كارامه‌ییه‌كانی ژیان (4)

كارامه‌یی چاره‌سه‌رى كێشه‌

ن؛ دانا سه‌لام/ ب. رێكخراوی رێنمایی

وته‌يه‌ك هه‌يه‌ ده‌لێت (ژيان به‌كێشه‌وه‌ خۆشه‌، ئه‌گه‌ر كێشه‌ نه‌بێت خۆشيه‌كان ئه‌م تامه‌ و بۆ‌ى نابێت)، چونكه‌ تۆ له‌ ئه‌نجامى ئه‌م ناخۆشيانه‌وه‌ گه‌يشتويه‌ته‌ ئه‌م خۆشيانه‌، واته‌  خۆشيیه‌كان ئه‌نجامى كێشه‌كانن.‌ دروستبوونى كێشه‌ له‌ به‌رده‌م تاكه‌كان شتێكى ئاساييه‌، نابێت خۆمان نغرۆى خه‌م و خه‌فه‌ت و ناڕه‌حه‌تى بكه‌ين، به‌قه‌ده‌ر  قه‌باره‌ى كێشه‌كه‌ خۆت بۆ چاره‌سه‌رى ماندوو بكه‌، جارى وا هه‌يه‌ كێشه‌يه‌كى بچووكت هه‌يه‌، ئه‌م ناڕه‌حه‌تيه‌ى ناوێت خۆتى بۆ نغرۆى خه‌م بكه‌ى، ره‌نگه‌ به‌كه‌مترين كات و به‌كه‌مترين ماندوو بوون چاره‌سه‌رى بۆ بدۆزيته‌وه‌، گرنگ ئه‌وه‌يه‌ بڕوا و متمانه‌ت به‌خۆت هه‌بێت، بڵێ من خۆم ده‌توانم به‌سه‌ر كێشه‌كانمدا زاڵبم، دڵنيابه‌ هه‌ر سه‌رده‌كه‌ويت. لێره‌دا پێويسته‌ چه‌ند مه‌رجێكى گرنگ بۆ دياريكردنى كێشه‌ ده‌ستنيشان بكه‌ين وه‌ك:

  1. زۆرترين كاريگه‌رى: هه‌وڵبده‌ پۆلینێك له‌نێوان ئه‌م كێشانه‌ بكه‌يت كه‌به‌لاته‌وه‌ كێشه‌ن، بزانه‌ كاميان زۆرترين كاريگه‌رى هه‌يه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانيت هه‌نگاوى يه‌كه‌م  به‌سه‌ركه‌وتووى دياری بكه‌ى، چونكه‌ ره‌نگه‌ تۆ خۆت به‌كێشه‌يه‌كه‌وه‌ خه‌ريك بكه‌يت، ئه‌م كێشه‌يه‌ كێشه‌كى لاوه‌كى بێت و له‌ ئه‌نجامى كێشه‌يه‌كى گه‌وره‌تر درووست بوبێت‌، بۆ نموونه‌ (قوتابيه‌ك له‌ وانه‌كانى  خوێندنى  ئاستێكى باشى نيه‌، جێگه‌ى ره‌زامه‌ندى مامۆستاكانى نيه‌، ڕه‌نگه‌ زۆر خۆى سه‌رزه‌نشت بكات و بڵێت من ته‌مبه‌ڵم و هيچ نازانم). به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ئه‌م ته‌مبه‌ڵ و نه‌زان نه‌بێت ئه‌مه‌ كێشه‌كه‌ى ئه‌م نيه‌، به‌ڵكو له‌وانه‌يه‌ كێشه‌ى ئه‌و ئه‌مه‌ بێت نه‌زانێت چۆن وانه‌كانى بخوێنێ، شێوازى ده‌رس خوێندن نازانێ. كه‌واته‌ لێره‌دا ئه‌م كێشه‌ى زۆر كاريگه‌رى هه‌يه‌ به‌نسبه‌ت ئه‌م قوتابیيه‌، كێشه‌ى هه‌بوونى كه‌موكوڕییه‌ له‌ شێوازه‌كانى ده‌رس خوێندن و كۆششكردن، نه‌ك ئه‌و قوتابيیه‌ ئاست نزم بێت.
  2. مه‌رجى واقيعى (وابوويى- رياليستى): ئه‌م مه‌رجه‌ ئه‌وه‌يه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ى به‌لاته‌وه‌ كێشه‌، كێشه‌يه‌كى واقيعى بێت و بتوانرێت چاره‌سه‌ر بكرێن نه‌وه‌كو ناواقيعى بێت و له‌گه‌ڵ واقع نه‌گونجێت.
  3. ده‌رفه‌ت بۆ به‌ده‌ستهێنانى باشترين ئامانج: ده‌بێت ئێمه‌ ره‌چاوى ئه‌وه‌ بكه‌ین له‌كاتێكى وا هه‌وڵبده‌ين ده‌رفه‌ته‌كه‌ گونجاوه‌ بۆ چاره‌سه‌رى، ده‌توانين بگه‌ينه‌ ئامانجێكى باش. سه‌رچاوه‌ رێكخراوی(PDA).

ئه‌م مه‌رجانه‌ مه‌رجى سه‌ره‌كين بۆ ده‌ستنيشانكردنى كێشه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوانه‌ت جێبه‌جێ كرد ئه‌وا قۆناغێكى گرنگت له‌ چاره‌سه‌رى بريوه‌.

