كارامه‌ييه‌كانى ژيان (life skill)

ن؛ دانا سه‌لام/ ب. رێكخراوی رێنمایی

له‌ ساڵی 2012ـدا بیرمان له‌ نووسینی نامیله‌كیه‌ك كردوه‌ به‌ ناوی (كارامه‌ییه‌كانی ژیان) پاش ماوه‌یه‌ك توانیمان چه‌ند بابه‌تێكی لێ ئاماده‌ بكه‌ین، دواتر به‌هۆی سه‌رقاڵییه‌وه‌ نه‌ماتوانی كاره‌كان ته‌واو بكه‌ین، تاكو ئێستا ئه‌م بابه‌تانه‌ی ئاماده‌مان كردوون هه‌ر له‌لام ماون، به‌ڵام ئێستا نامانه‌وێ چیتر بمێنێته‌وه‌، بۆیه‌ لێره‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی چه‌ند به‌شی بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌هیواین كه‌ سوودی هه‌بێت.

له‌به‌رچی شاره‌زاییه‌كانی ژیان گرنگه‌ كه‌ تاك بیزانێت؟

كاتێك به‌هۆی شۆڕشى پيشه‌سازىییه‌وه‌ گۆڕانكاری‌ گه‌وره‌ دروستبوو، ئه‌م شۆڕشه‌ توانى ئه‌ندامانى خێزان لێك جيابكاته‌وه‌، هه‌ر ئه‌ندامه‌ و به‌ره‌و كارێك ڕاپێچ بكات بۆ كاركردن و ده‌ستكه‌وتنى بژێوى ژيان، به‌ڵام پێش ئه‌م سه‌رده‌مه‌ وه‌ك سه‌رده‌مى چاخى ڕاوشكارى و سه‌رده‌مى كشتوكاڵى، سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى خێزان به‌يه‌كه‌وه‌ بوون بۆ كاركردن، ئه‌و كاركردنه‌ چ له‌ماڵه‌وه‌ بێت بۆ كاركردن له‌سه‌ر پيشه‌يه‌كى ده‌ستى بچووك وه‌ك ڕستن و چنين يان له‌ ده‌ره‌وه‌ بێت بۆ كشتوكاڵ و دروێنه‌، سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانى خێزان به‌يه‌كه‌وه‌ كاريان ده‌كرد، ئه‌م به‌يه‌كه‌وه‌ كاركردنه‌ يان به‌كۆمه‌ڵ كاركردنه‌ خۆى له‌ خۆيدا چه‌ند خاڵێكى گرنگى  تێدا ده‌رده‌كه‌وێت:

يه‌كه‌م/ يه‌كێك‌ له‌ هۆيه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كان به‌لاى ئه‌ندامانى خێزان بريتی بوو له‌ پێدانى كارامه‌يى له‌سه‌ر پيشه‌ و كاره‌كه‌يان، سه‌رۆك خێزان يان دايك و باوك كۆمه‌ڵێك كارامه‌ییان به‌ منداڵه‌كانيان ده‌دا، هه‌م له‌سه‌ر چۆنيه‌تى فێربوونى كاره‌كه‌ و هه‌م شاره‌زابوونيان له‌ به‌رێوه‌بردنى كاره‌كه‌يان و زياتر په‌ره‌پێدانى كاره‌كه‌، هه‌روه‌ها زياتركردنى ئاستی به‌ر هه‌مه‌كه‌ و هه‌م كارامه‌یی له‌ سه‌ر چونيه‌تى ساغ كردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كه‌ى، چۆنيه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كڕيار و فرۆشياره‌كان، چونيیه‌تى دروستكردنى په‌يوه‌ندى بۆ بازار په‌يداكردن، شاره‌زاكردنيان له‌سه‌ر چۆنيه‌تى چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌كان و بڕياردان و كارامه‌یی قه‌يران و كاره‌سات، چه‌ندين كارامه‌یی تر كه‌ له‌ ماوه‌ی كاركردن له‌گه‌ڵ يه‌كترى منداڵه‌كان فێرى ده‌بوون.

خاڵى دووه‌م/ بريتی بوو‌ له‌ هاوكاريكردنى ئه‌ندامانى خێزان، ئه‌م خێزانه‌ به‌يه‌كه‌وه‌ كاریان ده‌كرد، ده‌یانتوانی زياتر كاره‌كه‌ راپه‌رێنن و به‌سه‌ر ئاسته‌نگه‌كاندا زاڵ ببن، به‌يه‌كه‌وه‌ ده‌توانی ئاستى داهات و به‌رهه‌مه‌كه‌ش له‌ رۆژێكدا زياتر بكه‌ن.

خاڵى سێيه‌م/ خێزانه‌كانى ئه‌و كات زياتر ده‌يانتوانى پارێزگارى له‌ يه‌كترى بكه‌ن و خۆيان له‌ مه‌ترسى و كێشه‌كان رزگاربكه‌ن، بۆ نموونه‌ له‌كاتى كاركردنى خێزانێكى جووتيار له‌كارى كشتوكاڵى، كۆمه‌لێك ئاژه‌ڵى دڕنده ‌و مه‌ترسيدار په‌لاماريان بدانایه‌، ئه‌م خێزانه‌ به‌يه‌كه‌وه‌ زياتر ده‌يانتوانى  پارێزگارى له‌ يه‌كترى بكه‌ن و به‌كه‌مترین زيان ده‌رباز بن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ته‌نيا بوونايه‌ ئه‌و كات پارێزگارى كردنى ئه‌و تاكه‌ له‌خۆى كارێكى ئه‌سته‌م ده‌بوو.

