پێگە و شکۆی قوتابی لە قوتابخانە و لە خێزاندا

یوسف کمال/ڕێنماییکاری دەروونی و پەروەردەیی

قوتابی یەکێکە لە گرنگترین پێکهاتەکان لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، وە لە ناوەند و چەق ی قوتابخانەدا ئامانجی سەرەکی و خاوەن بایەخی تایبەتە، چونکە  لە ڕێگای “قوتابخانە” وەک ناوەندێکی پەروەردەیی و فێربوون دنیادیدەی قوتابی بەرەو فراوانی دەچێت، وە هەروەها رۆشنبیری پەروەردەیی قوتابی گەشە دەکات قۆناغ بە قۆناغ تا دروست بوونی بیر و ئامانج و گەیشتن بە لووتکە. دواجار بەدەست هێنانی خود، ئەویش بەپێی تێپەڕبوونی کات و تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن.

زۆرکات بیرکردنەوەی هەندێک لە خێزانەکان،دایبابان بە شێوازێکە کە زۆرجار قوتابی و داهاتووی قوتابی و ژیانی قوتابیش دەخاتە مەترسییەوە، ویست و ئامانجیان دەخەنە پێش ویست و ئامانجی قوتابی و هەمیشە داوای بەدەست هێنانی نمرەی بەرز و باش و پلە بەرزی قوتابی دەکەن بە شێوازێکی نەرێنی،لە کاتیکدا ئەم لێکدانەوە و بیرکردنەوانە بەرامبەر بە قوتابی، فەرامۆشکردن و پشت گوێ خستنی توانا و بەهرە و حەز و ئارەزوو و ئامانجەکانی قوتابیە، بەرامبەر بە خودی قوتابخانە و هەروەها خودی خۆیەوە. ئەمە زۆر نالەبارتر دەبێت کاتێک بەشێک لە خێزانەکان بە هۆکاری کۆمەلێک پاساوی وەک پرکردنەوەی پێداویستی و نەبوونی کەمو کوڕی لە پێداویستی و لە ژیانی منداڵەکانیان، سەرزەنشت و زۆرجار ئازار و توندوتیژی بەکاردێنن دژ بە منداڵەکانیان کاتێک نمرەی بەرز بەدەست ناهێنن یا ئەو نمرەیە نەبوە کە ئەوان ویستوویانە، کە بەداخەوە دواتر رەنگە قوتابی لە تەمەنێکی منداڵی یا هەرزەکاری بیر و فکرەی نەرێنی و زۆرجار پەرچەکردار و وەڵامی زۆر خراپی هەبێ بۆ ئەم پاڵەپەستۆیە دەروونیە لەسەری. زۆرکات بەشێک لە مامۆستایانیش بەشدارن لەم هەڵە کوشندەیە کاتێک کە هەمان ڕێگای نەرێنی دەگرنەبەر و هەروەها نەزانین لە گەیاندنی پەیامەکان بۆ قوتابی، چونکە وەک دەزانین کۆمەڵێک ڕێگا و ڕێسای زانستی هەن بۆ چەسپاندن و گەیاندنی پەیام و بیرو فکرە ئەرێنییەکان بۆ قوتابی بە شێوازێکی ئەرێنی و کارتێکراو وەک دۆزینەوەی خولیا و ئامانجەکان، دواتر هاندان و پاڵپشتی ئەرێنی بەردەوام، هەروەها رەفتارکردن و گەیاندنی پەیامەکان بە شێوازێکی ئەرێنی و گونجاو لەگەل قوتابی.

بۆیە پێویستە پێگەی قوتابی لە قوتابخانە و لە خێزاندا بە گرنگی و بایەخەوە لێ ی بڕوانرێت، چونکە لە ڕەهەندی پەروەردە و هەروەها سایکۆلۆژیا چەند دیوێکی شاراوە لە ژیانی قوتابی دا هەن، کە پێویستە مامۆستا و خێزان و ڕێنماییکاران بەدوای دابگەڕێن و بیزانن تا بگەن بە چەقی توانا و بیر و ئامانج ی قوتابی و دواتر هاوکاریکردن و هاندانی قوتابی و کارتێکردن تا خۆدۆزینەوە و بەدەست هێنانی خود لای قوتابی، کە ئەویش خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە.

١- گۆشەنیگای قوتابی:

خاڵی سەرەکی و پێویست ئەوەیە کە بزانین قوتابی خۆی لە چ گۆشەنیگایەکی خوێندن و قوتابخانە دەدۆزێتەوە، ئایا توانا و لێهاتووییە شاراوەکانی لە چی بوارێک و لە چی وانەیەکە؟ ئایا کام بابەت و وانەی لا خۆشەویستە؟ تا زیاتر هانی بدەین وە لە هەمان کاتدا لە کامە بابەت و وانە هەست بە سستی و لاوازی دەکات؟ تا بەرەو باشتری ببەین، ئایا تا چەند ژینگەی دەروونی ئارام و لەبارە؟ بۆ گەشەکردن و فراوانی بیر و هۆش و ئارەزوو و ئامانجەکانی!، کە بێگومان پێویستە لەسەر خێزان و مامۆستایان هاوکار و هاندەر بن بۆ  ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار و گونجاو لە هەموو ڕوەکان کە لەم خاڵە و خالەکانی تر باسیان دەکەم. کە بێگومان هەموو ئەمانە دەبن بە پاڵنەر و پاڵپشتێکی تەواو بۆ قوتابی و دەبێتە هۆی درووست بوونی متمانە و بڕوابەخۆبوون، وە دواتر سەرکەوتنی بێ سنووری قوتابی.