دووه‌م/ قۆناغی ستراتيژيه‌تى چاره‌سه‌رى كێشه‌ و نه‌هێشتنى:

  1. دووركه‌وتنه‌وه‌: واته‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌و شتانه‌ى ده‌زانى ده‌بێته‌ هۆى دروستبوونى كێشه‌ وه‌ك كه‌سێك شه‌وان تا دره‌نگانى شه‌و سه‌يرى فيلمى ترسناك و پڕ شه‌ڕ و ئاژاوه‌ ده‌كات، ده‌ڵێت نازانم بۆ زۆربه‌ى شه‌وان له‌كاتى خه‌وتن من خه‌ونى ترسناك و ناخۆش ده‌بينم؟ خه‌وم لێ تاڵ بووه‌، نازانم چى بكه‌م؟ چاره‌سه‌رى ئه‌م كێشه‌يه‌ ده‌توانين بڵێن به‌ كه‌متر سه‌ير كردنى يان دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌م جۆره‌ فيلمانه‌ كه‌متر خه‌ونى ناخۆش ده‌بينيت.
  2. كاڵكردنه‌وه‌ى كاريگه‌رييه‌ خراپه‌كان (نه‌گه‌تيڤه‌كان): ئه‌و شتانه‌ى كاريگه‌رى نه‌رێنییان هه‌يه‌ له‌سه‌رت هه‌وڵبده‌ كاريگه‌رييان كه‌م بكه‌يته‌وه‌، بۆ نموونه‌ تۆ ده‌كه‌ويته‌ به‌رامبه‌ر به‌كه‌سێك تێروانينه‌كانى به‌رامبه‌رت زۆر خراپ و ڕه‌ق و ناخۆشن، ده‌ڵێت (تۆ كه‌سێكى زۆر دواكه‌وتووی، نه‌زانى و هيچ كه‌سێك تۆى خۆش ناوێت). ره‌نگه‌ زۆرجار تووشى ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ بوويت، تۆ له‌م كاته‌ بۆ ئه‌وه‌ى كاريگه‌رى ئه‌م  وشه‌ ره‌قانه‌ كه‌م بكه‌يته‌وه‌ يان كاڵى بكه‌يته‌وه‌، ده‌كرێت بڵێیت (زۆر سوپاس  بۆ ئه‌م قسانه‌ت به‌ڵام ده‌كرێ ئه‌م قسانه‌ ته‌نها بۆچوونی خۆت بن).
  3. پێداگيرى له‌سه‌ر كاڵكردنه‌وه‌ و نه‌هێشتن: هه‌ر بۆ ئه‌م نموونه‌ى سه‌ره‌وه‌ كه‌سێك ئه‌م تێڕوانينه‌ خراپانه‌ى به‌رامبه‌رت هه‌يه‌، ده‌كرێت پێداگيرى بكه‌ى بۆ ئه‌وه‌ى به‌يه‌كجارى  كاريگه‌رى  ئه‌م قسانه‌ نه‌هێڵيت و بيركردنه‌وه‌ى ئه‌م كه‌سه‌ش بگۆرى. وه‌كو ( پاش ئه‌وه‌ى سوپاست كرد، گوتت ره‌نگه‌ ئه‌م  قسانه‌ ته‌نها ره‌ئى خۆت بن، ئينجا لێره‌دا بڵێ ده‌كرێت يه‌ك دوو به‌ڵگه‌م له‌سه‌ر ئه‌م قسانه‌ بده‌يتێ يان ئه‌م قسانه‌ بسه‌لمێنى بۆم) له‌م خاڵه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌  نه‌وه‌كو قسه‌كان هه‌ر به‌ره‌و كاڵ بوونه‌وه‌ ده‌چن به‌ڵكو ره‌نگه‌ هه‌ر نه‌مێنن.
  4. پاپه‌ندبوون به‌ كاردانه‌وه‌ ئه‌رێييه‌كان: پاش ئه‌وه‌ى له‌م جۆره‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وانه‌دا گه‌يشتيه‌ ئه‌وه‌ى كاريگه‌رى كێشه‌كان به‌ره‌و نه‌مان چوون. ئينجا هه‌ڵسه‌ به‌ پاپه‌ندبوون به‌م كاردانه‌وه‌ ئه‌رێنی و باشانه‌ى كه‌ ده‌رتبڕيون، وه‌كو تۆ وتوته‌ سوپاس، وتوته‌ بۆم بسه‌لمێنه‌ ئه‌م بير و باوه‌ڕانه‌ى سه‌باره‌ت به‌من باسيان ده‌كه‌ى  ئه‌مانه‌ كاردانه‌وه‌ ئه‌رێكانن، پاشان  پاپه‌ندبه‌ به‌م وشانه‌ و بڵێ (به‌راستى من ڕێزم هه‌يه‌ بۆ بيروبۆچونه‌كانت هه‌ر له‌لای من رێزى). ئه‌وه‌ش بزانه‌ هه‌ميشه‌ وشه‌ نه‌رم و جوانه‌كان كاريگه‌رى باش به‌جێ ده‌هێڵن. (فه‌قێ ،2006،ص194-203)
كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

خۆکوشتن بژاردە نیە

ئەحمەد سلمان عثمان / ڕێنماییکاری دەروونی خۆکوشتن:ھەموو ئەوحالەتانە دەگرێتەوە کە مرۆڤ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی …