سایکۆلۆژیای عاشق لای خۆمان

محمد تەها حسێن / مامۆستای زانکۆ

لە سایکۆلۆژیای عاشقی لای خۆمان چاو تەنها یەک شت دەبینێ ئەویش مەعشوقە، گوێ یەک شت دەبیستێ ئەویش دەنگی مەعشوقە، دەست بەر یەک شت دەکەوێ ئەویش تەنها مەعشوقە، لووت یەک بۆن دەناسێتەوە ئەویش بۆنی کراس و کەوێ و دەسەسڕ و لەچک و خەنە و قەنەفل و هەناسەی مەعشوقە، ئەمانە شێتیەکی رەهان و هەرگیز خۆشەویستی ئینسانیان لێ ناچۆڕێتەوە، نەخۆشیەکی رەهان و قەتاوقەت کەسێکی ساغمان بۆ ناناسێنن، خۆپەرستیەکی رەهان و هیچ کەسێکی تر لای ئەوان خۆشەویست نیە، عاشق تەنها عاشقی خۆیەتی و هەموومان لە دەرەوەی ئەودا ئامادەین بۆ سووتان، مردن، بۆ هەموو جۆرەکانی تری قوربانی.

عاشق هەمیشە لە دەرەوەی خۆیەتی و بوونی خۆی لە نێو بابەتێک دەبینێتەوە کە مەعشوقە،

دەست بردن بۆ مەعشوق عاشق تا ئەو ئاستە تورەدەکا کە خاوەن دەستەکان هەموویان بکاتە قوربانی مەعشووق، ئەی ئەوە نیە عاشق هەرچی شار و کچ و کوڕی نیشتیمان هەیە، تەنانەت دایک و باوکیشی دەکاتە قوربانی مەعشوق!

عاشق کەسێکی نەخۆشە و ئەوەی دەشیکا هەرگیز خۆشەویستی نیە، لە خۆشەویستیدا کەس نابێ بە قوربانی و هەردوولا دوو بوونی جیاوازن و بە جیاوازی یەکتر دەبینن، لەیەکتر ناچن و هەر یەکەیان کەسێکی ترن، بەڵام بوونیان بۆ یەکتر بە زەروور دەزانن و سەربەخۆیانە و بێ توانەوە لە نێو یەکتردا دووانەیەکی یەکگرتوو دەبن.

عاشقەکان بۆچی ئامادەن خۆیان بکەنە قوربانی مەعشووق؟ چونکە ئەوەی عشقی بوون ئەوە خۆیانن و مەعشوقیش هیچ کاتێک بەشێکی جیاکراوە نیە لەو، ئەوەی کچە تواوەی کوڕەکەیە و ئەوەی کوڕیشە تواوەی کچ، بەڵام لە خۆشەویستیدا هەردوولا بە ئازادییەوە چیرۆکێکی زیندەگی دەسازێنن لەو چیرۆکەدا یەکێک قسەکەرە و ئەوەی تر گوێگر و دواتر یەکێک گوێگر و ئەوەی تر قسەکەر، یەکێک بینراوە و ئەوەی تر بینەر و پاشان یەکێکیان بینەر و ئەوەی تر بینراو، یەکێک بیسەر و ئەوەی تر بیسراو دوای ئەوە یەکێکیان بیسراو ئەوەی تر بیسەر…تاد

كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

حاجييان باڵوێزانى ئاشتين

دانا سه‌لام كه‌ريم/ رێنماییكاری ده‌روونی (خوێندنه‌وه‌يه‌كى ده‌روونناسانه‌ بۆ كه‌سايه‌تى حاجى) ده‌بێت له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى حاجييان له‌ …