منداڵ و خه‌و

سامان سیوه‌یلی/ ده‌روونناس

زۆرێک له‌دایک و باوکان سکاڵا له‌ده‌ست خه‌وی منداڵه‌کانیان دەکەن، یان له‌کاتی تووشبوونی منداڵه‌کانیان به‌ تێکچوونه‌کانی خه‌و ئیدی دایکان و باوکان هەراسان دەبن، تەنانەت جاری وا هەیە ئەم گرفتانەی منداڵ دەبنە هۆی دروستبوونی گرفتی نێوان خودی هاوسەران خۆیان. یه‌کێک ده‌ڵێت (منداڵه‌که‌م له‌کاتی خۆیدا ناخه‌وێت)، ئه‌وی دی ده‌ڵێت (منداڵه‌که‌م ناوێرێت به‌ته‌نها له‌ژووری خۆیدا بخه‌وێت)، (له‌کاتی نووستندا به‌قیژه‌ و گریانه‌وه‌ به‌ئاگا دێته‌وه‌)، (لەکاتی نوستندا منداڵەکەم بەردەوام خۆی تەڕ دەکات) و … تد. تێکڕا ئه‌م ‌حاڵه‌تانه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی کۆژانی گه‌وره‌ بۆ خێزانه‌کان و ده‌بنه‌ هۆی تێکچوونی خه‌وی گه‌وره‌کانیش، بۆیه‌ له‌ هه‌ندێ باردا دایک و باوکان به‌شێوازی هه‌ڵه‌ به‌ڕووی منداڵه‌کانیاندا ده‌وه‌ستنه‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ش نەک هەر گرفتەکان چارەسەر ناکات بەڵکو زیاتریان دەکات.

خەو پرۆسەیەکی دینامیکیە، لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنی منداڵدا ئەویش گۆڕانکاری بەسەردا دێت، منداڵ لە قۆناغەکانی گەشەکردنیدا فێری نەریتەکانی تایبەت بە خەو دەبێت، جا ئەو نەریتانە دروستبن یان نادروست، کە دواجار ئەو نەریتانە کاریگەری لەسەر قۆناغەکانی پاشتری تەمەنی دروستدەکات سەبارەت بەخەو.

ئاشنابوونی دایبابان بە زانیاری پێویست دەربارەی خەوی منداڵ لە قۆناغە جیاجیاکانی گەشەی منداڵان و پەیڕەوکردنی شێواز و مامەڵەی دروست بۆ خەواندنی منداڵ، هەروەها  لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی منداڵ لەگەڵ تێکچوونەکانی خەو، گەرەنتی چارەسەرکردنی گرفتەکان دەکات و ڕەنگدانەوەی ئەرێنیشی لەسەر گەشەی منداڵان و ڕەوشی گشتی خێزان دەبێت.

منداڵانی تازه‌ له‌دایکبوو نزیکه‌ی (١٦ – ١٨) کاژێر ده‌خه‌ون، ئەم ماوە درێژەی نوستن هەمووی بەسەریەکەوە ڕوونادات، بەڵکو به‌سه‌ر (٤ – ٥) ماوه‌دا دابەشدەبێت، لە زۆر باردا منداڵ لەپاش تێپەڕبوونی (٣) کاژێر بەسەر خەوتنیدا بێدار دەبێتەوە جا لە شەودا بێت یان ڕۆژ، چونکە پێویستی بە شیرخواردن دەبێت، هەربۆیە دایکان لە ماوەکانی سەرەتای لەدایکبوونی منداڵدا ناتوانن بەدرێژایی شەو بخەون چونکە چەند جارێک بەهۆی بێداربوونەوەی کۆرپەکەیەوە ئەویش دەبێت بێدار بێتەوە، له‌پاش تێپه‌ڕبوونی (٦) هەفتە هەتا (٨) هەفتە به‌سه‌ر ته‌مه‌نی منداڵدا، خه‌وی منداڵ زیاتر ده‌که‌وێته‌ شه‌وه‌وه‌، ئه‌مه‌ش هه‌لێکی باشتر بۆ خه‌و و پشووی خێزان بەتایبەتی دایکان ده‌ڕه‌خسێنێت. هه‌رچه‌نده‌ ورده‌   خه‌وی منداڵ زیاتر به‌لای شه‌ودا خۆی ده‌کێشێت، به‌ڵام منداڵ نوستنی لە ڕۆژدا هه‌رده‌مێنێت، کاتێک ته‌مه‌نی منداڵ ده‌گاته‌ (٣ – ٦) مانگ، پێویستی به‌ سێ جار نوستن و سه‌رخه‌و شکاندن ده‌بێت، له‌ته‌مه‌نی (٦ – ١٢) مانگیدا دوو جار له‌ڕۆژدا دەخەوێت، له‌ ته‌مه‌نی یه‌ک ساڵیدا ته‌نها یه‌ک جار لە ڕۆژدا دەخەوێت، به‌جۆریک کۆی کاژێره‌کانی خه‌وی منداڵ له‌ تەمەنی یەک ساڵیدا له‌نێوان (١٢ – ١٤) کاژێر ده‌بێت، به‌ڵام بێداربوونه‌وه‌ له‌خه‌وی شه‌ودا له‌ شه‌ش مانگی دووه‌می ساڵی یه‌که‌می ته‌مه‌نیدا زیاتر ده‌بێت، بەجۆرێک ئەم گرفته‌ هه‌تا ته‌مه‌نی دوو ساڵی منداڵ به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی کاتدا منداڵ له‌م گرفته‌ ڕزگاری ده‌بێت و هیچ کاریگه‌رییه‌کی نابێت له‌سه‌ر گه‌شه‌ و ته‌ندروستی منداڵ.

