خۆشەویستی یەکلایەنە وەك بکوژێکی خود

ئامادەکردنی:ڕێنماییکار ئەحمەد سلمان عثمان

خۆشەویستی یەکلایەنە:بریتییە لە جۆرێک لەخۆشەویستی کە تێیدا کەسێک تاک لایەنانە گیرۆدەی خۆشەویستی کەسێکی دیکە دەبێت و لایەنەکەی بەرامبەر یان ئاگای لەکەسە گیرۆدەبووەکە نیە و بەھەمووشێوەیەک بێ ئاگایە،یاخود ئاگادارە بەڵام ئامادەنیە وەلام گۆبێت و ھیچ خۆشوویستیەک ببەخشێت بە کەسە گیرۆدەبووەکە و ئامادەنیە بەدەم ھەست و سۆزی ئەوەوە بڕوات و بێباکە لەھەست و سۆز و کۆژانەکانی لایەنی یەکەم. چونەنێوناخی کەسی بەرامبەر لەخۆشەویستیدا لووتکەی ئاگایی و ھۆشیاری تاك نیشان دەداو ھەرگیز لەو بەیەکگەیشتنە عەقلانی و ڕۆحانیەدا نە ھەست و دواتر نە عەقل ونن،بەلکو ھەردووکیان بەیەکەوە ھەماھەنگ ئامادەن و ورووژان و سۆز و ھەڵچونەکانی کەسەکە لەخۆشەویستیدا ئاراستەدەکەن ،ھۆشیاری بوون بەخۆشەویستی عەقلانیبوونی ئەومان لێ وەدیاردەخات لێرەشەوە دەتوانین زانستیانە خۆشەویستی وەک وانە فێربین بۆئەوەی ئەوەی ناشیزانێ و توانای کردنی نییە فێریبێ ھەتاوەکو بە ھۆیەوە حەز و ئارەزوو و توانستەکانی خۆی وەرگێڕێتە سەر زەمینی واقع. وەھەروەھا یەکەمین قۆناغ بۆ گەشەکردنی کەسێتی درووست یان کەسێکی جوانی ڕەسەن،دەروونێکی سۆزدارە. فارنکل پێی وایە:خۆشەویستی تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ مرۆڤێکی تر لەقولایی ناخی کەسێتیەکەوە بناسێ،مرۆڤ ناتوانێ تەواوھۆشیاربێت بەناخی قولی کەسێکیتر تەنھا ئەگەر خۆشیبووێ. ئەگەر خۆشەویستی دوولایەنە ژیانی مرۆڤەکان جوانتربکات و ووزەی بەردەوام ببەخشێت بەمرۆڤەکان،لەبەر ئەوەی پەیوەندی نێوان دووکەسەکە بەھاوسەنگی ڕادەگرێت،ئەوە خۆشەویستی یەکلایەنە ئەشکەنجەدانێکی بەردەوامی (خود)ە تائەو پەڕی ڕادەی ڕۆح و دەروون و مێشك دەپڕوکێنێت،چونکە ھاوسەنگی لە پرۆسەی وەرگرتن و بەخشیندا لەنێوان دووکەسەکەدا بوونی نیە،ھەرتاکێک دەکەوێتە ئەم حالەتەوە واتا وەک ئەوەوایە کار لەسەر دەستپێکردنی ھەڵایسانی جەنگێک بکات کەکۆتاییەکەی دۆڕاندنە،جەنگێك ھەلگیرسێنەرەکەی(خود)دەبێت و قوربانیەکەش ھەر(خود)دەبێت نەوەک بەرامبەر. ھەروەک چۆن کاتێک مرۆڤ دووچاری خوێن بەربوون لەجەستەیدادەبێت ئەگەر ئەو زامە ساڕێژنەکرێت ئەو خوێن لەبەر ڕۆیشتنەوە نەوەستێندرێت،ئەوەئەو کەسە زامدارە ڕووبەڕووی مەترسی گەورە دەبێتەوە ھەتا ئاستی گیان لەدەستدان،خۆشەویستی یەکلایەنەش لەبەر ڕۆیشتنێکی بەردەوامی وزە دەروونی و ڕۆحییەکانی مرۆڤە،سەرباری وزەی مێشک و وزەی جەستە چونکە ھیچ وزەیەکی وەرناگرێتەوە لەبەرامبەرە بێ ئاگاکە یان لەو بەرامبەرەی کە ئامادەنیە ھیچ سۆز و خۆشەویستیەک ببەخشێتە کەسەکە. خۆشەویستی یەکلایەنە تایبەت نیە بە ڕەگەزێکی دیاریکراوا بەلکو ھەردوو ڕەگەزی(نێر – مێ) دووچاری دەبن بەڵام لەڕەگەزی مێینە زیاترە و بەئازارترە،چونکە لەکۆمەلگەی ئێمەدا بەر لە پێکھاتەی سایکۆلۆژی و سۆزداری ڕەگەزی مێینە کە فاکتەرێکی گرنگە،فاکتەرە کۆمەڵایەتیەکەو کلتور ڕۆلی خۆی دەبینێت کە ئەو حالەتە بەسوێتربێت بۆکچان،چونکە کوڕان کاریگەری کلتوری پیاو سالارانەیان لەسەرە ھەمیشە دەستپێشخەرن لەکچان لەدەربڕینی ھەست و سۆزەکانیاندا،کچان لەبەر ئیعتیباراتی کۆمەڵایەتی زیاتر ھەست و سۆزەکانیان لەکاتی گیرۆدەبوونیان بە خۆشەویستی یەکلایەنە پەنگ دەخواتەوە و توانای دەربڕینیان لەو ھەستە نیە بۆ کەسی بەرامبەر،لەزۆرباردا لایەنی یەکەم لەترسی ئەوەی لایەنی دووەم خۆشەویستی و دەستپێشخەریەکی بۆ دروستکردنی پەیوەندی خۆشەویستی ڕەتبکاتەوە،ناوێرێت ھەستە پەنگخواردوەکانی خۆی بۆ لایەنی دووەم ئاشکرابکات،بەجۆرێک ڕەزامەند دەبێت خۆی لەو ئەشکەنجە دەروونیە بھێلێتەوە لەناو بازنەیەکی داخراو بخولێتەوە،نەوەک بەرمبەر داواکاریەکەی ڕەتبکاتەوە،ئەمەش خۆ خەلەتاندن و بەفیڕۆدانی زۆرێک لەگەوھەرە بەنرخەکانی مرۆڤە.

بەسود وەرگرتن لەو سەرچاوانە: ١- محمد طە حسێن:(سایکۆلۆژیای خۆشەویستی).

٢- سامان سیوەیلی:(کەسێتی خۆشەویستی و خود). ٣- سۆزان جەمال:(لەگەل سایکۆلۆژیادا).

كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

حاجييان باڵوێزانى ئاشتين

دانا سه‌لام كه‌ريم/ رێنماییكاری ده‌روونی (خوێندنه‌وه‌يه‌كى ده‌روونناسانه‌ بۆ كه‌سايه‌تى حاجى) ده‌بێت له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى حاجييان له‌ …