كارامه‌ییه‌كانی ژیان (3)

كارامه‌یی بڕياردان
ن؛ دانا سه‌لام/ ب. رێكخراوی رێنمایی
دوه‌م كارامه‌یی كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت باسی بكه‌ین بریتییه‌ له‌ كارامه‌یی بڕیاردان. بڕياردان يه‌كێكه‌ له‌ خه‌سله‌ته‌ گرنگه‌كانى كه‌سايه‌تى، زۆرجار كه‌سايه‌تى تاكى پێ ده‌ناسرێته‌وه‌، تاك پێويستى به‌كارامه‌یی بڕياردان هه‌يه‌، له‌ به‌ڕێوه‌بردنى كاروبارى ژيانى، له‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى كێشه‌كان زۆرجار واپێويست ده‌كات كه‌ تۆ بڕيارێك بده‌ىت و ده‌رفه‌تێكت له‌ پێشه‌. ره‌نگه‌ تۆ له‌ بڕياردان كه‌سێكى دوودڵ بيت نه‌توانيت ئه‌م ده‌فه‌ته‌ بقۆزيته‌وه‌ و بڕيار بده‌ىت، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ كه‌سێكى تر هه‌بێت هه‌مان ده‌رفه‌تى بكه‌وێته‌ پێش به‌ڵام وه‌كو تۆ كه‌سێكى ڕاڕا نيه‌، ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ ده‌قۆزێته‌وه‌ و بڕيارى خۆى ده‌دات، بۆ نموونه‌ سێ براده‌ر ده‌يانه‌وێت پياسه‌يه‌كى پاڕك بكه‌ن ڕه‌نگه‌ يه‌كێكيان بڵێت ده‌ى هه‌ر ئێستا بابڕۆين، يه‌كێكيان بڵێت باشه‌ بابيرى لێ بكه‌مه‌وه‌ دواتر بڕيارده‌ده‌م، سێيه‌ميان ڕه‌نگه‌ بڵێت نازانم دێم يان نايه‌م، ئه‌م نموونه‌‌ بڕياردانى سێ براده‌رمان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه‌، هه‌ر يه‌كه‌ و جۆرێك بڕياريان هه‌بوو .كه‌واته‌ لێره‌دا ده‌گه‌ينه‌ ئه‌و ڕاستیيه‌ى هه‌ر جۆره‌ كه‌سايه‌تيه‌ك، جۆره‌ بڕياردانێكى تايبه‌ت به‌خۆى هه‌يه‌، زانايانى ده‌روونناسى چه‌ندين جۆر كه‌سايه‌تيان دياريكردووه‌، واته‌ چه‌ندين جۆر و شێوازى بڕياردانيش هه‌يه‌ وه‌ك ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌:
شێوازه‌كانى بڕياردان Decision Making Style
1. بڕيارى هه‌ڵه‌شه‌: له‌كاتى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى هه‌ر پێش هاتێك ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ خێرا و بێ بيركردنه‌وه‌ى پێويست بڕيارده‌ده‌ن، ئه‌م دروشمه‌يان هه‌يه‌ ده‌ڵێن (تۆ ئێستا بڕيار بده‌ و دواتريش بير بكه‌ره‌وه‌).
2. بڕيارده‌رى به‌ ناچارى: ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ش كاتێك تووشى بارودۆخێك ده‌بن به‌هيچ شێوه‌يه‌ك بير له‌ ئاكام و ئه‌نجامى بڕياره‌كه‌يان ناكه‌نه‌وه‌، بۆ قه‌ده‌ر و باروودۆخى به‌جێ ده‌هێڵن ده‌ڵێن (خوا چى كرد بێت و چى نووسى بێ هه‌ر ئه‌و باشه ‌و ده‌بێت).
3. بڕيارده‌رى له‌ سه‌ره‌خۆ: ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ به‌وه‌ ناسراون پێش ئه‌وه‌ى بڕيار بده‌ن بير ده‌كه‌نه‌وه‌، كاتى بۆ ته‌رخان ده‌كه‌ن، دواتر بڕيار ده‌ده‌ن، دروشميان ئه‌وه‌يه‌ له‌ ژيان (به‌باشى بير له‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌)
