رێنمایی ده‌روونى روحی (ئايينى) (counseling and spirituality):

و؛ دانا سه‌لام/ رێنماییكاری ده‌روونی

رێنمایی ئايينى يان رووحى ته‌كنيكێكه‌ له‌ ته‌كنيكه‌كانى ره‌وتى چاره‌سه‌رى و رێنمایی ده‌روونى. له‌م ساڵانه‌ى دوايیدا ئه‌م شێوازه‌ رێنماییه‌ زياتر گرنگى پێده‌درێت، پسپۆڕانى ده‌روونى و كۆمه‌ڵايه‌تى زياتر وشياربوونه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ كاريگه‌رى ئه‌م شێوازه‌. ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ين هه‌ندێ زانيارى له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ رێنماییه‌ بۆ پسپۆڕانى بوارى ده‌روونى و په‌روه‌رده‌يى بخه‌ينه‌ ڕوو. سه‌ره‌تا پێويسته‌ بزانين رێنمایی ده‌روونى ئايينى (روحی) چييه‌؟ چۆن ده‌كرێت ئه‌م جۆره‌ له‌ناو جۆره‌كانى ترى رێنمایی ده‌روونى په‌ره‌ى پێ بده‌ين؟ هه‌روه‌ها ئه‌م جۆره‌ رێنماییه‌ بۆ چ جۆره‌ كێشه‌ و بارودۆخ (رێنماییخواز)ێك زياتر سوودى هه‌يه‌؟

ڕه‌وتى رێنمایی ده‌روونى ئايينى (روحى) هه‌ر له‌ناو ڕه‌وتى رێنمایی ده‌روونيدايه‌، به‌ڵام هه‌ندێ جياوازى هه‌يه‌ له‌ پێكهاته‌ و ئه‌و ته‌كنيكانه‌ى تيايدا به‌كاردێت ، ئامانجى ئه‌م ڕه‌وته‌ بريتي يه‌ له‌ هاوكارى كردن رێنماییخواز بۆ به‌ ده‌ستهێنانى ئامانجه‌كانى يان چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى. ئه‌م ئامانج و كێشانه‌ش زياتر به‌لايه‌نه‌ ئايينييه‌كان په‌يوه‌ستن، به‌ڵام هه‌ندێ جاريش ئامانجى (ژيرى، جه‌سته‌يى، سۆزدارى)ـى له‌گه‌ڵدايه‌، هه‌ر چه‌نده‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا  ئه‌و پارت و بزوتنه‌وانه‌ى پاڵپشتى له‌ علمانيه‌ت ده‌كه‌ن زۆر به‌ر بڵاو بوونه‌ته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ كه‌متر ده‌رفه‌ت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌م جۆره‌ رێنماییه‌ هه‌بێت له‌م شوێنانه‌ى كه‌ پێويسته‌ به‌كاربهێنرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرينگى و بايه‌خدان به‌م رێنمایی يه‌ له‌كار نه‌كه‌وتووه‌ و له‌ زۆربه‌ى كۆمه‌ڵگا و ئايينه‌ جياوازه‌كان بايه‌خى هه‌ر پێ ده‌ده‌ێت. هۆكارى به‌رده‌وام گه‌رانه‌وه‌ بۆ ئه‌م جۆره‌ رێنماییه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئامانجى دوورباره‌ گه‌رانه‌وه‌ى تاكه‌ بۆ ژيانى ئاسايى خۆى و دووربكه‌وێته‌وه‌ له‌ لادانه‌كان و به‌ پێداويستيه‌ (روحی، عقلى، سۆزدارى)يه‌كانى بگات، ڕه‌وتى رێنمایی ده‌روونى ئايينى (روحی) له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌يه‌وێت بير و باوه‌ڕه‌كان و تێڕوانينه‌كانى ئايينێكى دياريكراو  به‌ رێنماییخوازه‌كان بگه‌يه‌نێ.

ئه‌م جۆره‌ رێنماییه‌ زياتر له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ به‌كاردێت و سوودى زياتر ده‌گه‌ينێت كه‌ دووچارى لادان و كيشه‌ى ڕه‌وشتى و ئاكارى بوونه‌ته‌وه‌، زۆربه‌ى جاريش ئه‌م كه‌سانه‌ له‌ گرتووخانه‌كاندا كۆده‌كرێنه‌وه‌. كه‌واته‌ ده‌توانين بڵێن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ سوودى باشى ده‌بێت.

