خۆکوشتن بژاردە نیە

ئەحمەد سلمان عثمان / ڕێنماییکاری دەروونی
خۆکوشتن:ھەموو ئەوحالەتانە دەگرێتەوە کە مرۆڤ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی کردارێکەوە ئیتر بە ھەرچ شێوازێك بێت ھەوڵی لەناوبردنی خودی خۆی دەدات و دەیەوێت بە دەستی خۆی مۆمی رووناکی ژیانی بکوژێنێتەوە.
ژیانی مرۆڤ بریتیەلە بەرزی و نزمی و شکست و سەرکەوتن….ھەریەك لەو دیاردانەش بەجۆرێک لەلایەن مرۆڤەکانەوە وەڵام دەدرێنەوە،ئاساییە کەسێک بۆ ماوەیەکی کەم ھەستێکی خەفەتباری ھەبێت لەمیانەی ئازارێک یان لەدەستدانی شتێک یا کەسێکی خۆشەویست،بەڵام ئەوە بەومانایە نایەت تاك بەھۆی بارودۆخێکی ئاواوە ژیان لەخۆی تێکبدات و تروسکایەکی تێدا بەدی نەکات.
ڤیکتۆر فرانکل پێیوایە:مرۆڤ بوونی مرۆڤ ئەوەیە کە هەمیشەبەر هەڵوێستێک دەکەوێ،یا دەکەوێتەنێویەوە و ڕووبەڕووی هەڵوێستێک دەبێتەوە ناوەناوەش بەسەر ئەم واقیعە باڵادەبێ.
کەواتە کاتێک بەر ھەلوێستێکی ناخۆش یان بەئازار دەکەوین ئەوە لەبری ملکەچبوونمان بۆی دەبێت ھەولی ئەوەبدەین ڕووبەڕووی واقع ببینە و حەکیمانە مامەلەی لەگەل بکەین،نابێت ئازارەکان و شکستەکانمان تواناکانمان پەکبخەن،بەلکو دەبێت بەتێگەیشتنێکی نوێوە ڕووبەڕووی دیاردەکان بینەوە وەک ئەوەی ڕۆمان بلان دەڵێت:(شکست دەبێت ووزەی کپکراو خەبەرکاتەوە).
کارێکی ئاسان نییە ئەوە یەکلایی بکرێتەوە ئایا خۆکوشتن کارێکی عەقلییە یان دەروونییە.چونکە عەقل و دەروون ھەمووکات کۆك نین لەسەر ئەو فرمانانەی لەسەر جەستە جێبەجێیدەکەن و ھەندێكجار دژی یەکدی دەوەستن و ھەندێکجاریش ھاوڕا دەبن،بەڕادەیەك(عەقل و دەروون ھەندێکجار بەشێوەیەك تێکەلدەبن وا دەردەکەون یەکێکن.کاتێک عەقل بیردەکاتەوە گەر دەروون ڕەزامەند و ئاسودەبێت،ئەوا گوێی لێدەگرێت،کاتێکیش دەروون داوادەکات،ئەگەر داواکە دروست بێت،ئەوە عەقل جێبەجێیدەکات)دەرەنجامیش ھەر جەستەیە دەبێتە مەیدانی جێبەجێکردنی داوا و ئارەزوو و حەزە شیاو و نەشیاوەکانی عەقل و دەروون.
ھەندێک کەس لەو باوەڕەدان کە بارودۆخێکی ئالۆز یان کارەساتێکی لەناکاویان گرفتێکی چاوەڕوان نەکراو یەکسەر دەبێتە ھۆی خۆکوشتن.
لەڕاستیدا ئەو لێکدانەوەیە ھەڵەیە و دوورە لەڕاستیەوە،لەبەر ئەوەی مرۆڤ بوونەوەرێکی عاقل و ژیرە و پێش ئەوەی پەنا بۆ ھیچ کردارێک ببات،بەتەواوی بیری لێدەکاتەوە و باشی و خراپیەکانی ھەڵدەسەنگێنێ ئینجا بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات.
شۆپنھاوەر خۆکوشتن بەکارێکی تەواو گومڕایانە وەسفدەکات،چونکە پێی وایە خۆکوشتن تەنیا بوونی ڕووکەشی مرۆڤ لەناو دەبات شتێکە لەناو بوونێکدا ڕوودەدات و ژیان و ئیرادە کاریان تێناکرێت،ھاوکات پێیوایە ھەرگیز خۆکوشتن ناتوانێت بەسەر ئەستەمی و ناخۆشیەکانی ژیان زالبێت و تەنیا ملکەچبوونێکی تەواو بۆ عەقل و مەعریفە لەتوانایاندایە ئەو ئەستەمیانە بڕەوێنەوە،ھەروەھالیۆ مینارد دەڵێت:(ئێمە ناتوانین لەنێوان مردن و ژیاندا ھەڵبژاردن بکەین) مرۆڤ مردن ھەڵنابژێرێت،چونکە ئەوە بەھەڵبژاردن داناندرێت کەدوای خۆی ھیچ ھەڵبژاردنێکیتر نەبێت،بەلکو ھەلبژاردن لەبواری زیندەگیدادەکرێت،لەنێوان تواناو ئەگەرەکانی لەناو ژیاندا ھەن، چونکە ئەمانە سەرجەمیان لەسنوری ژیاندا کۆبوونەتەوە،بەڵام ھەلبژاردن لەنێوان دوو جیھانی جیاواز و دوور و نزیك لەیەك کاتدا ئەستەمە،ئێمە نازانین جیھانی دووەم کەمردنە چۆنە و وەزیفەی مردنمان تاقینەکردیتەوە.
خۆکوشتن وەك دیاردەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی بەلوتکەی کارەساتی مرۆڤایەتی و پۆپەی خەم و خەفەت و ھەرەس ھێنانی تاکەکەس لەقەلەم دەدرێت و وەك پەتایەکی ترسناك و مۆتەکە سەر سنگ و دڵ و دەروونی ھەندێك کەس دەگرێت و مۆمی ژیانیان دەکوژێنێتەوە.