4. بڕيارده‌رى به‌ پلان: ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ له‌ ئه‌نجامى پلاندانان و راگرتنى هاوسه‌نگى له‌ نێوان لايه‌نى عه‌قلى و لايه‌نى هه‌ڵچونييه‌وه‌ بڕيارى خۆيان ده‌ده‌ن، دروشميان له‌ ژيان بريتیيه‌ له‌ (خۆم گه‌وره‌ و پێشه‌واى خۆمم).
5. بڕيارده‌رى به‌ ئيلهام: ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ له‌ ميانه‌ى هه‌ست پێكردن و ئيلهام و بير و بۆچوونى كورت و پڕ و له‌ ناكاوه‌وه‌ بڕيار ده‌ده‌ن، به‌ڵام ناتوانن به‌م شێوه‌يه‌ش گوزارشت له‌م شتانه‌ بكه‌ن كه‌ هه‌ستى پێده‌كه‌ن به‌رده‌وام ده‌ڵێن (وا هه‌ست ده‌كه‌م وايه‌).
6. بڕيارده‌رى بێ ده‌سه‌ڵات و كڵۆڵ: ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ به‌رپرسياره‌تى ئه‌نجامى بڕياره‌كان له‌ ئه‌ستۆى خۆيان ده‌گرن و باجه‌كه‌ى ده‌ده‌ن، به‌ڵام كڵۆڵ و بێ دهسه‌‌لاتن ناتوانن هيچ هه‌نگاوێك بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى بڕياره‌كانيان بده‌ن (ئه‌زانم ده‌بێت كارێك بكه‌م به‌ڵام ناتوانم).
7. بڕيارده‌رى ده‌سته‌مۆ: ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ بۆ بڕيادان پشت به‌كه‌سانى تر ده‌به‌ستن بڕواى ته‌واويان له‌سه‌ر بڕيارى كه‌سانى تر هه‌يه‌، هيچ بۆ چونێكيان له‌سه‌ر ئه‌م بڕيارانه‌ نيه‌ كه‌ ده‌رباره‌ى ژيان و سوود و قازانجى خۆيانه‌، دروشميان له‌ ژيان ئه‌وه‌يه‌ ده‌ڵێن)چى ده‌كه‌ى من رازيم، يان ده‌ڵێن ئه‌و شته‌ى كه‌ بۆ تۆ په‌سنده‌ بۆ منيش په‌سنده‌).
8. بڕيارده‌رى داماو: ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ ماوه‌يه‌كى زۆر به‌ بيركردنه‌وه‌ و كۆكردنه‌وه‌ى زانيارى و تاوتوێكردن و به‌راووردكردنى به‌ فيرۆ ده‌ده‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ى بتوانێت بڕيار بدات، سه‌ره‌ڕايى ئه‌و هه‌موو ماندوو بوون و كات به‌فيرۆدانه‌ ده‌لێن (نازانم چى بكه‌م و ناتوانم بڕيار بده‌م).
9. بڕيارده‌رى ڕاكه‌ر و قوچێنه‌ر: ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن خۆيان له‌ بڕياردان دوور بخه‌نه‌وه‌، هه‌وڵده‌ده‌ن له‌و كێشه‌ و ڕووداو و بابه‌ت و پرسيارانه‌ى كه‌ پێويستيان به‌ بڕياردانه‌ ڕابكه‌ن و سه‌ر له‌ كه‌سه‌كه‌ بشێوێنن، وه‌ڵامێكى ڕوون و ورد بۆ پرسياره‌كه‌ ناده‌نه‌وه‌، يه‌كسه‌ر ده‌چنه‌ باسى بابه‌تێكى تر.
10. بڕيارده‌رى ئاسانكار: كه‌مترين كات و ئاسانترين شێوه‌ و بێ مه‌ترسى ترين شت، ئامانجه‌كانى كه‌سى بڕيارده‌رى ئاسنكارن، به‌دواى ئه‌م ئيشوكارانه‌دا ده‌گه‌رێن كه‌ ئه‌م مه‌رجانه‌ى تێدايه‌، چونكه‌ ئه‌م كه‌سانه‌ تواناى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى شته‌كانيان نيیه‌، هه‌ركارێك ببێته‌ هۆى مه‌ترسى و ناڕه‌حه‌تى بۆیان، خۆيانى لێده‌پارێزن و ره‌نگه‌ ئه‌م كاره‌ نه‌كه‌ن.
ئه‌م خاڵانه‌ى كه‌باس كران بۆ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئێمه‌ بزانين له‌كام جۆرى بڕياردانين، خۆمان بناسين تاكو تووشى دڵه‌ڕاوكێ و دوو دڵى نه‌بين، نه‌ له‌كاتى بڕياردان نه‌ له‌پاش بڕياردان (شريف،2007، الريماوى، 2008).