خاڵى چواره‌م/ خۆى زياتر له‌ تووندوتۆڵى په‌يوه‌ندى نێوان ئه‌ندامانى خێزان ده‌بينێته‌وه‌، هه‌ميشه‌ ئه‌ندامانى خێزان به‌يه‌كه‌وه‌ كارده‌كه‌ن ئه‌م په‌يوه‌ندييه‌ له‌ قاڵبى په‌يوه‌ندى باوك و كوڕانه‌ يان دايك و كچانه‌ ده‌چێته‌ قاڵبى  په‌يوه‌نديه‌كى هاوڕێيانه‌ و دۆستانه‌، كێشه‌ى نێوان ئه‌ندامه‌كانى ئه‌م خێزان كه‌متر ده‌بێته‌وه‌ يان  كێشه‌كان زووتر چاره‌سه‌ر ده‌بن.

خاڵى پێنجه‌م/ كه‌مكردنه‌وه‌ى تێچووى پيشه‌كه‌، ئه‌و كات ڕه‌نگه‌ بتوانن به‌ بره‌ پاره‌يه‌كى كه‌م  پيشه‌يه‌كى گه‌وره‌ به‌رێوه‌ببه‌ن، چونكه‌ كاركه‌ره‌كانى ئه‌م پيشه‌يه‌ بريتیبوون له‌ ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ كه‌متر پێويستيان به‌ ده‌ستى كارى ده‌ره‌كى (كرێكار)ده‌بوو.

بۆيه‌ له‌گه‌ڵ  پێشكه‌وتنه‌كانى جيهان و په‌رته‌وازه‌بوونى ئه‌ندامانى خێزان، تاكه‌كان ئه‌م هه‌موو كارامه‌یی و خيبراتانه‌ى كه‌ له‌ خێزانه‌وه‌ فێرى ده‌بوون له‌ ده‌ستيان چوو، به‌تايبه‌ت له‌ شاره‌كان و  شوێنه‌ نيشته‌جێبوونه‌ گه‌وره‌كان، لێره‌دا  ئه‌م ئه‌ركه‌ كه‌وته‌ سه‌ر شانى په‌روه‌رده‌ كه‌ چۆن بتوانێ تاكه‌كان له‌ قوتابخانه‌كان و داموده‌زگاكان فێرى ئه‌م كارامه‌ییانه‌ بكات، ئه‌م بۆشاييه‌ پڕ بكاته‌وه‌.

لێره‌وه‌ گرنگى و پێويستى زانستى ده‌روونناسى به‌ ديار ده‌كه‌وێت، له‌ هاوكاريكردنى په‌روه‌رده‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌م بۆشاييه‌، به‌داهێنان و لێكۆڵينه‌وه‌ نوێكانى له‌سه‌ر تاك و كه‌سايه‌تى و سيفات و ره‌فتاره‌كانى كۆمه‌ڵێك تێبينى و سه‌رنج و بابه‌تى زانستى خسته‌ڕوو، گرنگترينيان بۆ ئه‌م باسه‌ بريتییه‌ له‌ كارامه‌ییه‌كانى ژيان.كارامه‌ییه‌كان ئه‌مانه‌ له‌ خۆده‌گرێت (كارامه‌یی ڕێزگرتنى له‌خۆ، كارامه‌یی خۆبه‌ده‌ستهێنان، كارامه‌یی ڕه‌تكردنه‌وه‌ “وتنى نا”، كارامه‌یی دانانى ئامانجه‌كان، چۆن ده‌گه‌يت به‌ ئامانجه‌كانت و چۆن به‌ كاريان ده‌هێنى؟ كارامه‌یی گونجان: چۆنيه‌تى گونجان له‌گه‌ڵ ئاسته‌نگه‌كانى ژيان، كارامه‌یی كۆنترۆڵ كردنى كات، كارامه‌یی بيركردنه‌وه‌ى عقلانى و مه‌نتقى، ته‌كنيكه‌كانى خۆ هێوركردنه‌وه‌ “به‌ره‌نگارى دڵه‌ڕاوكێ و خه‌مۆكى، كارامه‌یی به‌ره‌نگارى فشار و كاره‌سات و قه‌يران، كارامه‌یی بڕياردان، كارامه‌یی چاره‌سه‌رى كێشه‌، كارامه‌یی بيركردنه‌وه‌ى ره‌خنه‌‌ گرانه‌، كارامه‌یی په‌يوه‌ندیكردن و كارامه‌ییه‌ كۆمه‌ڵايه‌تيه‌كان وه‌ك چۆنيه‌تى په‌ره‌‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌كان، به‌توانايى له‌سه‌ر قبوڵكردنى جياوازييه‌كان و ئاشكرا كردنى گرنگيه‌كان له‌كه‌سانى تر، كارامه‌یی چاره‌سه‌رى ململانێكان: هه‌ڵبژاردنى رێگايه‌كى چاك بۆ خۆ رزگاركردن له‌م ململانێيه‌). ئه‌م كارامه‌ییانه‌ و چه‌ندين كارامه‌یی تر هه‌ن كه ‌له‌ ده‌روونناسیدا باسى كراوه‌ و گرنگى پێدراوه‌، ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ين له‌ چه‌ند به‌شێكدا باسی هه‌ندێ له‌م كارامه‌ییانه‌ بكه‌ين.

تێبینی/ له‌ به‌شی كۆتاییدا ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ سوودیان لێوه‌رگیراوه‌ داده‌نرێن.

كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

هه‌نگاوه‌كانی په‌ره‌پێدان به‌ كه‌سایه‌تی

ن؛ الاء احمد و؛ دانا سه‌لام/ ب. رێكخراوی رێنمایی سروشتی مرۆڤ وایه‌ به‌رده‌وام  بۆ سازان …