خاڵى گرنگ له‌م ڕێنمايه‌ بريتيه‌ له‌ پاپه‌ندبوون به‌ گشت ئه‌و ته‌كنيكانه‌ى داواكراون له‌ كاتى چاره‌سه‌رييه‌كان، به‌بێ پابه‌ندبوون به‌ داواكارييه‌كان ڕه‌وته‌كه‌ هه‌لى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كه‌متر ده‌بێته‌وه‌. به‌ پاپه‌ندبوون به‌وورده‌كارييه‌كانى ئه‌م ڕه‌وته‌ رێنماییخواز ده‌توانێت به‌ ئامانجه‌كانى بگات، ده‌توانێت ڕووبه‌ڕووى ئه‌م كێشه‌ و ئاسته‌نگانه‌ بێته‌وه‌ كه‌ له‌ داهاتوو دێنه‌ ڕێى. هه‌ندێ له‌ ڕێگاكانى گه‌يشتن به‌ ئامانجه‌كان بريتين له‌ سوود وه‌رگرتن له‌ كاته‌كانى (پاڕانه‌وه‌ يان هه‌ر شێوه‌يه‌ك له‌ شێوه‌كانى عيباده‌ت).

پێناسه‌ى رێنمایی ده‌روونى ئايينى:

بريتييه‌ له‌و كۆمه‌ڵه‌ خزمه‌تگوزارييه‌ تايبه‌تيانه‌ى له‌ لايه‌ن كه‌سانى پسپۆڕى (ده‌روونى و كۆمه‌ڵايه‌تى) پێشكه‌شى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێت كه‌ دووچارى نه‌گونجانى (ده‌روونى، كۆمه‌لآيه‌تى، كه‌سايه‌تى) بوونه‌ته‌و. به‌ ئامانجى چاره‌سه‌ركردنى هه‌ر يه‌كێك له‌م كێشه‌ى باسمان كرد، يان كه‌مكردنه‌وه‌ى كاريگه‌ري كێشه‌كان بێت.

هه‌روه‌ها رێنمایی ده‌روونى ئايينى ده‌يه‌وێـت زانيارى و وشيارى ئايينى و زانستى به‌م كه‌سانه‌ بدات. له‌ ڕێگه‌ى ئه‌و ته‌كنيكانه‌ى له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ ده‌گونجێت بۆ باشتركردنى گونجانى ده‌روونيان. بۆ نموونه‌ كه‌سێك دووچارى (لادانى جنسى يان دزى كردن يان تاوانێكى ئه‌نجام داوه‌) ده‌بێت باشترين ته‌كنينك له‌ ئايين و زانستى ده‌روونى هه‌ڵبژێرين كه‌ بۆ ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌گونجێت. رێنمایی ئايينى پشت به‌ به‌ها ئايينيه‌كانى وه‌كو (ته‌قوا، پشت به‌ خوا به‌ستن، ئارام گرتن، نزاكردن)ده‌به‌ستێت. ئه‌مه‌ له‌ لايه‌ك، له‌ لايه‌كى تره‌وه‌ سوود له‌ ته‌كنيك و شێوازه‌كانى رێنمایی ده‌روونى به‌ هه‌موو جۆره‌كانييه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت، وه‌كو ئامرازێك بۆ هاوكاريكردنى رێنماییخواز. بۆ ده‌ستهێنانى گه‌شه‌ى خودى و هه‌ڵگرتنى به‌رپرسياريه‌تييه‌ كۆمه‌لآيه‌تييه‌كانى و به‌ ده‌ستهێنانى ئامانجه‌ شياوه‌كانى له‌ ڕوانگه‌ى ئايينيه‌وه‌، له‌ چوارچێوه‌ى توانا و لێهاتووييه‌كانى.

گرنگى رێنمایی ده‌روونى ئايينى:

ئايين ڕۆڵێكى گرنگ له‌ ئاڕاسته‌كردنى لايه‌نى (روحی و ڕه‌وشتى) مرۆڤه‌كان ده‌بينێت. ئايين سه‌نگێكه‌ بۆ بوارى رێنمایی ده‌روونى ئايينى. ئايين له‌گه‌ڵ ڕوح ده‌دوێت و به‌رزى ده‌كاته‌وه‌، ئايين به‌ها به‌رزه‌كان و ڕه‌وشتى باش له‌ ده‌روونى مرۆڤ ده‌چێنێت، ڕه‌وتى رێنمایی ده‌روونى ئايينى ده‌يه‌وێت ئه‌م لايه‌نانه‌ له‌ مرۆڤه‌كان گه‌شه‌ پێ بدات، مرۆڤ له‌ په‌يوه‌ندييه‌ جۆراوجۆره‌كانى به‌ كاريان بهێنێت.