ھۆکاری دەروونی
بەپێی بۆچونی فرۆید:کە پێی وایە لەناخی تاکدا دوو غەریزەھەیە،یەکەمیان کە غەریزەی بوونیادنانە کەپێی دەڵێن(ئیرۆس)دووەمیان غەریزەی لەناوبردنە و پێی دەڵێن(ساناتۆس)ھەرکات دووەمیان زالبێت بەسەر ڕەفتاری تاکدا ئەوە کەسەکە ڕەفتاری گێرە شێوێنانەدەبێت و لەھەندێک حالەتدا تاك لەبری ئەوەی توندو تیژییەکەی ئاراستەی دەرەوەبکات ئاراستەی ناخی خۆی دەکات و زیان بەخۆی دەگەیەنێت.
کەواتە فرۆید خۆکوشتن بەگەڕانەوەی شەڕانگێزی بۆ خود وەسفدەکات.
مرۆڤ لەئەنجامی خەم و خەفەت و خەمۆکیەوە توشی خۆکوشتن دەبێت بەتایبەتی کاتێک کەسێکی خۆشەویست یان ھێمایەکی بەنرخی ژیانی وەك(سەربەستی،نیشتیمان،ئازادی،شەرەف،کەرامەت…..)لەدەستدەدات،ئەو لەدەستدانە توشی خەمۆکیەکی زۆری دەکات،لەلای زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵ ئەو خەم و خەفەت و دڵەڕاوکێ و خەمۆکییە ڕەنگدانەوەیەکی سروشتین و ھیچ مەترسیەکی لەسەر ژیانی مرۆڤ نیە،لەبەر ئەوەی پاش ماوەیەکیتر ووردە ووردە لەبیردەچنەوە و وەك ھەوری ھاوین دەرەونەوەو مرۆڤ کەس و ھێمایەکی تر لە جیاتی ئەو کەس و ھێما لەناوچوانەی دەدۆزێتەوە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و سۆزی و خۆشەویستی لەگەلیان دادەمەزرێنێ،بەڵام ھەندێک لە مرۆڤەکان ناتوانن دان بەواقعدابنێن و قبولی بکەن بۆیە ھەر لەگەل ئەو خەم و ئازارەوە دەمێننەوە تاوەکو دەگەنە حالەتێکی ئاوا کە ھیچ ھیوایەکیان بەژیان نەمێنێت و پەنا بۆ خۆکوشتن ببەن.
خۆکوشتن وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی
ئەمیل دورکھایم:خۆکوشتن وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لێکداوەتەوە،بۆ خۆکوشتن دووتیۆری کردۆتەبناغە.
یەکەمیان:پەیوەندی نێوان ئەوکەسەی خۆی دەکوژێت بەسیستەمی کۆمەڵایەتی نەبوونی توانای خۆگونجاندن لەگەڵیاندا،کاتێک کۆمەڵگە ھەندێك پێوەدانگ و بەھا و چەمک لەدەستدەدات کە پەیوەستن بەیەکێتی و یەکبوون و خۆشەویستی نێوان تاکەکان یان کاتێک ئەو بەھایانە بەرەو لاوازی دەڕۆن،تاك ھەست بەتەنھایی و بێکەسی دەکات و کاتێک دووچاری قەیرانێک دەبێت ھەستدەکات تەنیایە و بەتەنیا خۆشی بەرپرسیارە لەژیانی خۆیی و تەنیا خۆی خاوەن بڕیارە لە کۆتایی ھێنان بەژیانی خۆی.
دووەم:خۆکوشتن پەیوەستدەکات بەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کەبەسەر کۆمەڵگەدا دێن مرۆڤ ناتوانێت لەگەلیان خۆی بگونجێنێت”
وەپێیوایە کاتێک تاک ھەست بەبێزاری و پشتگوێخراوی و بێنرخی خۆی دەکات،ھەستێکی وای لادروست دەبێت کە ھیچ ڕۆلێکی لەکۆمەڵگەدانیەو لەمشەخۆرێک زیاترنیە،ئا لەوکاتەدا دوورنیە کە ئەو ھەست و سۆزە پال بەو تاکەوە بنێت و بەرەو ھەڵدێری خۆکوشتنی ببات،چونکە بەلای ئەو جۆرەکەسانەوە ئازاری خۆکوشتنەکە لە ئازاری گۆشەگیری و تەنیایی کۆمەلایەتی کەمترە.
کەواتە کاتێک تاك توانای خۆگونجانی نابێت لەتەك ڕووداوو و گۆڕانکاریەکانی کۆمەڵگا ئەوە ڕەنگە بەرە و خۆکوشتن ھەنگاو ھەڵێنێ و کۆتایی بە خەون و خولیاکانی بێنێت لەگەل خۆیدا کەئەمەش قێزەونترین و ناعەقلانیترین بڕیارە کەتاك دەیدات و پێی ھەلدەستێت.
كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

كارامه‌ییه‌كانی ژیان (7) و كۆتایی

كارامه‌یی په‌يوه‌ندى كردن ئا؛ دانا سه‌لام/ ب. رێكخراوی رێنمایی ‌لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كێكه‌ له‌ لایه‌نه‌كانی كه‌سایه‌تی …