٢- کەرامەت و کەسایەتی قوتابی
زؤركات لە سیمینار و لە خولەکاندا ئێمە وەک ڕێنماییکاران ئاماژە بە سایکۆلۆژیای قوتابی دەدەین لە ڕووی تەمەن و ڕەگەز، منداڵ و هەرزەکاران کە بێگومان جیاوازی لەنێوان هەموو ئەم گۆڕاوە دیمۆگرافیانە هەیە و پێویستە بەپێی قۆناغ و تەمەن هەڵسوکەوتیان لەگەل بکرێ چی لەلایەن خێزان و هەروەها مامۆستایانیش، چونکە زۆرجار بەهۆی وشەیەکی نەرێنی یا کاردانەوەیەکی نەرێنی خێزان و مامۆستا لە بەرامبەری ئەوا ڕوبەڕووی حالەتێکی دەروونی خراپ و زۆرکات گۆشەگیری و دارووخانی دەروونی دەبێتەوە، و هەست بە لاوازی پێگەی کەسایەتی و کەرامەتی خۆی دەکات لە بەرامبەر قوتابیان و هاوپۆل و هاو تەمەنی خۆی، تایبەت لە قۆناغی هەرزەکاری کە یەکێکە لە قۆناغە هەستیار و تایبەتەکان و مامەلەکردن لەگەل ئەم قۆناغە پێویستە بە هەستیارییەوە بێت، بۆیە پێویستە هەموومان لەبەرامبەر ئەو بەرپرسیاریەتیە پەروەردەیی و مرۆڤایەتیە بین بۆ ئێستا و داهاتووی قوتابی و هەرگیز لە کەرامەت و کەسایەتی قوتابی نەدەین، لەبەرامبەر ئەوە هەوڵ بۆ  درووست بوونی پێگەیەکی بەهێز و کەسایەتیەکی پێشەنگ بدەین، چونکە داهاتووی وڵات ئەوانن وە گرنگیدان پێیان خالی سەرەتای پەروەردەیەکی درووست و کاریگەرە.

٣-بەهرەی قوتابی:

لە پاڵ زانست و فێربوون و خوێندن، چەند تابلۆیەکی شاراوەی رەش و سپی هەن لە قوڵایی ناخ وتوانای قوتابی، کە پێویستە مامۆستایان و ڕێنماییکاران و خێزانیش درکی پێ بکەن و هاوکاریان بن لە بۆیەکردن و ڕازاندنەوەی ئەم تابلۆ شاراوانە، کە بریتین لە چەندان بەهرەی جۆراوجۆر و تایبەت، چونکە لە ناوەندی خوێندن دا جیا لە زانست و فێربوون و پەروەردە، بە ڕوانگەیەکی هەمەچەشن پێویستە گرنگی بە  دۆزینەوەی بەهرە شاراوەکانی قوتابی بدرێ  تا ببێتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی قوتابی، و دواجار حەزی خوێندن و خۆشەویستی بۆ قوتابخانە و مامۆستایان بەهێزتر بێت، دەتوانین بەهرەی قوتابی دابەش بکەین بۆ سەر دوو جۆر ئەوانیش (بەهرەی تایبەتی کە بریتین لە، وێنەکێشان، دەنگخۆشی،نواندن،هونەری بە گشتی، وەرزشی)..هتد وە هەروەها (بەهرەی زانستی، وەک بەهرەی ئامێر و تەکنەلۆژیا، تاقیگە و کەلوپەلی تاقیگەیی)..هتد

هەندێ کات بەهرە دەبێ بە ئامانج وئەگەر بێتە دی بۆ مرۆڤ ئەوا بێ گومان مرۆڤێکی سەرکەوتووی لێدەرەچێ لەم بووارە، وە زۆبەی کەسانی بەناوبانگ لە دونیا و تەنانەت لە ولاتی خۆشمان بریتین لە کەسانی ڕاگەیاندکار، وەرزشی، هونەری، نووسەر و ئەدیبان، کە ئەوانیش لەم بەهرە و پێگە جۆراوجۆرانە خۆیان دۆزیوەتەوە و بوونەتە کەسانی ناسراو و بەناوبانگ،

کەواتە بۆمان دەرەکەوێ و دەبێت ئەوە بزانین کە گرنگە پەروەردەکاران کە بریتین لە مامۆستایان و خێزانی قوتابی و ڕێنماییکران و ستافی کارگێڕی قوتابخانە هەمیشە هاندەر و پالپشت و پالنەری قوتابی بن و هەمیشە بە چاوی ئومێد و بایەخەوە لە قوتابیان بڕوانن تا قوتابی خۆشەویستی ماڵ و خێزان و قوتابخانە و مامۆستا و خودی خۆی  بەدەست بێنێت و بتوانێ پێگەیەک بۆخۆی دابنێت، هەروەها مامۆستایان و بەخێوکاران بەم هاندانە بتوانن رۆژانێک شانازی بەخۆیان و دلسۆزی خۆیان بکەن لە پێگەیاندنی تاکێکی سەرکەوتوو.

كۆمێنت و لێدوان

بابه‌تی تر

خواردنەوەی کھول و کاریگەریەکانی به‌شی (1)

میران ئاوات زوھدی/ دەروونناسی کلینیکی لە زۆر شوێنی ئەم دنیایەی تیایدا دەژین بەکارھێنانی مادە ھۆشبەرەکان …