لەکاتێکدا ماوەی سوڕێکی خەو لای گەورە ساڵان (١١٠ – ١٢٠) خولەک دەخایەنێت، بەڵام ماوەی سوڕێکی خەو لە سەرەتای تەمەنی منداڵییەوە هەتا تەمەنی هەشت مانگی (٥٠ – ٦٠) خولەک دەخایەنێت، بەڵام لە تەمەنی هەشت مانگییەوە ماوەی سوڕێکی خەو زیاد دەکات بۆ (٩٠) خولەک، لە دوو ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵدا ماوەی سوڕێکی خەو زیاتر دەکات و دەگاتە نزیکەی (١٢٠) خولەک بەنزیکەیی، بەجۆرێک ماوەی خایاندنی ئەم سوڕە بەمشێوە دەمێنێتەوە لە قۆناغی مێرمنداڵی و هەرزەکاری و قۆناغەکانی پاشتریشدا.

 

تەمەنی منداڵ تێکڕای کاتی خەوتن
تازە لەدایکبوو (١٦ – ١٨) کاژێر، لەنێوان شەو و ڕۆژدا دابەش دەبێت، بەنزیکەیی (٩ – ١٠) کاژێر لەشەودا و (٧ – ٨) کاژێر لە ڕۆژدا، لە زۆر باردا لە ڕۆژدا (٣) جار دەخەوێت
مانگی یەکەم و دووەم (١٥) کاژێر، زیاتر کاتی نوستنەکانی دەکەوێتە شەوان (٩) کاژێر بەشەو، (٦) کاژێر بە ڕۆژ
مانگی سێیەم و چوارەم (١٥) کاژێر، نزیکەی (١٠) کاژێری دەکەوێتە شەوەوە لەپاش خۆر ئاوابوونەوە هەتا خۆر هەڵاتن، (٥) کاژێریشی دەکەوێتەوە ڕۆژەوە کە بەسەر سێ ماوەدا دابەش دەبێت
مانگی شەشەم هەتا نۆهەم (١٤) کاژێر، (١٠) کاژێری دەکەوێتە شەوەوە، (٤) کاژێر لە ڕۆژدا کە بەسەر دوو ماوەدا دابەش دەبێت
تەمەنی یەک ساڵ (١٢ – ١٤) کاژێر، بەنزیکەیی (١١) کاژێر بە شەو، بەنزیکەیی (٢) کاژێر بە ڕۆژ
تەمەنی ساڵ و نیو (١٢ – ١٣) کاژێر، بەنزیکەیی (١٠) کاژێر بە شەو، (٢) کاژێر بە ڕۆژ
تەمەنی دوو ساڵ (١٢) کاژێر، تەنها کاژێرێک هەتا کاژێر و نیوێک دەکەوێتەوە ڕۆژ
(٣ – ٥) ساڵ (١٠ – ١٢) کاژێر، تەنها کاژێرێک یان کاژێر و نیوێک دەکەوێتە ڕۆژ

دابەشبوونی ماوەی خەو بۆ هەردوو قۆناغی خەوی بێ خەون و خەوی خەوندار لای منداڵ:

سەبارەت بە خەو، ئەوەی لە ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵدا ڕوودەدات بەشێوەیەکی پلە بەپلە، ئەم گۆڕانکاریانەیە:

١-  ماوەی خەو دابەشدەبێت بەسەر دوو قۆناغدا، قۆناغێکیان پێی دەگوترێت قۆناغی خەوی خەوندار و قۆناغێکی درێژتر کە پێی قۆناغی خەوی بێ خەون.

٢- دابەشبوونی قۆناغی خەوی بێ خەون بەسەر چوار پلە (ئاست)ی یەک بەدوای یەکدا و دیاریکردنی ماوەی هەر ئاستێک لەو چوار ئاستانە.

٣- دەرکەوتنی هەندێ دیاردەی فسیۆلۆژی کە هاوەڵی خەو دەکەن لەهەردوو قۆناغەکەدا، وەکو (جوڵەی کارەبایی مێشک، جوڵەی هەردوو چاوان، جوڵەی ماسولکەکانی گوێی ناوەڕاست، گرژبوونی ماسولکەکان، جوڵەی جەستە و چەند دیاردەیەکی فسیۆلۆژی دیکە، کە زۆرێک لەم دیاردانە هاوەڵی قۆناغی ماوەی خەوی خەوندار دەکەن.

ماوەی خەوی خەوندار لای منداڵ:

ئەو ماوەیەی نوستن کە خەونی تێدا دەبینرێت و بە (ماوەی خەوی خەوندار) ناساندوومانە زۆرترین ماوەی نوستنی پێکدەهێنێت لەسەرەتای ژیانی منداڵدا، پاشان لەگەڵ گەورەبوونی تەمەندا ماوەی خەوی خەوندار کەمتر دەبێتەوە، بۆ نموونە لەلای منداڵی تازە لەدایکبوو ئەم ماوەیە (٥٥٪ –  ٨٠٪)ی کاتی نوستن پێکدەهێنێت، واتە ئەگەر منداڵێکی تازە لەدایکبوو بەنزیکەیی (١٨) کاژێر بخەوێت ئەوا نزیکەی (٩ – ١٤) کاژێر خەون دەبینێت لەکاتی نوستندا، توێژەرانی بواری نوستن دەڵێن ماوەی خەوی خەوندار لە دوا هەفتەکانی کۆرپەلە لە منداڵدانی دایکدا پێش لەدایکبوون و لای ئەو کۆرپانەی پێش کاتی سروشتی خۆیان لەدایک دەبن، زۆر زیاترە لەچاو ئەو ڕێژەیەی ئاماژەمان پێدا، بەڵام کاتێک تەمەنی منداڵ دەگاتە یەک ساڵ ئەوا ماوەی خەوی خەوندار کەمدەبێتەوە بۆ (٣٠٪)ی هەموو کاتی نوستنی منداڵ، کاتێکیش منداڵ دەگاتە قۆناغی مێردمنداڵی (نەوجەوانی) و هەرزەکاری ئەوا ماوەی خەوی خەوندار کەم دەبێتەوە بۆ (٢٠٪ – ٣٠٪) ی هەموو کاتی نوستن و لە گەورەییدا ئەم ماوەیە دادەبەزێت بۆ (١٥٪ – ٢٠٪)، کەواتە لەم ڕێژانەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەی هەتا تەمەنی مرۆڤ زیاد بکات، ماوەی خەوی خەوندار کەم دەبێتەوە.

منداڵان لەسەرەتای هاتنە ژیانیانەوە لەگەڵ دەستپێکی نوستنیان دەکەونە قۆناغی خەون بینینەوە، واتە خەون بینین لای منداڵان لەسەرەتای نوستندایە، بەڵام لەگەڵ گەشەکردنیان ماوەی نوستنی منداڵ دابەشدەبێت بۆ سەر چەند سوڕێکی خەو کە بە خەوی سوک دەستپێدەکات و بە خەوی قوڵدا تێدەپەڕێت و بە خەون بینین کۆتایی پێدێت.

