ھەرزەکاری و گرفتی خۆشەویستی

أحمد سلمان عثمان/ڕێنماییکاری دەروونی

ھەرزەکاری یەکێکە لەگرنگترین قۆناغەکانی ژیان کە مرۆڤ پێیدا تێدەپەڕێت،ئەم قۆناغە دەکەوێتە نێوان دواھەمین قۆناغی منداڵی و قۆناغی کامڵی و بەبالقی (بلوغ)دەست پێدەکات. گومانی تێدانیە ھەڵوێست گەلی شلۆقی زۆر ھەیە کەتاك پێیدا دەڕوات و دژوارترینیان ماوەی ھەرزەکاری و گرفتەکانیەتی،ئەگەرچی لەکۆتایی تەمەندا مرۆڤ ڕووبەڕووی خانە نشینی دەبێتەوە،ھەروەھا ئەو منداڵەی یەکەمجار دەچێتە قوتابخانە ھەست بەترسێکی زۆر دەکات ،بەڵام ماوەی ھەرزەکاری لەو ھەڵوێستانە زۆر سەختترە،ئەویش بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە ئەو ڕۆلە کۆمەڵایەتییەی پێویستە تاك لە قۆناغی ھەرزەکاریدا بیگێڕیت ڕوون نییە،ئەگەرچی ھەرزەکار جەستەی لە زلیدا نزیك یان وەك باوکی لێھاتوە ،بەڵام ڕێگە نادرێ ڕێڕەوی باوکی بگرێ یان ڕۆلی ئەو بگێڕێ لێرەدا باوکی ڕووبەڕووی دەبێتەوە بەو بیانووەی کە ھێشتان منداڵە،پاشان لە ھەڵوێستێکیتردا دایك یان باوکی سەرزەنشتی دەکەن کە دەبێت وەک پیاوان ڕەفتاربکات،لێرەدا ھەرزەکار دەکەوێتە سەرگەردانیەکی توند،گەر بۆ قۆناغی منداڵی بگەڕێتەوە ئەوە سەرکۆنەی دەکەن بەو بیانوەی کە ئەو ئیتر گەورەبووە و قۆناغی منداڵی جێھێشتوە،وە ئەگەر وەک پیاویش ھەلسوکەوتی کرد ئەوە بۆ منداڵیی دەی گەڕێنەوە،ئیتر بە دروستی سروشتی ڕۆلی داوالێکراوی خۆی تێناگات. بەکەوتنە ناو قۆناغی ھەرزەکاری کێشەو گرفتەکانی تاك بەرەو زیادبوون دەچن ئەویش بە ھۆی ئەو گۆڕانەی کە بەسەر تاکدادێت لە لایەنی دەروونی و ھەڵچونی و کۆمەڵایەتی و فسیۆلۆژی و جەستەیی. بەرچەندە حەز و ئارەزووی سێکسی دیاردەیەکی سروشتی و ئاسایی و زەقی قۆناغی ھەرزەکاریە،لەبەر ئەوەی لەو قۆناغەدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری فسیۆلۆژی و جەستەیی ڕوودەدەن لەپێشەوەی ھەمووشیان کەوتنە گەڕ و پێگەیشتنی سێکسە گلاندەکانە لەلای ھەردوو توخمەکە (نێر – مێ) کەبریتین لەھەردوو گون لەلای نێر و ھەردوو ھێلکەدان لای کچ. ئەم سێکسە گلاندانە لەقۆناغی ھەرزەکاری چالاک دەبن و دەست دەکەن بەدەر ھاویشتنی ھۆڕمۆناتی تایبەتی(ھۆڕمۆنی نێرایەتی و مێیایەتی)کە کاریگەریەکی زۆریان لەسەر باری دەروونی و گۆڕانکاریە فسیۆلۆژیەکان و دەرکەوتنی حەز و ئارەزووی سێکسی ھەیە،بەڵام کاتێک