خواردنەوەی کھول و کاریگەریەکانی به‌شی (1)

میران ئاوات زوھدی/ دەروونناسی کلینیکی

لە زۆر شوێنی ئەم دنیایەی تیایدا دەژین بەکارھێنانی مادە ھۆشبەرەکان قەدەغەن و سزای توندیان لەسەرە، بەڵام خواردنەوەی کھول لە زۆر شوێنی دنیا ڕێگە پێدراون. لە کۆمەڵگای خۆماندا بەڕادەیەکی زۆر بەراورد بە ساڵانی پێشو بە شێوازێکی ترسناک و لەکۆنترۆڵ دەرچو دەخورێنەوە. من لەم چەند دێڕەدا تەنھا باسێک لە کاریگەرییەکانی کھول دەکەم لەسەر جەستە و مێشک، ھەوڵدەدەم بە کورتی ڕونی بکەمەوە بۆ خوێنەر کە چی لە جەستەدا ڕودەدات لەکاتی خواردنەوەی کھولدا.
ئەلکھول چیە؟
ئەو کھولەی لەناو شەراب، بیرە خواردنەوە قورسەکاندا ھەیە وەک ویسکی، عەرەق، ڤۆدکا و تکیلا و ھەتا دوایی بە ئێتانۆل ناودەبرێت، ئەویش کە مادە کیمیاییەکەی بەم شێوەیەیە C2H5OH. ئەم مادەیە لەکاتی “تەبەخورکردنی” پرۆسەی ھەڵاتنی میوەکەوە یان کەرەسەکانەوە دروست دەبێت، وەک چۆن ترێ ھەڵدێت بۆ شەراب.

کھول و جەستە
کھول مادەیەکە کە کار دەکاتە سەر ھەموو جەستە، لەسەرەتادا کە تاک بۆ یەکەمجار دەست پێدەکات بە رێژه‌یه‌كی کەم دەست پێدەکات و ھەست بە ئارامی و خۆشحاڵی دەكات، بە شێوازێکی ئەرێنی لە دنیا و کێشەکان دەڕوانێت. لەبەر ئەوەی کھول ماسولکەکانی لەش خاو دەکاتەوە تاک بە باشی و بە قوڵی دەخەوێت. بە بەردەوامبونی تاک لە بەکارھێنانی ئەم کھولە ئەم کاریگەرە ئەرێنیانە ڕوو لە کەمی دەکەن، تاک بۆ ئەوەی کە ھەمان كاریگه‌ری یەکەمجار وەربگرێت کە تازە دەستی کردبوو بە کھول خواردنەوە بەرە بەرە دەبێت رێژه‌كه‌ی زیاد بکات تا ھەمان كاریگه‌ری بداتەوە، تا دەگاتە ڕادەی یەک لیتر خواردنەوە ھەمان چێژ و کاریگەری جاران نابەخشێ. ئەمە جگە لە زەرەر و کاریگەرییە نەرێنیەکانی تری کە لەسەر جەستە بەجێی دێڵێت. بە تێپەڕبونی کات تاک توشی تێکچونی خەو، لەبیر چونەوە، خەمۆکی و کێشە دەروونییەکان و لاوازی سێکسی دەكات، بێ ئەوەی کە ھه‌ستی پێبکات ئاڵودەی كھول بوە.
ھەڵبەت لێردا تەنھا تیشک دەخەینە سەر جەستە و باس لە کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان بۆ کاتێکی تر جێ دەھێڵین.

سەره‌تا کە ئەم کھولە لە ڕێگای دەمەوە دێتە ناو لەشەوە، یەکەمجار دەچێتە گەدەوە، لە ڕێگای ئەو پەردە لینجەی بە دەوری ناوەوەی گەدەوەیە نزیکەی نیوەی ئەو کھولەی ھاتۆتە گەدەوە ھەڵدەمژرێت و دەڕژێنرێتە ناو خۆێنەوە، کاتێک کھولەکە دەگاتە ڕیخۆڵە باریکە باشێکی تریشی دەرژێنرێتە ناو خۆێنەوە.  پاش ھاتنی کھولەکە بۆ ناو خوێن لە کۆتاییدا کھولەکە دەگاتە جگەر و ئەویش ھەڵدەستێت بە پاککردنەوەی کھولەکە لە ھەندێ ئەنزیمی تایبەت (ئەنزیم؛ پێكهاته‌یه‌كی ئۆرگانیكه‌ كه‌ كارده‌كاته‌ سه‌ر هه‌ندێك پرۆسه‌ی كیمیاوییه‌كان بۆ نموونه‌ خۆراك هه‌رس كردن)، جگەر لەئاستێکی زۆر بەھێز و خێرادا کار دەکات تا فریا بکەوێت کھولەکە پاک بکاتەوە بەڵام فریا ناکەوێت. پاشان کھولەکە ئەگاتە مێشک و کاردەکاتە سەر ھەموو بەشەکانی مێشک. کھولەکە ناڕێکی دەخاتە شێوازی کار کردنی ڕەگە دەمارەکانی مێشک و ناردنی سیگناڵەکانەوە بەمەش تاک ھەست بە خەیاڵ بوون دەكات، بە بەردەوامبوونی لەسەر بەکارھێنانی کھول، پرۆسەی کارکردن و ناوەرۆکی خانەکانی مێشک دەگۆڕێت، بەو ھۆیەشەوە تاک توشی ئاڵودەبون دەبێت. بەردەوامبوون لەسەر بەکارھێنانی ئەم مادە ژەھراویە دەبێتە ھۆی بریندارکردن و نەخۆش خستنی جگەر و توشکردنی بە شێرپەنجە، دڵ و بۆریەکانی و مێشک. ئەگەری زۆری توشبوون بە شێرپەنجە و زەھایمەر.

كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

ئایا تۆ ڕۆڵی خۆت بینیوە لەم بارودۆخەی ئێستادا؟

عەبدوڵا تۆفیق/ پسپۆڕی ڕاهێنانە دەروونیەکان/ سوید با هەریەکەمان ڕۆڵی خۆی بزانێ و با ڕەفتارەکانی بەپێی …