ئه‌و هۆكاره‌ گرنگانه‌ى كاريگه‌ريان سه‌ر پڕۆسه‌ى بڕياردان هه‌يه‌:
پڕۆسه‌ى بڕياردان يه‌كێكه‌ له‌و پرۆسانه‌ى پێويستى به‌ بيركردنه‌وه‌ و پڕۆسه‌ ژیرییه‌‌ باڵاكانی وه‌ك (شيته‌ڵ كردن، هه‌ڵسه‌نگاندن، هه‌ڵێنجان، يادكردنه‌وه‌ و به‌راوردكرن) هه‌يه‌، بۆ بڕيارێكى دروست و مه‌نتقى، قابيلى پاشگه‌زبوونه‌وه‌ و ناره‌حه‌تى نه‌بێت ده‌بێت به‌م پڕۆسانه‌دا بڕوات، هۆكاره‌كانيش ئه‌مانه‌ن:
1.ده‌ستكه‌وتنى كه‌مى زانيارى و كارامه‌یی تاك له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ى پێويسته‌ بڕيارى له‌سه‌ر بدات، زۆرجار وابوه‌ كێشه‌يه‌كت دێته‌ پێش به‌هۆى كه‌مى كارامه‌یی و زانيارى نه‌توانيوه‌ بڕيارى پێويست بده‌یت، يان زۆرجار زانيارى و كارامه‌ییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ زۆرن به‌ڵام دووباره‌ تاكه‌كه‌ وا لێده‌كات تووشى راڕايى و گومان بێت، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و زانيارى و كارامه‌ییانه‌ى تاكه‌كه‌ هه‌يه‌تى به‌ شێوه‌يه‌كى پچڕپچڕن و كه‌موكورتيان تێدايه‌.
2.كه‌مى زانيارى ده‌رباره‌ى چونيه‌تى بڕياردان و بڕوانه‌بوون به‌ به‌ توانا و لێهاتووييه‌كانى خۆى، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ڕێگرێكى گه‌و‌ره‌ له‌ به‌رده‌م ئه‌م پڕۆسه‌يه‌.
3. كه‌سايه‌تى تاك: ئه‌م هۆكاره‌ بۆ زۆرى حه‌ز و ئاره‌زو و پاڵنه‌ره‌كانى تاك ده‌گه‌رێته‌وه‌، نازانێت بڕيار له‌سه‌ر كاميان بدات و هه‌ڵيبژێرێ، تووشى ململانێى ده‌روونى ده‌بێت تا بڕيارێك ده‌دات.
ئه‌و خاڵانه‌ى له‌كاتى بڕيادان ده‌بێت له‌به‌ر چاو بگيرێن:
1. ده‌ستنيشان كردنى كێشه‌ و ئامانج؛ واته‌ ئه‌و كێشه‌ى ده‌ته‌وێت بڕيارى له‌سه‌ر بده‌يت چ جۆر كێشه‌يه‌كه‌؟ ئامانجت له‌م بريادانه‌ چیيه‌؟
2. كۆكردنه‌وه‌ى زانيارى ته‌واو له‌ سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانيت بڕيارێكى پێويست بده‌یت.
3. دانانى چه‌ند گريمانه‌ و به‌ديلێك، ده‌كرێت 3 بۆ 4 گريمانه‌ زياتر بێت.
4. جێبه‌جێ كردن وتاقیكردنه‌وه‌ى باشترين گريمانه‌.
هه‌ڵسه‌نگاندن و دووباره‌ پێداچوونه‌وه‌ى بڕياره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خاڵه‌ لاوازه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌یت

كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

خۆکوشتن بژاردە نیە

ئەحمەد سلمان عثمان / ڕێنماییکاری دەروونی خۆکوشتن:ھەموو ئەوحالەتانە دەگرێتەوە کە مرۆڤ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی …