قۆپیەکردن (گزیکردن)

ئا، ئارام سەردار/ ڕێنماییکارى پەروەردەى
ق. مەلافەندى بنەڕەتى تێکەڵاو.
ئێمە هەموومان پێویستە فێربین و بەردەوام بین، لەهەر هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن ڕێگایەکى ساخت بگرینە بەر ئەوا هەنگاوى داهاتوومان جگە لەوەى قوڕستر دەبێت، روبەڕوى شکستێکى گەورەشمان دەکاتەوە”
هەر لەدەستپێکى پڕۆسەى خوێندن تاوەکو کۆتایى ئەو پڕۆسەیە دەبیستین یان دەبینین بەشێک لەفێرخوازان پەنا بۆ ڕەفتارێکى ناتەندروست و ناڕاست دەبەن بۆ گەیشتن بەئامانج، ئەویش (قۆپیە-گزى)ـکردنە، ئەو ڕەفتارەش چەند هۆکارێکى هەیە.

هۆکارەکانى قۆپیەکردن-گزیکردن
لێرەدا ژمارەیەک لەم هۆکارانە دەخەیەنە ڕوو کەوا هۆکارن بۆ ئەوەى بەشێک لەفێرخوازان پەنا بۆ ڕەفتارێکى ناڕاستى لەم شێوەیە بەرن، بەشێک لەهۆکارەکان ترسە لەدەرنەچوون و نەگەیشتن بەئامانج، ئەمەش لە ئەنجامى ئەو چاوەڕوانییە زۆرەى کەوا لەفێرخواز دەکرێ و لەدەرەوەى سنوورى دەسەڵاتەکانی دایە، بەڵام بەهۆى بوونى فشار لەسەرى و زۆر سەرکۆنەکردن و شکاندنەوەى لەبەردەم دەوروبەرەکەیدا لەکاتى هێنانى نمرەى کەم و نەبوونى پەروەردەیەکى دروست لەناو خێزان و ژینگەکەی، فێرخواز هەوڵى پاراستنى خۆى دەدات لەکەوتن و هێنانى ئەو نمرەیەى کە تواناى خۆیەتى بەڕێگایەکى ناڕاستى وەکو گزى کردن، بەتایبەت کاتێک لەوانەکانى دواکەوتووە.
نیشانەکان
ئەو کەسانەى پەنا بۆ جۆرێک لەم رەفتارە دەبەن، دەیانەوێت سوود لەڕێگایەکى ناشایستە وەربگرن بۆ گەیشتن بەئامانج و بەبێ ئەوەى هیچ ڕەنج و ماندووبونێک ببێنێ، هەروەها نایەوێت رێز لە مافى ئەوانى تر بگرێ و هەندێ کاتیش پەنا بۆ هەندێ ڕەفتارى جیاواز دەبه‌ن بۆ گزیکردن، وەک زۆرکردن لەفێرخوازێکى زیرەک تاوەکو لەنزیکى دابنیشێت و پێى بڵێتەوە، زۆر کات ڕوبەروى کێشەش دەبێتەوە لەگەڵ فێرخوازان.
چارەسەر
دەتوانرێت زۆر رێگا بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەى فێرخواز لەم رەفتارە ناڕاستە بپارێزرێت و دووربخرێتەوە، بەتایبەت باشترە هۆکارى ڕاستەقینەى پەنابردن بۆ ئەو ڕەفتارە بزانرێت، ئەمەش ئەرکى لەپێشینەى پەروەردەکارانیەتى وەک دایک و باوک، مامۆستا و ڕێنماییکار و قوتابخانە، بەدروستکردنى ژینگەیەکى گونجاو و دوورکەوتنەوە لەسزادانى منداڵ و راهێنانى لەسەر رێگا و شوێنە دروستەکانى گەیشتن بەئامانج و رێزگرتن لەبەها جۆربەجۆرەکان، کەم کردنەوەى ئاستى چاوەڕوانى لەمنداڵ و زیادکردنى لێهاتوویى و چاوەڕوان بوون لەسنورى تواناکانى خۆی، هەروەها بەهێزکردن بڕوابەخۆبوون و پشت بەخۆبەستن، دوورکەوتنەوە لەسەرزەنشتکردن لەبەردەم ئەوانى دیکەدا، لەناوبردنى ئەو هۆکارانەى دەبنە هۆکار بۆ پەنابردنى بۆ ئەو رەفتارە، بایەخ و گرنگیدان بەمنداڵ و ئاڕاستەکردنیەتى بۆ گەیشتن بەئامانج بەڕێگا دروستەکان و ڕێزگرتن لەمافى هەمووان، بەتایبەت پاراستنى ئەو ئەرک و ئەمانەتەى لەسەر شانیەتى….هتد.
لەکۆتایدا.. باشترە هەوڵ بدەین، ئەوەى بەدەستى دێنین خۆمان بین و لەسەر رێگایەکى ڕاست و دوور لەڕێگایەکى ناشرین و خراپ، چونکە ئەنجامەکانى هەرچەند بێت كۆتاییه‌كه‌ی بەتاڵ دەبێت.
سەرکەوتن بۆ هەموو فێرخوازان

كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

حه‌وت خاڵی گرنگ بۆ تەرکیز کردنی قوتابی

ئا؛ یوسف کمال هادی/ ڕێنماییکاری پەروەردەیی دروستكردنی پەیوەندی هاوڕێیانە لەگەڵ مامۆستا؛ بەر لە هەموو شتێک …