 

چی ڕوودەدات لە ماوەی خەوی خەونداردا؟

 

لەڕاستیدا ئەوەی لەماوەی خەوی خەونداردا لای منداڵان ڕوودەدات تائاستێکی زۆر هاوشێوەیە لەگەڵ هەموو ئەو چالاکیانەی لای منداڵانی گەورە ساڵ و هەرزەکاران و پێگەیشتووان لە ماوەی خەوی خەونداردا ڕوودەدەن، گرنگترین ئەو چالاکیانەی لە ماوەی خەوی خەونداردا ڕوودەدەن:

یەکەم: چالاکیە فسیۆلۆژیەکان ، دووەم: ئەزموونی خەون بینین.

یەکەم: چالاکیە فسیۆلۆژیەکان:

جوڵە خێرای هەردوو چاو:

ئەم دیاردەیە لە منداڵانی بچوکدا ڕوودەدات هەروەکو لای گەورەکانیش ڕوودەدات، ئەم دیاردەیە هاوبەندی ماوەی خەوی خەوندارە، جوڵە خێرای هەردوو چاو بە دەستپێکردنی قۆناغی خەوی خەوندار دەستپێدەکات و بە کۆتایی ئەم قۆناغە ئەویش کۆتایی دێت، لە تایبەتمەندیەکانی ئەم جوڵەیەی چاو لەکاتی خەون بینیندا لای منداڵ، وێڕای جوڵەی پێڵوی چاوەکان و برژانگ، ئاڕاستەی چاوە، کە لای منداڵان ئاڕاستەی چاو لەکاتی خەون بینیندا بۆ سەرەوەیە، بەڵام لە قۆناغەکانی پاشتری تەمەندا ئەو ئاڕاستەیە دەگۆڕێت بۆ تەنیشتەکان.

جوڵەی کارەبایی مێشک:

یەکێکی دیکە لە دیاردە جیاکەرەوەکانی ماوەی خەوی خەوندار ئەو گۆڕانکاریەیە بەسەر جوڵەی کارەباییانەی مێشکدا دێت، بەجۆرێک جوڵەی کارەبایی مێشک لەکاتی خەون بینیندا جیادەکاتەوە لەو جوڵە کارەباییەی مێشک هەیەتی لەقۆناغی خەوی بێ خەوندا.

ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر ماسولکەکاندا دێت:

چەند دیاردەیەکی دیکەی فسیۆلۆژی لە ماوەی خەوی خەونداردا ڕوودەدەن کە گرنگترینیان ئەمانەن: (چالاکبوونی ماسولکەکانی گوێی ناوەڕاست، خاوبوونەوەی گرژی ماسولکەکانی جەستە، لەرزینی هەندێ ماسولکەی بچوکی دەموچاو کە هەندێجار وا دەردەکەوێت پێبکەنێت یان مۆن بێت، مژین، دەست گرژکردن، لنگە فرتێ یان فڕێدانی قاچەکان بەملاوبەولادا، ڕەپبوونی چوک، خێرابوونی لێدانی دڵ، خێرابوونی هەناسەدان، بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، درەنگ بەئاگاهاتنەوە بەرامبەر ئەو وروژێنەرە هەستیانەی لەدەوریدا هەن وەکو دەنگە دەنگ و تەقە تەق).

 

دووەم: خەون بینین:

 

منداڵانیش هاوشێوەی گەورەکان خەون دەبینین، ئەگەرچی توانای دەربڕین و گێڕانەوەی خەونەکان لەقۆناغی منداڵیدا لاوازە و ناتوانێت وەک پێویست باس لە ناوەرۆکی خەونەکانی بکات, بەشێک لەتوێژینەوەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە منداڵ لەدوا مانگەکانی بەر لەدایکبوونی و لەناو منداڵدانی دایکیدا خەون دەبینێت، بەوپێیەی چاوەکانی لە تەمەنی حەوت مانگ بەدواوە دەستدەکەن بە جوڵەی خێرا کە ئەمش دەکرێت بەئاماژەیەک بۆ خەون بینین دابنرێت.

 

تێکچوونەکانی خەو لای منداڵان:

 

قۆناغی منداڵیش بێبەش نیە لەهەندێ جۆری تێکچوونی خەو، لێکەوتەکانی تێکچوونەکانی خەو لای منداڵان هەر جۆرێکیان بێت تەنها بۆ خودی منداڵان نیە، بەڵکو ئەندامانی خێزان بەتایبەتی دایکان و باوکانیش دووچاری وەڕسی و خەوزڕان دەبن بەهۆی منداڵەکانیانەوە، لەو تێکچوونانەی خەو کە لەقۆناغی منداڵیدا باوە (خەوڕۆ، تۆقینی شەو، خەونی کابوسی، دانەجیڕە، تێکچوون لە سوڕی خەو – بێداریی و …تد).