رێنمایی ده‌روونى ئاييني به‌ گوێره‌ى گرنگيه‌كه‌ى دابه‌شى سه‌ر دوو به‌ش ده‌بێت. وه‌كو:

  1. گرنگى وه‌كو رێنمایی ده‌روونى.
  2. گرنگى وه‌كو رێنمایی ده‌روونى ئايينى.

به‌م شێوه‌يه‌ى خواره‌وه‌ ڕوونيان ده‌كه‌ينه‌وه‌:

  1. گرنگى رێنمایی ده‌روونى ئايينى وه‌كو رێنمایی ده‌روونى: ئايين ڕسته‌يه‌كه‌ له‌ ئه‌رك، هه‌موو تاكێك و كۆمه‌ڵێك تيايدا ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت، هۆكارێكى گرنگه‌ بۆ ژيانى مرۆڤ و لايه‌نى ده‌روونى، ڕه‌گه‌زێكى سه‌ره‌كى يه‌ له‌ گه‌شه‌ى كه‌سايه‌تى، گه‌وره‌ترين پاڵپشتى ڕه‌فتاره‌، له‌ ئاييندا ڕێسايه‌ك بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ويژدان هه‌يه‌ كه‌ پێكدێت له‌ (ئاسووده‌يى و دڵنيايى ده‌روونى، هاوسه‌نگى هه‌ڵچوونى، گه‌شبينى، خۆشه‌ويستى ژيان، ده‌سته‌به‌ركردنى ناسنامه‌) له‌مانه‌ هه‌ستى ئايينى ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. دواتر هه‌سته‌كانى به‌خته‌وه‌ربوون و ڕازيبوون و بڕوابوون به‌ قه‌زا و قه‌ده‌ر دروست ده‌بن كه‌ ترسى ڕووداو كاره‌ساته‌كان كه‌م ده‌كانه‌وه‌ و تاك ئاسووده‌ ده‌كه‌ن. ئه‌مانه‌ له‌ چوارچێوه‌ى مرۆڤ په‌يوه‌ندى به‌ خواكه‌ى ده‌سته‌به‌ر ده‌بن.

ڕۆڵى ئايين له‌ قۆناغه‌كانى ته‌مه‌ن به‌ تايبه‌تى قۆناغى هه‌رزه‌كارى به‌ديار ده‌كه‌وێت. ڕه‌فتارى سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانى گه‌شه‌ى ژيان ديارى كراوه‌. ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كارى به‌ جۆرێك له‌ به‌ ئاگاهاتنه‌وه‌ له‌ ئايين و گه‌شه‌ى ئايين ده‌ناسرێت، ئه‌م قۆناغه‌ پێويستى به‌بيرێكى ئايينى و دروشمه‌ ئاينيه‌كان هه‌يه‌. هه‌ردوو زانستى ده‌رونناسى و كۆمه‌ڵناسى به‌جۆرێكى دياريكراو له‌م تاكانه‌ ده‌روانن كه‌ هه‌ڵگرى په‌يامى ئايينين، له‌رێگه‌ى ده‌رونزانى ئايينى the psychology of  religious) ) و كۆمه‌ڵناسى ئايينى (The Sociology religious )  له‌سه‌رئه‌م بنه‌مايه‌ى كه‌ ئايين يه‌كێكه‌ له‌ خواسته‌ زۆر باڵاكانى مرۆڤ و باشكردنى ڕه‌وشتى، سه‌رچاوه‌يه‌كى سه‌ره‌كييه‌ له‌دروست كردنى ئاسوده‌يى له‌ لاى تاكه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئاشتي ناخ.

زۆر لێكۆڵينه‌وه‌ و توێژينه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌رزه‌كاران كراوه‌، ئه‌وه‌يان ده‌رخستوه‌ ئايين رۆڵێكى ئه‌رێنى ده‌بينێ له‌پارێزگارى كردنى هه‌رزه‌كاران له‌نيشانه‌ى شڵه‌ژانه‌ ده‌روونيه‌كان. ئه‌م توێژينه‌وانه‌ى له‌م دوو زانسته‌كراون ده‌ريان خستوه‌ به‌رزى ئاستى ئايندارى په‌يوه‌نديه‌كى زۆرى هه‌يه‌ به‌لايه‌نه‌ ئه‌رێنيه‌كان له‌لاى تاك، ئايين وا ده‌كات ده‌روونساغى تاك باشتر بێت، ئايين تواناكان زياتر ده‌كات له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ى كاريگه‌رى نه‌رێنى نه‌خۆشييه‌كان، شفاى نيشانه‌ ده‌روونييه‌كان خێراتر ده‌كات.

