۆست و خێزانه‌كه‌ت بده‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تۆ له‌گۆڕاندا بدن.
  11. چیرۆكی سه‌ركه‌وتووه‌كان بخوێنه‌وه‌ و لێیان فێرببه‌.

كه‌ی تاك هه‌ست ده‌كات كه‌ پێویستی به‌ گۆڕانه‌؟

كاتێك تاك ڕوبه‌ڕووی یه‌كێك له‌م بارودۆخانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌، له‌ ئه‌نجامدا ناتوانێ به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌رامبه‌ریان ڕابوه‌ستێ، له‌وانه‌:

  1. ده‌ركه‌وتنی پێداویستی نوێ و تێرنه‌كراو.
  2. به‌دستهێنانی زانیاری نوێ، ببێته‌ هۆی گۆڕینی ئاراسته‌كان.
  3. كاتێك تاك به‌راوردێك ده‌كات له‌ نێوان ئێستای خۆی و ڕابردووی.
  4. كاتێك تاك ئه‌دا و تواناكانی خۆی به‌ ئه‌دا و توانای كه‌سانی تر به‌رواد ده‌كات.
  5. گه‌شه‌كردنی ئاستی زانستی و كه‌لتووری هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك.
  6. ده‌ركه‌وتنی گۆڕانكاری ناوه‌خۆیی یان ده‌ره‌كی، كه‌ تاك ناچار بكات ئاراسته‌ی خۆی بگۆڕێت.

جۆره‌كانی گۆڕان

گۆڕان چه‌ند شێوه‌یه‌ی هه‌یه‌، له‌ خواره‌وه‌ به‌ كورتی تیشك ده‌خه‌ینه‌ سه‌ریان

یه‌كه‌م/ ڕێكخستن: بریتییه‌ له‌خۆ ڕێكخستنه‌وه‌ له‌ بارودۆخه‌ بچووكه‌كانه‌وه‌ بۆ بارودۆخێكی چاوه‌ڕوانكراوی گه‌وره‌تر.

دووه‌م/ گونجان: بریتییه‌ له‌ خۆگونجاندن پاش ئه‌وه‌ی خۆ ڕێكخستنه‌وه‌ بچووكه‌كان نه‌یانتوانی به‌رده‌وامی به‌ئاراسته‌كان بده‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ژێر كاریگه‌ری فشاره‌ ده‌ره‌كییه‌وه‌ ده‌بێت، كه‌ ده‌بێ بۆ بارودۆخه‌ نوێیه‌كه‌ بگونجێ.

سێیه‌م/ سازان یان هه‌ڵكردن: بریتییه‌ له‌ خۆگونجاندنێكی تا ئاستێك قوڵ له‌ چاو قۆناغه‌كانی پێشووتر، به‌ ئامانجی ده‌سته‌به‌ركردنی بارودۆخێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له‌گه‌لێ هه‌ڵبكات.

چواره‌م/ دووباره‌ بنیادنانه‌وه‌: بریتییه‌ له‌ گۆڕینی بارودۆخێك له‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌وه‌، له‌ ژێر فشارێكی ده‌ره‌كی، به‌ مه‌به‌ستی هێنانه‌ كایه‌وه‌ی بارودۆخێكی نوێ.

  1. ژینگه‌كه‌ هاوكار و گونجاو نه‌بێت.
  2. نه‌زانی له‌ كوێ قۆناغی گۆڕانكارییه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت.
  3. نه‌بوونی ئامرازی یارمه‌تیده‌ر بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ گۆڕانه‌كه‌.
كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

خۆکوشتن بژاردە نیە

ئەحمەد سلمان عثمان / ڕێنماییکاری دەروونی خۆکوشتن:ھەموو ئەوحالەتانە دەگرێتەوە کە مرۆڤ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی …