حاجييان باڵوێزانى ئاشتين

دانا سه‌لام كه‌ريم/ رێنماییكاری ده‌روونی

(خوێندنه‌وه‌يه‌كى ده‌روونناسانه‌ بۆ كه‌سايه‌تى حاجى)

ده‌بێت له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى حاجييان له‌ ماڵى خوا، ئه‌و ته‌مه‌ نه‌زانيين و  تێگه‌يشتنه‌ هه‌ڵه‌ى به‌سه‌ر ئيسلام و دنياى ئايينى ئێمه‌دا هاتووه‌، بسڕێته‌وه‌. ده‌بێت ئه‌وان به‌ كه‌سايه‌تييه‌كى وا بگه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ هه‌رچى خه‌وش و خاڵى نه‌زانييه‌ له‌سه‌ر دڵى هه‌ڵه‌ تێگه‌يشتووان لاى ببه‌ن، ده‌بێت حاجييان ببنه‌ پێشه‌وايه‌كى زۆر دره‌وشاوه‌، ئه‌وان چوونه‌ته‌ شوێنێك كه‌ هه‌رچى جياوازييه‌ بوونى نييه‌، كه‌س له‌ كه‌س به‌ڕێز تر نييه‌، هه‌مووان يه‌كسانن. له‌م يه‌كسانييه‌ى ئه‌وێ ده‌بێت فێرى زۆر ئاكارى به‌رزى جوانن ببن. بۆيه‌ كه‌ ئه‌وان دێنه‌وه‌ له‌ په‌ره‌يه‌كى سپى پاك ده‌چن، له‌ تۆپڵه‌ به‌فرى سپى پاكى چياكانى كوردستان ده‌چن، ئه‌وان تازه‌ له‌ دايكبوونه‌ته‌وه‌، ئه‌وان ئێستا هه‌ڵگرى هێزێكى پاكى ئاسمانيين كه‌ لێوان لێوه‌ له‌ لێبوورده‌يى و ئاشتى و كامه‌رانى، ئه‌وان ئێستا باڵوێزانى ئاشيين، ده‌بێت له‌مڕۆوه‌ ببنه‌ باڵوێزانى ئاشتى، ده‌بێت به‌ ڕه‌فتار و گوفتاره‌ ئاشتى ئامێزه‌كانييان له‌ هه‌موو ماڵێك، كۆڵانێك، شه‌قامێك، گه‌ڕه‌كێك، شارێك، وڵاتێك، بۆ هه‌موو دنيا، ببنه‌ سه‌رچاوه‌ى ئاشتى.

حاجى كه‌ گه‌ڕايه‌وه‌ ده‌بێت له‌ كه‌سايه‌تى خۆيدا هه‌ڵگرى سێ ڕه‌هه‌ندى مرۆڤايه‌تى ئايينى ئيسلامى زۆر به‌رز بن وه‌ك (باشترين ڕه‌فتار، باشترين زمان و ده‌ربڕين، باشترين بينين و تێگه‌يشتن) هه‌ر كه‌سێك ئه‌و تايبه‌تمه‌ندييانه‌ى له‌ خۆيدا به‌رجه‌سته‌ كرد، ئه‌وا به‌ دڵنياييه‌وه‌ پاك بۆته‌وه‌، بۆته‌ مرۆڤێكى ئاشتى پارێز.

ئێمه‌ ده‌بێت باڵوێزانى ئاشتى له‌ دنيا ديارى بكه‌ين، نه‌وه‌ك كه‌سانێكى تر، ئێمه‌ ئێستا چه‌ند مليۆنێك حاجييمان هه‌يه‌، كه‌واته‌ ئه‌و ساڵ توانيومانه‌ له‌ ماڵى خوا، له‌ قوتابخانه‌ى ئيلاهى، له‌ په‌يمانگايه‌كى باوه‌رپێكراوى ئاسمانييه‌وه‌، له‌ خولێكى خۆپاكردنه‌وه‌ى چه‌ند ڕۆژيدا، ئه‌و چه‌ند مليۆن باڵوێزى ئاشتییه‌ بۆ سه‌رجه‌م جيهان به‌رهه‌مبێنين، ئه‌وانه‌ جێگه‌ى ئه‌وه‌ن خه‌ڵك سه‌رماڵی خۆيانى پێبسپێرێت، خه‌ڵك له‌ زمان و ڕه‌فتاريان ئه‌مين بێـت و هيچ ترسێكى نه‌بێت.

ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ى ئه‌و حاجييانه‌وه‌ هه‌موو جيهان هه‌رچى به‌دحاڵى بوونه‌ هه‌يه‌تى له‌سه‌ر ئیسلام لايببات.

حاجييان ده‌بێت بيسه‌لمێنن كه‌ ئيتر ئه‌وان زۆر جياوازن له‌ جاران، له‌گه‌ڵ هيچ فێڵ و فرێكدا نيين، ئه‌وان تازه‌ گه‌نده‌ڵى ناكه‌ن، ئه‌وان تازه‌ له‌كاره‌كه‌يان كه‌مته‌رخه‌مى ناكه‌ن، ئه‌وان تازه‌ دره‌نگ ناچن بۆ كاره‌كه‌يان و زوو بێنه‌وه‌، ئه‌وان تازه‌ فێڵ له‌ ته‌رازوو ناكه‌ن، ئه‌وان تازه‌ كاره‌با به‌دزى ڕاناكێشن، ئه‌وان ئيتر قۆڵ بڕ نين، ئه‌وان ئێستا ماڵى هه‌موو كه‌سێك به‌هى خۆيان ده‌زانن، ئه‌وان تازه‌ له‌گه‌ڵ ماڵ و منداڵ ده‌ر و دراوسێ و خزم و كه‌سه‌كانييان تووندوتيژ و خۆسه‌پێن نيين، ئه‌وان فێرى ئه‌وه‌ بوونه‌ هه‌رچى جوانييه‌ خۆشييان بووێت، ئيتر ئه‌وانه‌ ڕه‌شوه‌ و به‌رتيل و كارى نادروست ناكه‌ن.

ئه‌و حاجييانه‌ى ئه‌و ساڵ له‌ ماڵى خوا گه‌ڕاینه‌وه‌، به‌تايبه‌ت حاجييانى كوردستان، ده‌بێت ئه‌و قسه‌ و قسه‌ڵۆكانه‌ى له‌سه‌ر حاجييان هه‌يه‌ نه‌يهێڵن، ده‌بێت به‌ شێوه‌يه‌كى وا له‌ناو كۆمه‌ڵگادا خۆيان به‌رجه‌سته‌ بكه‌نه‌وه‌ شايانى ئه‌وه‌بن‌ خه‌ڵك به‌ ڕێزه‌وه‌ سه‌يرييان بكات، ده‌بێت هه‌ر له‌ يه‌كه‌م گه‌ڕانه‌وه‌ و سه‌ردانى كردنييان خه‌ڵك هه‌ست به‌وه‌ بكات كه‌ ئيتر ئه‌وان بۆ هيچ مه‌رام و ويستێكى كه‌سى خۆيان كار ناكه‌ن، ئه‌وان تازه‌ ڕاپۆڕت له‌سه‌ر هيچ دۆست و ناسياو و دراوسێيه‌كيان نانووسين، به‌ بيانوى ئه‌وه‌ له‌ حزبه‌كه‌ى ئه‌و نييه‌، تازه‌ ئه‌وان بۆ ده‌نگدان يه‌ك ده‌نگ ده‌ده‌ن و فيڵ له‌ خۆيان و خه‌ڵكانى تر ناكه‌ن، ده‌نگ به‌ هه‌ق و ڕاستى ده‌ده‌ن.

ئايينى ئيسلام، ئايينى ڕه‌فتاره‌، ده‌بێت هه‌رچى ڕه‌فتارى جوانه‌ له‌ حاجييانى ماڵى خوا ڕه‌نگ بداته‌وه‌، ناكرێت به‌ هيچ بيانووه‌يه‌ك كارێكى وا بكات كه‌ ببێته‌ په‌ڵه‌ به‌سه‌ر ئايينى ئيسلام و حه‌ج و حاجييان، ئێوه‌ تازه‌ بڕوانامه‌ى ئاشتى پارێزيتان وه‌رگرتووه‌، بۆيه‌ ئه‌ركێكى زۆر گه‌وره‌تان له‌سه‌ر شانه‌، ده‌بێت له‌ ئاستى ئه‌و ئه‌ركه‌دابن.

پێش ئه‌وه‌ى بچن بۆ حه‌ج، ئێوه‌، جۆره‌ كه‌سايه‌تييه‌كتان هه‌بوو، ئێستا كه‌سايه‌تى ئێوه‌ جياوازه‌، ئێستا ناسنامه‌ و ڕووخسارێكى ترتان هه‌يه‌، ده‌كرێـت له‌ ڕووانگه‌ى ده‌روونناسييه‌وه‌ بۆ جۆرێكى تر سه‌يرى ئێوه‌ بكه‌ين و ده‌توانيين بڵێين ئێستا ئێوه‌ كه‌سايه‌تييه‌كى ده‌رووننساغن و دوورن له‌ هه‌موو شڵه‌ژان و ئيره‌ى و ڕق  و كينه‌يه‌ك، به‌ به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌سايه‌تى ده‌رووننساغ واته‌ (تاك يان كه‌س هيچ جۆره‌ شڵه‌ژانێكى ڕه‌فتارى و ده‌روونى نه‌بێت يان به‌ جۆرێكى تر، تاك بتوانێت خۆى له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كان بگونجێنێت)، ده‌توانيين بڵێين ئێستا ئێوه‌ى حاجييان به‌ ڕێژه‌يه‌كى ڕه‌ها ئه‌و جۆره‌ سيفات و نيشانانه‌ى كه‌سايه‌تى ده‌روونساغتان به‌سه‌ردا جێيه‌جێ ده‌بێت، چونكه‌ يه‌كه‌م ئێوه‌ بڕيارتانداوه‌ كه‌ ئيتر دڵ وناختان هيچ دژايه‌تى و ئيره‌يى و حه‌سوودى به‌رامبه‌ر به‌ كه‌س تێدا نه‌مێنێ، ڕه‌فتاره‌كانتان ڕه‌فتارى كه‌سايه‌تييه‌كى پێگه‌يشتوويى خواناسانه‌ بێ، دووه‌م توانيوتانه‌ به‌ ويستى خۆتان و به‌ڕه‌زامه‌ندى خۆتان بچن پاپه‌ندى خۆتان به‌ سه‌رجه‌م پايه‌ و مه‌رج و كايه‌كانى ئايينى پيرۆزى ئيسلام دووپات بكه‌نه‌وه‌ و وه‌ريبگرن، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌يه‌كى گرنگه‌ بۆ كه‌سايه‌تييه‌ى داهاتووى ئێوه‌.

كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

خۆشەویستی یەکلایەنە وەك بکوژێکی خود

ئامادەکردنی:ڕێنماییکار ئەحمەد سلمان عثمان خۆشەویستی یەکلایەنە:بریتییە لە جۆرێک لەخۆشەویستی کە تێیدا کەسێک تاک لایەنانە گیرۆدەی …