هۆکارەکانی تێکچوونەکانی خەو لای منداڵان بەپێی تەمەنی منداڵ دەگۆڕێت،  بۆ نموونە منداڵی خوار تەمەنی شەش مانگ تووشی تێكچوونی خەو دەبێت بەهۆی (خۆتەڕکردن یان خۆپیسکردن لەکاتی خەودا، برسێتی، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جەستە، ئازاری ناو سک، گاز، هەوکردنی پێست بەتایبەتی لەو ئەندامانەی بەهۆی پێهەڵگرتنی دایبیەوە زیانیان پێدەگات)، بەڵام لەسەروو تەمەنی شەش مانگییەوە هۆکارەکانی تووشبوونی بە تێکچوونەکانی خەو گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، کە دەتوانین گرنگترین هۆکارەکان لەم چەند خاڵەدا کورت بکەینەوە:

١- ترس و هەستنەکردن بە ئاساییش بەهۆی ئاژاوەی خێزان و توندوتیژی نێوان دایک و باوک.

٢- ترساندنی منداڵ لەلایەن گەورەکانەوە وەک شێوازێکی هەڵە لە پەروەردەکردندا.

٣- تەماشاکردنی فیلمی ترسناک، گێڕانەوەی چیرۆک و بەسەرهاتی ترسێنەر بۆ منداڵ.

٤- هەندێجار منداڵ بە ئامانجی سەرنجڕاکێشانی دایک و باوکی و دەستکەوتنی گرنگیپێدان لە خەو  بێدار دەبێتەوە.

٥- کێشەی تەندروستی و هەندێ نەخۆشی جەستەیی دەبنە هۆی تووشبوونی منداڵ بە تێکچوونی خەو.

لێره‌دا چه‌ند ڕێنماییه‌ک بۆ دایک و باوکان ده‌خه‌ینه‌ ڕوو تاکو یاریده‌یان بدات له‌ پرۆسه‌ی گونجاندنی منداڵه‌کانیان له‌گه‌ڵ خه‌ودا له‌ ساڵی یه‌که‌می ته‌مه‌نیاندا:

١- منداڵه‌که‌ت وا بار بهێنه‌ که‌ شه‌و بۆ خه‌وه‌ و ڕۆژیش بۆ بێداری، هه‌ر له‌م ڕێیه‌وه‌ کاتی یاریکردنی ته‌نها له‌ڕۆژدا بێت.

٢- هاوکاریی منداڵه‌که‌ت بکە بۆ فێربوون له‌سه‌ر هاوبه‌ندی کردن له‌نێوان خه‌و و جێگه‌ی نووستندا، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ئامانجه‌ش بێته‌ دی ده‌بێت منداڵ له‌کاتی خه‌ویدا ببرێته‌ سه‌ر جێگه‌ی نووستنه‌که‌ی و ڕێگه‌ی نه‌درێت له‌ژووری دانیشتن یان له‌باوه‌ش و کۆشی دایک و باوکدا بخه‌وێت.

٣- ده‌بێت ڕووناکی له‌ژووری نووستندا ڕووناکییه‌کی کز بێت.

٤- ئه‌گه‌ر منداڵه‌که‌ت بێدار بووه‌وه‌ له‌شه‌ودا یه‌کسه‌ر سه‌رنجی مه‌ده‌، ئه‌گه‌ر گریا به ‌مهیره‌بانییه‌وه‌ هه‌وڵبده‌ هێمنی بکه‌ره‌وه‌ و دڵنیایی پێببه‌خشه‌، یان ئەگەر پێویستی کرد دایبییه‌که‌ی بۆ بگۆڕه‌، له‌م حاڵه‌تانه‌دا ڕووناکی ژووره‌که‌ هه‌ڵ مه‌که‌، ئه‌و وتووێژه‌ی له‌گه‌ڵ منداڵه‌که ده‌یکه‌یت با به‌ده‌نگێکی نزم و له‌سه‌رخۆ بێت، ئارامی خۆت له‌ده‌ست مه‌ده‌. ئه‌گه‌ر منداڵ هه‌ستیکرد بێداربوونه‌وه‌ی ده‌بێته‌ مایه‌ی گرنگی پێدانێکی زۆر له‌لایه‌ن گه‌وره‌کانه‌وه‌ ئه‌وا له‌سه‌ر ئه‌م باره‌ ڕادێت و ئیدی په‌نا بۆ ئه‌م ڕه‌فتاره‌ ده‌بات به‌مه‌ستی سه‌رنجڕاکێشانی خێزان.

٥- زۆر شیرپێدان به‌منداڵ له‌شه‌ودا کار ده‌کاته‌ سه‌ر خه‌وی منداڵ و ده‌بێته‌ مایه‌ی بێداربوونه‌وه‌ی فره‌بار، ‌ (٣ – ٨) جار له‌شه‌وێکدا منداڵ بێدار ده‌کاته‌وه‌. له‌ته‌مه‌نی شه‌ش مانگیدا منداڵه‌ ته‌ندروسته‌کان ده‌توانن سه‌رچاوه‌ی خۆراکی پێویست له‌ ڕۆژدا وه‌ربگرن بۆ خۆیان، بۆیه‌ له‌کاتی زۆر بێداربوونه‌وه‌ی منداڵ له‌کاتی خه‌ودا به‌مه‌ستی وه‌رگرتنی خۆراک، دروست وایه‌ ڕاوێژ به‌پزیشکی منداڵان بکرێت، بۆ گه‌یشتن به‌پلانێکی چاره‌سه‌ریی به‌مه‌به‌ستی که‌مکردنه‌وه‌ی له‌سه‌رخۆی بێداربوونه‌وه‌ی منداڵ.

 

له‌قۆناغی ده‌ستکردن به‌ ڕۆشتن هه‌تا پێش چوونه‌ قوتابخانه‌:

 

له‌ته‌مه‌نی دوو ساڵیدا منداڵ به‌تێکڕا (١٢ – ١٣) کاژێر ده‌خه‌وێت، کاژێرێک یان دوو کاژێر له‌ڕۆژدا و (١١) کاژێر له‌شه‌ودا، له‌م ته‌مه‌نه‌وه‌ کاتی نووستنی منداڵ ڕێکخستنێکی زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت. به‌ڵام چه‌ند گرفتێکیش له‌م ته‌مه‌نه‌دا سه‌رهه‌ڵئه‌دات که‌ ئه‌وانیش: ڕه‌تکردنه‌وه‌ی منداڵ بۆ نووستنی به‌ته‌نها، گریان له‌ واده‌ی خه‌وتندا، بێداربوونه‌وه‌ به‌گریانه‌وه‌ له‌شه‌ودا.

بۆ گرتنه‌به‌ری شێوازی دروست بۆ گرفتانه‌ پێویسته‌ ئه‌م ڕێوشوێنانه‌ بگیرێنه‌ به‌ر:

١- کاتی نووستن بۆ منداڵ دیاری بکه‌ و به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م واده‌یه‌ بکه‌ره‌وه‌.

٢- دوو بکه‌وه‌ره‌وه‌ له‌ وروژاندنی منداڵ به‌ که‌لوپه‌لی یارییه‌کانی له‌پێش کاتی خه‌وتنیدا.

٣- هه‌وڵبده‌ منداڵه‌که‌ت ژووری نووستنه‌که‌ی خۆش بوێت، به‌هۆی دانانی پێخه‌فی سه‌رنج ڕاکێش و پاکوخاوێن ڕاگرتنی شوێنی نووستنه‌که‌ی و ڕێگه‌ی پێبدرێت ئه‌و که‌ره‌سه‌ یارییه‌ی لای په‌سه‌ند و خۆشه‌ویسته‌ له‌ژووری نووستنه‌که‌یدا بێت.

٤- منداڵه‌که‌ت ڕابهێنه‌ له‌سه‌ر سیستمێکی دیاریکراو پێش خه‌و، بۆ نموونە بەر لەئەنجامدانی دوا چالاکی بۆ منداڵ ئاگادار بکرێتەوە کە کاتی خەو نزیک بۆتەوە.

٥- به‌رهه‌ڵستی ئاره‌زووی منداڵ بکه‌ بۆ درێژه‌دان به‌خوێندنه‌وه‌ی چیرۆک یان هه‌ر شتێکی دیکە که‌ منداڵه‌که‌ بیه‌وێت به‌هۆیه‌وه‌ کاتی مانه‌وه‌ی دایک و باوکی له‌گه‌ڵیدا درێژتر بێته‌وه‌.

٦- جێگیر به‌ له‌بڕیاره‌کانت و له‌سه‌ر هه‌مان پره‌نسیپ بڕۆ هه‌موو شه‌وێک.

٧- ئه‌گه‌ر منداڵه‌که‌ت به‌ته‌نها ده‌خه‌وێت له‌ژوورێکی تایبه‌تیدا وا ڕایبهێنه‌ که‌ تۆ له‌گه‌ڵیدا نامێنیته‌وه‌ له‌ژووره‌که‌یدا هه‌تا خه‌وی لێده‌که‌وێت، به‌ڵام دڵنیای بکه‌ که‌ تۆ نزیکی لێوه‌ی هه‌ر کاتێک پێویست بکات.

٨- له‌م ته‌مه‌نەدا منداڵ ئه‌گه‌ری بێداربوونه‌وه‌ی هه‌یه‌ (وه‌ک گه‌وره‌کان)، بۆیه‌ ده‌بێت ورده‌ ورده‌ منداڵ فێربکرێت چۆن ده‌ست بکاته‌وه‌ به‌ خه‌و. ئه‌گه‌ر منداڵ به‌گریانه‌وه‌ بێدار بووه‌وه‌ وه‌ تۆش زانیت ئه‌م بێداربوونه‌وه‌یه‌ نه‌ریته‌ نه‌ک تووشبوونی به‌حاڵه‌تێکی دیاریکراو، ئه‌وا پێنج خوله‌کێک چاوه‌ڕێ بکه‌ پێش چوونه‌ ژووری منداڵه‌که‌، کاتێکیش ده‌چیته‌ لای بۆ کاتێکی کورت لای بمێنه‌ره‌وه‌ و هه‌وڵی هه‌ڵگرتن و له‌باوه‌ش گرتنی مه‌ده‌، هه‌تا ده‌کرێت گفتوگۆی ساده‌ و کورتی له‌گه‌ڵ بکه‌، پاشان به‌جێی بهێڵه‌ هه‌تا ئه‌گه‌ر منداڵه‌که‌ به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر گریان، ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌رده‌وام بوو ئه‌وا ده‌ خوله‌کێک چاوه‌ڕێ بکه‌ ئه‌وجا سه‌ری لێبده‌ره‌وه‌ و به‌هه‌مان شێوه‌ کاتێکی زۆر که‌م له‌لای بمێنه‌ره‌وه‌ و دڵنیایی پێببه‌خشه‌.

 

ته‌مه‌نی (٦ – ١٢) ساڵان ته‌مه‌نی قوتابخانه‌:

 

به‌شێوه‌یه‌کی گشتی کاتێک منداڵ ده‌گاته‌ شه‌ش ساڵان ئیدی پێویستی به‌ خه‌وی ڕۆژ نامێنێت و کۆی کاژێره‌کانی خه‌و له‌م ته‌مه‌نه‌وه‌ بۆ خوار (١١) کاژێر داده‌به‌زێت. کاتێک ده‌گاته‌ ته‌مه‌نی (١٠) ساڵی ژماره‌ی کاژێره‌کانی خه‌وی بۆ نزیکه‌ی (١٠) کاژێر داده‌به‌زێت.

له‌م ماوه‌یه‌دا زۆربه‌ی ئه‌و گرفتانه‌ی خه‌و نامێنێت که‌ قۆناغی سه‌ره‌تای منداڵیدا بوونیان هه‌بووه‌، زۆرینه‌ی منداڵان له‌م قۆناغه‌دا له‌شه‌ودا به‌باشی ده‌خه‌ون و له‌ڕۆژیشدا بێدارن هه‌روه‌کو گه‌وره‌کان، هه‌ندێ منداڵ له‌م قۆناغه‌دا شه‌وانه‌ زوو ده‌خه‌ون و به‌یانیانیش زوو بێدار ده‌بنه‌وه‌، هه‌ندێکیشیان شه‌وانه‌ دره‌نگ ده‌خه‌ون و به‌یانیانیش دره‌نگ بێدار ده‌بنه‌وه‌. گرفتی سه‌ره‌کی له‌خه‌وی منداڵدا له‌م ته‌مه‌نه‌دا بریتییه‌ له‌ واده‌ی نووستنی منداڵ،‌ زیاتر له‌وه‌ی له‌ خودی خه‌وه‌که‌یدا بێت. باوترین گرفتیش له‌م بواره‌دا بریتییه‌ له‌ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی خه‌و له‌لایه‌ن منداڵه‌وه‌. منداڵ هه‌وڵده‌دات واده‌ی نووستنه‌که‌ی دوا بخات، ئه‌مه‌ش یان به‌هۆی یاری کردنه‌وه‌یه‌ یان ته‌ماشا کردنی ته‌له‌فزیۆن و به‌کارهێنانی یارییه‌ ئه‌له‌کترۆنییه‌کانی وه‌ک پله‌ی سته‌یشن، یاخود بۆ به‌جێهێنانی ئه‌رکه‌کانی قوتابخانه‌.