ژماره‌يه‌ك له‌ لێكۆڵينه‌وه‌كان، وه‌كو لێكۆڵينه‌وه‌ى (Bergin, 1987)و لێكۆڵينه‌وه‌ى (Watsong, 1989)و لێكۆڵينه‌وه‌كه‌ى (ره‌شاد عه‌لى موسا، 1992) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ په‌يوه‌ندييه‌كى به‌ڵگه‌دارى به‌هێز هه‌يه‌ له‌ نێوان ئاڕاسته‌ ئايينيه‌كان و ڕێزگرتنى خود. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ په‌يوه‌ندييه‌كى به‌ڵگه‌دارى نه‌رێنى هه‌يه‌ له‌ دڵه‌ڕاوكآ و خه‌مۆكى له‌ لاى ئه‌م كه‌سانه‌ى زياتر ئاييندارن، كه‌متر خه‌مۆكن و زياتر ڕێز له‌ خودى خۆيان ده‌گرن.

گه‌شه‌كردنى هه‌ستى روحی يان ئايينى ده‌بێته‌ هۆى هه‌ستكردن به‌ ڕازيبوون و به‌خته‌وه‌رى و قه‌ناعه‌تكردن و بڕوابوون به‌ تواناى خوا، ئه‌مانه‌ پاڵپشتييه‌كى به‌هێزن بۆ ئه‌وه‌ى تاك به‌ره‌نگارى فشاره‌كان و ئه‌و كێشانه‌ بێته‌وه‌ كه‌ له‌ ژيان تووشى ده‌بن، كه‌سى ئاييندار هه‌ست به‌ ئاسووده‌يى و دڵنيايى ده‌كات و هيچ ترس و ڕه‌شبينييه‌كى لا نييه‌. بڕواى ته‌واوى به‌وه‌ هه‌يه‌ كه‌ خواى گه‌وره‌ چاره‌نووسى ديارى ده‌كات، ئه‌مانه‌ به‌ نوێژكردن و ئه‌ركه‌ ئايينيه‌كانى تر به‌دى ده‌هێنرێت، له‌ توێژينه‌وه‌كان ده‌ركه‌وتووه‌ سوپاس كردنى (خودا) پاڵپشتى و ئاسووده‌يى بۆ تاك دروست ده‌كات.

(ره‌بيع، 1997 و 1994، kipartrik) ڕايان وايه‌، ئه‌م جۆره‌ پاڵپشتييه‌ تاك له‌ هه‌ست و سۆزه‌ خه‌ماوى و دڵه‌ڕاوكێيه‌كان دوور ده‌خاته‌وه‌، به‌تايبه‌ت له‌ دڵه‌ڕاوكآ ى داهاتوو، تاك له‌ چاره‌نووسى داهاتووى ئاسووده‌ ده‌كات. ترس له‌ داهاتوو كاريگه‌رى له‌سه‌ر نه‌گونجانى ده‌روونى هه‌يه‌، ئه‌مه‌ش ڕه‌هه‌ندێكى سه‌ره‌كييه‌ له‌ دروست بوونى كه‌سايه‌تى نائاسايى.

سه‌رجه‌م تيۆره‌كان و ته‌نانه‌ت رێنمایی ده‌روونيش جه‌خت له‌سه‌ر ڕۆڵى ده‌روون ده‌كه‌نه‌وه‌، (ڕوح) تيايدا ڕۆڵێكى گرنگ له‌ په‌يوه‌ندى به‌ خواكه‌ى ده‌بينێت.

به‌شى دووه‌م/ گرنگى رێنمایی ده‌روونى ئايينى وه‌كو رێنمایی ئايينى:

ئايين شوێنێكى دياريكراوى له‌ نێوان پێداويستييه‌كانى مرۆڤ هه‌يه‌، له‌ سروشتى خۆيدا پاڵنه‌رێكى خۆڕسكه‌ (فگريه‌) له‌ لاى تاك بۆ خوا په‌رستى، ئه‌لپۆرت (Allport) له‌ لێكۆڵينه‌وه‌كه‌يدا ئايين به‌ پێداويستييه‌كان هه‌ژمار ده‌كات، ده‌ڵێت زۆربه‌ى مرۆڤه‌كانى كۆن و پێش مێژووش به‌ شێوه‌يه‌ك له‌ شێوه‌كان ديندارييان كردووه‌، ئايين نوێنه‌رايه‌تى به‌شێك له‌ ناسنامه‌كانيانى كردوون. (ئه‌لريماوى، 1986) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پێداويستى ئاييندارى له‌ لاى مرۆڤ  ئاماده‌باشييه‌كى خۆڕسكى (فگري) هه‌يه‌، ئه‌م پێداويستيه‌ سوود به‌خشه‌، تاك له‌ ڕه‌وته‌كانى پێگه‌ياندنى كۆمه‌لآيه‌تى له‌ قوتابخانه‌ و ماڵ فێرى ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ چۆن ئه‌م پێداويستييه‌ تێر بكات. ئاييندارييه‌كى ڕاستى و جه‌وهه‌رى باشتره‌ له‌ ئاييندارييه‌كى ڕووكه‌ش و به‌ ڕواڵه‌ت بۆ تێركردنى پێداويستييه‌كانى ديندارى.

رێنمایی و چاره‌سه‌رى ده‌روونى باش و چالاك په‌يوه‌ندى به‌هێزى به‌ ڕۆشنبيرى كۆمه‌ڵگاكه‌ و بير و باوه‌ڕه‌كانيان سه‌باره‌ت به‌ ئايين و به‌هاكانييه‌وه‌ هه‌يه‌، پشت به‌ تێڕوانينى مرۆڤه‌كان بۆ ژيان ده‌به‌ستێت، توێژه‌ر (ڕێنمايكار) و چاره‌سه‌ركارى ده‌روونى ده‌بێت زۆر وشيار بێت به‌ تايبه‌تمه‌ندييه‌كانى كۆمه‌ڵگاى رێنماییخوازه‌كه‌ و چۆنييه‌تى ڕوانينى ئه‌م رێنماییخوازه‌ له‌ ئايين و به‌هاكانى، چونكه‌ ئه‌م رێنماییخوازه‌ تاكێكه‌ له‌م كۆمه‌ڵگايه‌. شاره‌زابوون پێويسته‌ تاكو بتوانێت له‌م چوارچێوه‌يه‌ كارى رێنمایی خۆى بكات.

جياوازى نێوان رێنمایی ده‌روونى ئايينى و بانگخوازى ئايينى:

جياوازى گه‌وره‌ له‌ نێوان رێنمایی ده‌روونى ئايينى (روحی) و بانگخوازى ئايينى هه‌يه‌، بانگخوازى ئايينى تاك فێر ده‌كات و ئاڕاسته‌ى ده‌كات، زۆربه‌ى جار له‌ يه‌ك لايه‌نه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ ڕۆڵى عيباده‌ته‌كان و به‌رنامه‌ ئايينيه‌كانى ڕاديۆ و ته‌له‌فزيۆنه‌كان ده‌بينن، ئامانج له‌م كاره‌ ته‌نيا ئاڕاسته‌كردن زانين و به‌ ده‌ستهێنانى زانيارييه‌. به‌لآم به‌ نسبه‌ت رێنمایی ده‌روونى ئايينى (روحی) ئه‌وه‌يه‌ كه‌ گرنگى به‌ ته‌واوى بارى ده‌روونى و ڕه‌فتار و بيروباوه‌ڕه‌كانى رێنماییخواز ده‌دات. بۆ ئه‌وه‌ى رێنماییخوازه‌كه‌ بگاته‌ گونجانى كه‌سايه‌تى و به‌خته‌وه‌رى و گه‌شه‌ى ده‌روونساغى.

هه‌ندێ مه‌رجى ته‌كنيكه‌كانى رێنمایی ده‌روونى ئايينى (روحی):

  1. ده‌بێت توێژه‌ر (ڕێنمايكار) بزانێت چ جۆره‌ ته‌كنيكێك هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌ يارمه‌تى ده‌ربێت بۆ به‌ ده‌ستهێنانى پاڵپشتى ئه‌رێنى له‌سه‌ر لايه‌نى روحی رێنماییخواز.
  2. ده‌بێت توێژه‌ر (ڕێنمايكار) ئه‌م ته‌كنيكه‌ ئايينيانه‌ هه‌ڵبژێرێت كه‌ بڕواى پێيه‌تى، دواتر سوود له‌ هه‌ندآ ته‌كنيكى ترى ده‌روونى وه‌كو ته‌كنيكه‌كانى (ده‌روونشيكارى، چاره‌سه‌رى ڕه‌فتارى، چاره‌سه‌رى زانينى، …..هتد) وه‌رگرێت.
  3. به‌شداريكردنى ئايينى: هه‌ر چه‌شنه‌ به‌شداريكردنێكى ئايينى هه‌بێت له‌ نێوان رێنماییخواز و توێژه‌ر (ڕێنمايكار) له‌ ناو ڕه‌وته‌ى رێنمایی دا ده‌بێته‌ هۆى به‌هێزكردنى په‌يوه‌ندييه‌كه‌ و لابردنى جياوازييه‌كانى نێوانيان.

هه‌ندێك ده‌ڵێن هيچ جۆره‌ ته‌كنيكێكى دياريكراو بۆ رێنمایی ده‌روونى ئايينى نييه‌، به‌لآم توێژه‌ر (ڕێنمايكار)ى ده‌روونى ئايينى سوود له‌م ته‌كنيكانه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ به‌گشتى له‌ ڕه‌وته‌ى رێنمایی ده‌روونى دا هه‌ن، وه‌كو سوود له‌ ته‌كنيكه‌كانى (ده‌روونشيكارى و ته‌كنيكه‌كانى چاره‌سه‌رى ڕه‌فتارى، يان چاره‌سه‌رى زانينى) وه‌رده‌گرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ رێنمایی ده‌روونى ئايينى سوود له‌ سه‌رجه‌م ته‌كنيك و ستراتيژييه‌كانى رێنمایی ده‌روونى وه‌رده‌گرێت.

هه‌ندێ له‌ ته‌كنيكه‌كان:

يه‌كه‌م. ته‌كنيكى  ده‌روونشيكارى: جه‌خت له‌سه‌ر چۆنييه‌تى گۆڕين و شيكردنه‌وه‌ى نيشانه‌ و هۆكارى شڵه‌ژانه‌كانى تاك ده‌كات، وه‌ك توێژه‌ر (ڕێنمايكار)ـى ده‌روونى ئايينى له‌ كاتى چاوپێكه‌وتنه‌كاندا له‌ كپته‌ نه‌ستييه‌كانى رێنماییخواز ده‌كۆڵێته‌وه‌، هه‌روه‌ها كار بۆ چۆنييه‌تى دۆزينه‌وه‌ و ناسين و ده‌ربڕينى گه‌شه‌ى ئايينى و به‌ها ئايينيه‌كانى ده‌كات. خستنه‌ڕووى  به‌ها ئايينيه‌كان زۆرجار له‌ ڕێگه‌ى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مرۆڤ ده‌بێت، ده‌روونشيكارى به‌م چه‌شنه‌ سه‌يرى تاك ده‌كات كه‌ خاوه‌ن ويستێكى به‌هێز و بيروباوه‌رێكى دروسته‌ له‌ ڕه‌فتار و  گوفتاره‌كانيدا، هيوا به‌ گونجان و ده‌روونساغى ده‌خوازێت.

دووه‌م. ته‌كنينكى زانينى: به‌شێوه‌يه‌كى گشتى جه‌خت له‌سه‌ر ڕه‌وته‌كانى زانين و ژيرى و ئامرازه‌كانى بيركردنه‌وه‌ ده‌كات.

سێ يه‌م. ته‌كنينكى ڕه‌فتارى: جه‌خت له‌سه‌ر به‌كارهێنانى بنه‌ما و ياساكانى فێربوون و ڕێكخستنى ڕه‌فتاره‌كان ده‌كات. هاوكارى تاك ده‌كات بۆ گۆڕينى شڵه‌ژانه‌ ده‌روونييه‌كان.

(مارتن و كارلسۆن) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ نوێژكردن باشترين ته‌كنيكه‌ كه‌ له‌ ڕه‌وته‌كانى چاره‌سه‌رى سوودى لێوه‌ربگيرێت، ده‌ڵێن نوێژكردن ته‌كنيكێكى چاره‌سه‌رى گونجاوه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى دڵه‌ڕاوكآ.له‌م ته‌كنيكه‌ تاك فێرى خۆهێوركردنه‌وه‌ ده‌بێت، ئه‌مه‌ش ته‌كنيكێكى چاره‌سه‌رى ده‌روونى ئايينييه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى كێشه‌گرانه‌كانى ژيان. ئاڕاسته‌يه‌كى نوآ و باشه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كانى ژيان، نوێژ كردن ئه‌و بڕوايه‌ لاى تاك دروست ده‌كات كه‌ هه‌موو شتآ به‌ ده‌ست خوايه‌.

چه‌مكى رێنمایی ده‌روونى ئايينى له‌ ڕوانگه‌ى ئايينى ئيسلامه‌وه‌:

رێنمایی ده‌روونى ئايينى له‌ لاى (سوبحى، 1988) به‌ يه‌كێك له‌م رێنماییانه‌ داده‌نرێت كه‌ مه‌به‌ستى زاڵبوونه‌ به‌سه‌ر ئاسته‌نگه‌كان، كه‌ له‌به‌رده‌م گونجان و به‌ده‌ستهێنانى پێداويستييه‌ ده‌روونى و فيسۆلۆژييه‌كان له‌ لاى تاك به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى و له‌ لاى هه‌رزه‌كاران به‌ شێوه‌يه‌كى تايبه‌تى هه‌يه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌ستانه‌ سوود له‌ قورئانى پيرۆز و فه‌رمووده‌كانى پێغه‌مبه‌ر (د.خ) وه‌رده‌گرێ، وه‌كو خاڵێكى وه‌رچه‌رخان بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ى بيرۆكه‌ و بۆچوونه‌ هه‌ڵه‌كان. هه‌روه‌ها رێنمایی ده‌روونى ئايينى شێوازێكى ئاڕاسته‌ كردنه‌ كه‌ به‌رچاو ڕوونى به‌ تاك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى (خودى خۆى، خوا، ئايينه‌كه‌ى، بنه‌ما ڕوحي و ڕه‌فتار)ه‌كانى بناسێت، له‌گه‌ڵ پێدانى زانيارى تر له‌سه‌ر هه‌ندآ شتى ترى ژيان كه‌ تاك له‌ دونيا پآ سه‌رقاڵ ده‌كرێت. له‌ ڕێگه‌ى رێنمایی ده‌روونى ئايينييه‌وه‌ تاك زياتر به‌ ده‌روونى خۆى و كاره‌كانى و ئه‌و ڕێگا گونجاوانه‌ى بۆ ئێستا و داهاتووى پێويسته‌ ئاشنا ده‌كرێت. ئه‌م ڕوونكردنه‌وه‌يه‌ ئاماژه‌يه‌ بۆ دوو پڕۆسه‌ى گرنگ وه‌كو: (به‌رچاو ڕوونى، گونجان) كه‌ ئه‌مانه‌ ئامانجى سه‌ره‌كى رێنمایی و چاره‌سه‌رى ده‌روونى ئايينين.

(زه‌هران، 1999)ده‌ڵێت: رێنمایی ده‌روونى ئايينى شێوازێكه‌ له‌ (ئاڕاسته‌ و رێنمایی په‌روه‌رده‌يى و فێركاريي) كه‌ هه‌ڵده‌ستآ به‌ ئاشناكردنى تاك به‌ (ده‌روونى خۆى، خواكه‌ى، ئايينه‌كه‌ى، به‌ها روحی و ڕه‌وشتييه‌كانى).

له‌ پێناسه‌يه‌كى ترى (مرسى و محمد، 1997)دا هاتووه‌ كه‌ رێنمایی ده‌روونى ئايينى (بريتييه‌ له‌ پڕۆسه‌يه‌كى فێربوون و فێركردنى ده‌روونى كۆمه‌لآيه‌تى، له‌ نێوان دوو كه‌س ڕووده‌دات، توێژه‌ر (ڕێنمايكار) كه‌ هه‌ڵگرى پسپۆڕى ده‌روونزاني يان كۆمه‌ڵناسيه‌ و رێنماییخواز كه‌ داواكاره‌كه‌يه‌.

بنه‌ماكانى رێنمایی ده‌روونى ئايينى:

(ئه‌بو شه‌عبه‌، 2007) ئاماژه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك بنه‌ما ده‌كات كه‌ له‌به‌ر ڕۆشنايى ئايينى ئيسلامه‌وه‌ وه‌رگيران و كارى رێنمایی ده‌روونى ئايينى له‌سه‌ر ئه‌نجام ده‌درێت، وه‌كو ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌:

  1. رێنمایی ده‌روونى ئايينى ده‌بێت سوود له‌و به‌ها و چه‌مكه‌ ئايينى و ڕه‌وشتييانه‌ وه‌ربگرێت كه‌ له‌ قورئانى پيرۆز و فه‌رمووده‌كانى پێغه‌مبه‌ر (د.خ) وه‌رگيراون.
  2. له‌ كاتى پڕۆسه‌ى رێنمایی ده‌بێت بۆ داهێنانه‌كانى ده‌روونناسى سه‌رده‌م بگه‌ڕێنييه‌وه‌.
  3. سوود وه‌رگرتن له‌ كلتورى ئيسلامى و ڕاى زاناكانى موسڵمان.
  4. ڕه‌فتاره‌كانى مرۆڤ شايانى چاكسازى و گۆڕانن، ئايينى ئيسلام جه‌ختى له‌سه‌ر گرنگى عه‌قڵ و بيركردنه‌وه‌ كردۆته‌وه‌، چونكه‌ مرۆڤ به‌هۆيانه‌ فێرده‌بێت.
  5. ده‌بێت هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ده‌ست به‌ ڕێكخستنى ڕه‌فتاره‌كان بكه‌ين له‌ ئاسانه‌وه‌ بۆ گران، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ڕه‌فتاره‌ هه‌ڵه‌ و خراپه‌كان دوور بكه‌وێته‌وه‌ و ڕه‌فتارى نوێ و گونجاوى فێر بكه‌ين.