تاک ھۆشیاری تەواوی بەو قۆنەغەنییە ئەوە ئەو حەز و ئارەزووانە بەرەو ئارەستەیەکیتری دەبەن و توشی گرفتی دەکەن. یەکێك لەو گرفتانەی ھەرزەکار توشی دەبێت خۆشەویستی ڕەگەزی بەرامبەرە،ھەندێک جار باری دەروونی ھەرزەکار لەئەنجامی خۆشەویستی و دڵداری و بیرکردنەوەی ڕۆمانسیانەوە ئالۆز دەبێت و لەئاکامیشدا ڕووبەڕووی زۆر گرفتی تەندروستی و جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە، ئەگەر خۆشەویستی و گرنگی پێدانی زۆر سەخت بێتەوە،ئەوە ئەو جۆرە ھەرزەکارە وەك دڵدارێکی وێل و سەرگەردان بەردەوام لەخە و خەیاڵ و خولیای ئەو کەسەی کەخۆشی دەوێت دەبێت و حەزدەکات بەردەوام لەنزیکیەوە بێت،بە نەخۆشکەوتنی دڵتەنگ و بێزار و بەسەرکەوتنیشی دڵخۆش و کامەران دەبێت.وەك ئەوەی یەک گیان بن و لەدوو جەستەی جیاوازدا بژین،بەمەش ووزەیەکی زۆری بەفیڕۆ دەڕوات و پەکی تواناکانی دەخات ،گاری جابمان لەکتێبی(پێنج زمانەکەی خۆشەویستی)دەڵێت:ئەو قوتابیەی دەکەوێتە نێو خۆشەویستیەوە نمرەکانی کەم دەبێتەوە،چونکە ئەستەمە کەسێک بجوێنێت لەھەمانکاتدا کەوتبێتە نێو داوی خۆشەویستیەوە،چونکە ئەوەی دەکەوێتە نێو خۆشەویستیەوە جگە لە خۆشەویستەکەی ھیچ شتێکیتری بەڵاوە گرنگ نیەوە گرنگی بەبابەتەکانیترنادات. سەرەڕای ئەوەی دروستکردنی ئەم جۆرە لەپەیوەندی لەوتەمەنەدا بەتەواوی ناعەقڵانیە.چونكەلەپەیوەندی نێوان ھەردوو ڕەگەزدا لای بەشێکی بەرچاو لەھەرزەکاران و گەنجانی کۆمەڵگەی ئێمە ھەتا ئێستا چەمکەکانی (سەرسامبوون – حەزلێکردن – خۆشەویستی – بەزەیی) جیانەکراونەتەوە، ھەرچواریان لەناو بۆتەیەکدا تێکەلن و بەئاستەم لەیەک جیادەکرێنەوە ھەرکاتێکێش ئامانج تەمومژاوی بوو مرۆڤ نەیزانی چی دەوێت،کەواتە ناشزانێت ئاراستەی دروست بۆ ھەنگاوەکانی بدۆزێتەوە و ناشزانێت چۆن ھەنگاو دەنێت،ھەڵخلیسکانیش لێرەوە دەستپێدەکات، زۆرترینی ئەو حالەتە سەرەتا بە(سەرسامبوون)دەستپێدەکات پاشان لەسەرسامیەوە دەگۆڕێت بۆ خۆشەویستی پاشان بۆ ئازار پاشان بۆ نەخۆشی دەروونی،ئەم تێکەلکردن و ناڕۆشنییە زۆرێک لەکایەکانی کۆمەڵگای کوردی گرتۆتەوە.

كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

کاریگەری ڤیتامین (N) لە پەروەردەی منداڵ

ئامادەکردن؛ احمد صابر پرۆفیسۆر رۆزمۆند، پرۆفیسۆر لە بواری دەروونناسی خێزان لە زانکۆی (parger) لە دیمانەیەکدا …