که‌مخه‌وی له‌م ته‌مه‌نه‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر منداڵ له‌ ڕۆژدا، ئه‌و منداڵانه‌ی تێر خه‌و نابن تووڕه‌ ده‌بن و ڕه‌فتاری سه‌یر نمایش ده‌که‌ن، وه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌پۆلدا خه‌ویان لێبکه‌وێت و ته‌رکیزیان که‌م دەبێته‌وه‌.

لێره‌دا هه‌ندێ ڕێنمایی ده‌خه‌ینه‌ ڕوو بۆ دایک و باوکان تاکو بتوانن خه‌وێکی دروست و باش بۆ منداڵه‌کانیان مسۆگه‌ر بکه‌ن:

١- واده‌یه‌کی زوو دابنێ بۆ خه‌وی منداڵه‌که‌ت، هه‌رچه‌نده‌ واده‌ی خه‌و له‌منداڵێکه‌وه‌ بۆ منداڵێکی دیکە جیاوازی ده‌بێت، به‌ڵام پێویسته‌ له‌سه‌ر دایک و باوکان ئه‌و واده‌یه‌ دابنێن بۆ خه‌وتنی منداڵه‌کانیان که‌ تێر خه‌وی بۆ منداڵه‌کانیان مسۆگه‌ر بکات.

٢- ده‌بێت ژووری نووستنی منداڵ سه‌رنجڕاکێش و ئارام بێت.

٣- نابێت له‌ ژووری نووستنی منداڵدا ته‌له‌فزیۆن و کۆمپیوته‌ر و پله‌ی سته‌یشن و ئامێری یاری کردنی دیکەی تێدا بێت، ده‌بێت ڕێگه‌ بدرێت به‌منداڵ که‌ره‌سه‌یه‌کی یاری ساکار و په‌سه‌ند لای خۆی، له‌گه‌ڵ خۆیدا دابنێت له‌ژووری نووستندا.

٤- منداڵه‌که‌ت له‌سه‌ر هه‌ندێ نه‌ریتی به‌سوود ڕابهێنه‌، وه‌ک: چوونه‌ سه‌ر پێشاو و ددان شتن، پێش چوونه‌ ناو جێگه‌ی نووستن.

٥- ڕێگه‌ مه‌ده‌ منداڵه‌که‌ت ته‌ماشای فیلمی ترسناک بکات له‌شه‌ودا، یاخود ته‌ماشای ئه‌و فیلمانه‌ بکات کە له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نیدا ناگونجێن.

٦- پێش هاتنی واده‌ی خه‌وی منداڵ،  به‌ ماوه‌یه‌ک ئاگاداری بکه‌ که‌ واده‌ی خه‌وی نزیکه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌و چالاکییه‌ هه‌ڵبگرێت که‌ سه‌رقاڵه‌ پێوه‌ی و ئاماده‌گی وه‌ربگرێت بۆ چوونه‌ ناو جێگه‌.

٧- هه‌وڵ مه‌ده‌ کێشه‌ و گرفته‌کانی خێزان له‌به‌رچاوی منداڵدا تاووتوێ بکرێت چونکه‌ کێشه‌ و ئاژاوه‌ی خێزان به‌مه‌ترسی داده‌نرێت بۆ سه‌ر ئاساییشی ده‌روونی منداڵ.

كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

کاریگەری ڤیتامین (N) لە پەروەردەی منداڵ

ئامادەکردن؛ احمد صابر پرۆفیسۆر رۆزمۆند، پرۆفیسۆر لە بواری دەروونناسی خێزان لە زانکۆی (parger) لە دیمانەیەکدا …