(مرسى، 2000) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌ رێنمایی ده‌روونى ئايينى (روحی) پشت به‌و بنه‌ما و شێوازانه‌ ده‌به‌سترێ كه‌ شه‌رعى ئيسلام پشتى پآ به‌ستووه‌ وه‌كو:

  1. ئامۆژگارى كه‌ كۆله‌كه‌ى ئايينه‌. ئايين ئامۆژگارييه‌ وه‌كو پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ده‌فه‌رموێت (رێنمایی له‌ لاى خوا باشترين كاره‌، چونكه‌ خێرى خه‌ڵكى تيايه‌).
  2. پێشكه‌شكردنى رێنمایی ته‌نيا مه‌به‌ست ڕه‌زامه‌ندى خوا بێت.
  3. ده‌بێت رێنمایی هه‌ڵستآ به‌ به‌هێزكردنى ويسته‌ باشه‌كان و ته‌رككردنى ويسته‌ خراپه‌كان.
  4. هه‌موو تاكێك ئازاده‌ له‌ هه‌ڵبژاردن و بڕياردانه‌كانى. به‌ مه‌رجێك له‌گه‌ڵ ڕه‌وشته‌ باشه‌كان پێچه‌وانه‌ نه‌بێت.
  5. ده‌بێت له‌ رێنمایی پابه‌ندى پاراستنى ياسا و ڕه‌وشته‌كانى ئيسلام بين.

له‌ لايه‌كى تره‌وه‌ (شاژلى، 1999) ده‌ڵێت رێنمایی ده‌روونى ئايينى پشت به‌م بنه‌مايانه‌ ده‌به‌ستێت:

  1. زانيارى له‌سه‌ر دروستكار (خودا).
  2. زانيارى خود.
  3. ڕاستگۆيى له‌گه‌ڵ خۆت.
  4. قبوڵكردنى خود.
  5. قبوڵكردنى قه‌زا و قه‌ده‌ر.

رێنمایی ده‌روونى ئايينى له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر بنه‌مايه‌ك دروست ده‌بێت كه‌ تيايدا تاك هه‌ست به‌ ترس و دڵه‌ڕاوكآ نه‌كات له‌ ئاسووده‌يى ده‌روونيدا بێت، ئه‌م جۆره‌ ڕه‌فتاره‌ واى لێده‌كات كه‌ به‌ره‌و هێوربوونه‌وه‌ى ده‌روونى و جێگيربوون بچێ، ئه‌مانه‌ش چاره‌سه‌رى خه‌م و ناڕحه‌تى كێشه‌كانن.

ئاڕاسته‌كردن له‌ روانگه‌ى رێنمایی ده‌روونى ئايينى ئيسلامى:

زۆرێك له‌ زانايانى ده‌روونى دركيان به‌ گرنگى ئايينى ئيسلام بۆ رێنمایی ده‌روونى كردووه‌، رێنمایی ده‌روونى ئايينى پشت ده‌به‌ستێت به‌ قورئان و سوننه‌ته‌كان. له‌سه‌ره‌تاى ده‌ركه‌وتن و سه‌ره‌تاى شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوو زانايانى ده‌روونزانى به‌ گرنگييه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ لاى به‌هاكانى ئايينى ئيسلام له‌ رێنمایی ده‌روونى و ده‌روونساغى سووديان لێوه‌رگرتووه‌، بڕوابوونێكى ڕاسته‌قينه‌ به‌خوا هێزێكى كاريگه‌ره‌ و باشه‌، وزه‌يه‌كى روحی به‌و كه‌سانه‌ ده‌دات په‌يڕه‌وى ئايينى ئيسلام ده‌كه‌ن و له‌ ژيانى ڕۆژانه‌دا سوودى لێوه‌رده‌گرن.

ئاماده‌كردنى م: جميل ساب ئه‌لشايع

ماسته‌ر له‌ رێنمایی ده‌روونى و په‌روه‌رده‌يى/ زانكۆى مۆت/ كۆلێژى زانسته‌ په‌روه‌رده‌ييه‌كان

كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

رێنمایی و چاره‌سه‌ری به‌یاری

دانا سه‌لام/ رێنماییكاری ده‌روونی و به‌ڕێوه‌به‌ر رێكخراوی رێنمایی ئه‌م شێوازه‌ ڕێنمایيه‌‌ يه‌كێكه‌ له‌ شێوازه‌ زۆر …