منداڵانی پۆلی یەکەم بەقوتابخانە مەترسێنن

ئا؛ ئاکۆ محمدامین/ ت: کۆمەڵایەتی

زۆرجار هەندێک لە خێزانەکان کە منداڵەکەیان بۆ یەکەمجار دەچێتە قوتابخانە بە دەرس خوێندن و قوتابخانە دەیانترسێنن، ئەمەش وادەکات منداڵانی پۆلی یەکەم لە خوێندن و قوتابخانە هەراسان ببن. بەکارهێنانی هەندێک ڕستەی وەک (ئەگەر ئازاری کەس بدەی  یان ئاقڵ نەبیت یان ئەگەر وانەکان نەنوسیتەوە ئەوا بە مامۆستاکەت دەڵێم لێت بدات… هتد)  ئەم جۆرە قسانە وادەکات منداڵ لە مامۆستا و دەرس و قوتابخانە هەراسان ببێت و مەیلی بۆیان نەبێت.

لەبەرئەوەی قوتابیانی یەکەمی بنەڕەتی یاسا و ڕێساکانی قوتابخانە نازانن، دەبێت خێزانەکان منداڵەکانیان بەو یاسا و ڕێسایانە ئاشنا بکەن بۆنمونە (ئامادەبونی منداڵ لەکاتی وانەدا، گوێگرتن بۆ قسەکانی مامۆستا، بێدەنگ بون لەکاتی وانە وتنەوەدا، ئاگادار بون لە کەلوپەلەکانی خۆی…)، تاوەکو منداڵان لەناو پۆلدا توشی هیچ حاڵەتێکی ناخۆش نەبن و لە مامۆستا و دەرس و قوتابخانە  بێزار نەبن.

قوتابیانی پۆلی یەکەم نازانن قوتابخانە چی جۆرە جێگایەکە  چونکە ئەمە یەکەمین ئەزمونی هاتنیانە بۆ جێگا و شوێنێکی ڕەسمی، ئەگەر ئاشناییان بەو یاسا وڕێسانە هەبێت ئەوا ئاسانتر و باشتر دەتوانن خۆیان لەگەڵ ئەو بارودۆخ و ژینگە تازەیەدا بگونجێنن، ئاشناکردنی تەواوەتی  منداڵانی پۆلی یەک بە ڕێساکانی قوتابخانە وەک شوێنێکی ڕەسمی دەتوانێت  لەپێکەوە گونجانی قوتابیان لەگەڵ کەشی دەرس و قوتابخانەدا کاریگەربێت و زەمینەی پێشکەوتن و دەرکەوتنی تواناکانیان فەراهەم بێنێت.

دەبێت دایک و باوکان بە منداڵەکانیان بڵێن ئەگەر هەرکاتێک  گرفتێکیان بۆ درووست بوو، دەتوانن  مامۆستا یان بەڕێوەبەر یان  پسپۆرانی دەرونی و کۆمەڵایەتی لێ ئاگاداربکەنەوه‌، داوای هاوکاریان لێ بکەن.

لەڕۆژانی یەکەمی قوتابخانەدا  دەبێت دایکان و باوکان لەگەڵ منداڵەکانیان بچن بۆ قوتابخانە و قوتابخانەیان وەک شوێنێکی خۆش و پڕ چالاکی پێ بناسێنن و شوێنی پۆل و باخچە و تەوالێت و بینای قوتابخانەیان پێ ئاشنا بکەن، خێزانەکان نابێت یادەوەری ناخۆشی خۆیان بۆمنداڵەکانیان باس بکەن بەڵکو دەبێت یادەوەریە خۆخشەکانی ڕۆژانی قوتابخانەیان بۆ مندالەکانیان باس بکەن  تاوەکو حەزوئارەزوی خوێندنیان لەلا دروست بکەن. چەند ڕۆژێک پێش دەست پێکردنی قوتابخانە  لەگەڵ منداڵەکەتان دەربارەی قوتابخانە قسە بکەن و پێی بڵێن کە بۆچی پێویستە بچێتە قوتابخانە، باسی گرنگی قوتابخانەی بۆ بکەن پێی بڵێن کەوا هەموو ڕۆژێک هاوپۆلەکانی خۆی دەبینێت و هاوڕێی نوێ دەناسێت و فێری چالاکی و یاری نوێ و جۆراوجۆردەبێت، باشتر گەشە دەکات .

لەلایەکی تر دەبێت مامۆستایان  ڕەچاوەی لایەنی دەروونی قوتابییانی پۆلی یەکەم بکەن، چونکە قوتابخانە بۆ ئەوان ژینگەیەکی تازەیە، منداڵ بۆ یەکەمجار لەژینگەی گەرمی ماڵەوە دادەبڕێت، دەبێت بۆ چەندین کاتژمێر لە دوری دایک و باوکی کات بەسەر ببات، هەروەها  قوتابی و مامۆستاکانی بۆ ئەم کەسانی نا مۆن و تیایدا منداڵ ناچار دەکرێت بەڕەچاوکردنی یاسا و ڕێساکانی قوتابخانە، بۆیە هەموو ئەمانە بۆ منداڵ ئەزمونێکی تازەن و زۆرجارمنداڵان توشی ترس و دڵەڕاوکێ و بێتاقەتی دەبنەوە. گرنگە مامۆستایانی پۆلی یەکەم شارەزاییەکی باشیان لە سایکۆلۆژیای منداڵ هەبێت  بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی باش مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، لەگەڵ ژینگەی دەرس و قوتابخانەدا بیان گونجێنن. زۆر گرنگە لەڕۆژی یەکەمی قوتابخانەدا ئاهەنگ بۆ قوتابیانی پۆلی یەکەم سازبکرێت و تیایدا بە بەخشینەوەی شیرینی و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆری دڵخۆشکەر پێشوازیان لێبکرێت، تاوەکو منداڵ خوێندن و قوتابخانەی لەبەرچاودا شیرین ببێت، هەموو ترس و دڵەڕاکێیەکی نەمێنێت، سەرەتای دەستپێکی قوتابخانەی وەک یادەوەرییەکی خۆش لەزەینیدا بمێنێتەوە. هەروەها گرنگە لەهەفتەی سەرەتادا مامۆستایان کەشێکی خۆش و گونجاو لەپۆلی وانە خوێندندا دروست بکەن تاوەکو قوتابی حەزی بۆ خوێندن درووست ببێت. دەبێت مامۆستایان  لەهەرجۆرە سەتخگیری و مامەڵەیەکی نادروست و ناپەوەردەیی خۆیان بەدوربگرن، تابتوانن پەیوەندیەکی باش لەگەڵ قوتابیاندا دروست بکەن و گەشە بە توانا و بەهرەکانیان بدەن.

كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

کێشەی چوونە دەرەوه‌ی شەوانەی هەرزەکاران

محمد جووتیار/ رێنماییكاری ده‌روونی و خێزانی رەنگە زۆر لە دایکان و باوکان بەدەست چوونە دەرەوەی …